رووداو- ئاژانسەکان
هەندێک کەس هەن سەرەڕای ئەوەی شەوانەش خەوێکی باش دەکەن، کەچی بە رۆژ هەمیشە هەست بە خەواڵوویی، گێژی و بێهێزی دەکەن. ئەگەر حاڵەتەکەت بە جۆرێکە کە کار لە ژیانی رۆژانەت دەکات، ئەوە سەردانی پزیشک بکە بۆ ئەوەى هۆکارەکەت بۆ دیاری بکات کە لەوانەیە یەکێک یان زیاتر بێت لەمانە:
1- کێشە لە رژێنی دەرەقی:
رژێنی دەرەقی کە لە ملدا هەڵکەوتووە، هۆرمۆنگەلێک دەردەدات کە کردەی زیندەپاڵ و کاری بەشێکی زۆر لە ئەندامانی جەستە رێکدەخەن. تەمبەڵی و کەمچالاکیی ئەو رژێنە وادەکات هەست بە ماندوویی و بێهێزی بکەی و لێدانی دڵت خاو ببێتەوە. ئەگەر زۆر چالاکیش بێت ئەوە هەر هەست بە ماندوویی دەکەیت، چونکە زیندەپاڵ خێرادەکات و پێداویستی بۆ ئۆکسجین زیاد دەکات و دڵەکوتە و هەست بە ماندوێتی دروستدەکات.
2- کەمیی ماددەی ئاسن لە جەستەدا:
ئەوانەی ئاسن لە جەستەیاندا کەمە، هەمیشە هەست بە ماندوێتیی دەکەن و توانای سەرنجدانیان کەمە. کەمیی ئاسن دەبێتە هۆی کەمخوێنی. لە کەمخوێنیشدا خڕۆکە سوورەکان ناتوانن بڕی پێویستی ئۆکسجین بگەیێننە خانە و شانەکانی لەش و بەوەش کەسەکە هەمیشە هەستدەکات بێهێز و ماندووە. سەرچاوە خۆراکییە دەوڵەمەندەکان بە ئاسن بریتین لە: سپێناخ، پاقلەمەنییەکان و گۆشت.
3- دەرمانی دژە هەستەوەری:
بەشێک لە دەرمانەکانی دژە هەستەوەری کە بە دژە-هیستامین ناسراون دەبنە هۆی گێژبوون و خەواڵوویی. راستە ئەو دەرمانانە هەستەوەرییەکە سەرکوت دەکەن، بەڵام کۆبوونەوەیان لە دەمارەخانەکانی مێشکدا دەبێتە هۆی گێژبوون. بۆیە پسپۆڕان رێنماییتان دەکەن ئەگەر ئەو جۆرە دەرمانانەتان بۆ دیاریکرابوو، شەوان پێش نووستن بەکاریان بهێنن و تاوەکو زۆر پێویست نەبێ یان پزیشک بۆتان دیاری نەکات، بە رۆژ بەکاریان نەهێنن.
4- کەم خواردنەوەی شلەمەنی:
توێژەرانی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی پەنسلڤینیا دەڵێن ئەوانەی بڕی پێویستی شلەمەنییەکان ناخۆنەوە، شەوان کەمخەو و رۆژان ماندوون. بەپێی رێنمایی ئەوان، دەبێت هەر کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست رۆژانە بڕە شلەمەنییەک بخواتەوە کە لە لیتر و نیوێک کەمتر نەبێ.
5- تووشبوون بە شەکرە:
هۆرمۆنی ئینسۆلین وا لە خانەکان دەکات شەکری خوێن وەربگرن و بیکەن بە وزەی پێویست بۆ جەستە. بەڵام ئەم پرۆسەیە لە تووشبووانی شەکرەدا وەک پێویست بەڕێوە ناچێت، ئەوەش بێهێزی و ماندوویی لێدەکەوێتەوە. بۆیە پسپۆڕان ئامۆژگاریتان دەکەن ئەگەر هەمیشە بێهێز و ماندوون، بیر لە پشکنینی شەکرە بکەنەوە.
6- تەمبەڵی و نەجووڵان:
جووڵان و هەڵمژینی هەوای خاوێن، وزە و چالاکیی دەدەنە جەستە، پێچەوانەکەشى راستە: ئەوانەی کەم دەجووڵێن و کەمتر هەوای کراوە و خاوێن هەڵدەمژن، هەست بە ماندوێتی و خەواڵوویی دەکەن.
7- کەمیی ڤیتامین B12
ئەو ڤیتامینە بەزۆری لە بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە، بۆیە رەنگە کێشەیەکی بەرچاوبێت لەوانەی گیاخۆرن. کەمیی ڤیتامین B12 دەبێتە هۆی کەمخوێنی، بێهزی و کەمتوانایی.
8- قاوە خواردنەوەی شەوان:
قاوە دەبێتە هۆی خەوزڕانی شەو، ئەوەش ماندوێتی رۆژی لێدەکەوێتەوە. بۆیە باشترە قاوە تەنیا لە بەیانیان و پێشنیوەڕوان بخۆیتەوە بۆئەوەی شەو خەوێکی قووڵ و ئارامکەرەوەت هەبێ.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ