هەشت هۆکاری دواکەوتنی سووڕی مانگانە

05-03-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سووڕی مانگانە، خانمان
A+ A-

 
رووداو - ئاژانسەکان 

دووگیانی تاکە هۆکاری دواکەوتنی سووڕی مانگانە نییە، تاوەکو بە نەبوونی ئەو، دواکەوتنی سووڕی مانگانە بە ئاسایی وەربگری، بەڵکو هۆکاری دیکەش هەن کە سووڕی مانگانە دوادەخەن. 
 
ئەمانە هەشت هۆکاری بڵاوی دواکەوتنی سووڕی مانگانەن: 
1- گۆڕانی کێش: 
گۆڕانی کێشی لەش جا بە زیادبوون بێ یان کەمبوون، سووڕی مانگانە تێکدەدات. پسپۆڕان دەڵێن لەدەستدان یان زیادبوونی کێشی لەش بە بڕی 10%، دەبێتە هۆی دواکەوتنی سووڕی مانگانە. لەدەستدانی کێش دەبێتە هۆی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی مێینە و زیادبوونی کێش دەبێتە هۆی زۆربوونی ئاستەکەی. هەریەک لەو دووانەش کار لە دابەزینی هێلکە و دروستبوونی سووڕی مانگانە دەکەن.  
2- وەرزشی تاقەتپڕوکێن 
وەرزشکردنی تاقەتپڕوکێن دەبێتە هۆی گۆڕانی ئاستی هۆرمۆنە سێکسییەکان. وەرزشی توند هەم راستەوخۆ هۆرمۆنەکان دەشێوێنێ هەم ناڕاستەوخۆ لە رێگەی گۆڕانکاریی بەرچاو لە کێش ئەو کاریگەرییەی دەبێت. 
 
3- گوشاری دەروونی: 
سەرقاڵییەکی نائاسایی و دۆخی تایبەتی ئاڵۆز هۆکارێکی دیاری دواکەوتنی سووڕی مانگانەیە. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کاریگەریی گوشاری دەروونی و هزری کاتییە و بە کۆتاییهاتنی گوشارەکە، سووڕی مانگانە رێکدەبێتەوە. 
 
4- هەندێک دەرمان: 
هەندێک دەرمان کە پزیشک بۆ چارەسەری حاڵەتێکی دیکە بۆی نووسیوی، سووڕی مانگانەت تێکدەدەن. 
دەرمانەکانی چارەسەری نەخۆشییە دەروونییەکان و دەرمانە کیمیاییە دژە شێرپەنجەکان لە نموونەی ئەو دەرمانانەن. هەروەک هەندێک رێوشوێنی رێگری لە منداڵبوونیش دەبنە هۆی کەمبوونەوەی سووڕی مانگانە.  لە سەرەتای راوەستاندنی حەبی دژە سکپڕى و تاوەکوو چەند مانگێک رێی تێدەچێ سووڕی مانگانە دوابکەوێ، دواتر خۆبەخۆ رێک دەبێتەوە. 
5- نەخۆشیی رژێنی دەرەقی: 
تەمبەڵیی یان فرەچالاکیی رژێنی دەرەقی دەبێتە هۆی تێکچوونی سووڕی مانگانە. واتە ئاستی هۆرمۆنەکە بەرزبێت یان نزم، سووڕی مانگانە تێکدەچێ. هەواڵە خۆشەکە لەمبارەیەوە ئەوەیە رژێنی دەرەقی تەمبەڵ بێ یان زۆر بزێو، دەرمان و رێگەچارەی دیکەی پزیشکیی هەیە کۆنترۆڵی بکات. 
6- نزیکبوونەوە لە سووڕی نائومێدی: 
ئەو ماوەیەی هێشتا سووڕی مانگانەت ماوە و نزیکبوویتەوە لەو تەمەنەی سووڕی مانگانەت بوەستێ، سووڕی مانگانە تێکدەچێ و هەندێک مانگ روونادات، یان درەنگ روودەدات. بەگشتی لە چلەکانی تەمەنەوە سووڕی مانگانە تێکدەچێ، بەڵام لە هەندێک خانمدا زووتریش روودەدات. لەو ماوەیەدا جگە لە تێکچوونی سووڕی مانگانە، هەندێک نیشانەی دیکەش دەردەکەون، وەک هاتنی تەزووی گەرمی بە لەشدا و تێکچوونی میزاج. ئەوانەی زۆر بە سەختی نیشانەی نزیکبوونەوە لە سووڕی نائومێدییان تێدا دەردەکەوێ، پێویستیان بە چارەسەری دەرمانی دەبێت. 
7- جەستە هێشتا لە گۆڕاندایە: 
بۆ کچانی نەوجەوان ئاساییە جارجار سووڕی مانگانەیان دوابکەوێ. جەستەی کچان کاتی دەوێ تاوەکو لەگەڵ ئەو گۆڕانە هۆرمۆنییە خێرایەی تازە روویداوە رابێت. 
 
8- ساڵی دوو جار ئاساییە: 
ئەگەر خانمێک سووڕە مانگانەکانی رێکبن، بەڵام ساڵانە یەک دوو جار رووبدات کە سووڕی مانگانەی لەکاتی خۆی روونەدات، ئەوە بە نەخۆشیی دانانرێت و حاڵەتێکی ئاساییە و پێویست بە نیگەرانی ناکات. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە