رووداو-پرۆجێكت سێندیكەیت
ساڵی 2010 مرۆڤایەتی پێی نایە قۆناخێكی نوێ. بەوەی بۆ یەكەمجار جۆرناڵی زانستیی "لانسێت"ی بریتانی بە پشتبەستن بە بەڵگەی زانستیی سەلماندی كە قەڵەوی مەترسییەكی گەورەتری تەندروستییە بۆ مرۆڤایەتی بە بەراورد بە برسێتی و بەدخۆراكیی.
ئێستا لەسەر ئاستی جیهانی 2,1 ملیار كەس (30%ی دانیشتووانی جیهان) كێشیان زۆرە یان قەڵەون. ئەوەش دوو ئەوەندە و نیوی ژمارەی ئەو منداڵ و گەورانەیە كە برسی و بەدخۆراكن. ئەم ساتەی ئێمەی تێدا دەژین قەڵەویی هۆكاری 5%ی حاڵەتەكانی مردنە.
ئەو تەنگژەیەی قەڵەویی ناویەتەوە، تەنیا مەترسییەكی راگوزەری تەندروستیی نییە، بەڵكو هەڕەشەیە بۆسەر ئابووریی جیهانیش. تێچووی ساڵانەی قەڵەویی گەیشتۆتە 2 تریلیۆن دۆلار. بەوەش ئەو زیانە ئابوورییەی قەڵەویی ناویەتەوە یەكسانە بە كاریگەریی نەرێنیی جگەرەكێشان، یاخود كاریگەریی نەرێنیی توندوەتیژیی چەكداریی، جەنگەكان، و تیرۆریزم.
گرفتی قەڵەویی بەرەو گەورەتربوون دەڕوات. ئەگەر ئاراستەكە وەك ئێستا بەردەوام بێت ئەوا پێشبینی دەكرێت ساڵی 2030 نیوەی دانیشتووانی جیهان كێشیان زۆربێت یان قەڵەو بن.رێكخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت تا ئێستا هیچ وڵاتێك نەیتوانیوە ئاراستەی كێرڤی قەڵەوبوونی كۆمەڵگە پێچەوانە بكاتەوە.
بەڵای قەڵەوبوون هەر بەرۆكی وڵاتانی پێشكەوتووی نەگرتۆتەوە. ئەو وڵاتانانەی ئابوورییان بەرەو بەهێزیی دەچێ و لە هەژاری رزگاریان دەبێت، دانیشتوانیان لە هەمانكاتدا قەڵەو دەبن، چونكە كالۆرییەكی زیاتر لە خۆراكەوە وەردەگرن. ئێستا 60%ی قەڵەوەكان لە وڵاتانی روو لە گەشەدان. لە وڵاتانی هیندستان و چین، رێژەی قەڵەوی لە شارەكاندا 3-4 هێندەی رێژەكەیە لە ناوچە گوندنشینەكاندا.
لە راستیدا بەڵگەكان دەری دەخەن وڵاتانی روو لەگەشە لە هەمووان زیاتر لە مەترسیی قەڵەوبوونی دانیشتووانیاندان. لەو وڵاتانەی پێشووتر خۆراك زۆر كەم بوو ئێستا بەشێوەیەكی زۆر بەربڵاو هەیە، رێژەی قەڵەویی بەشێوەیەكی ئێجگار زۆر لە زیادبووندایە.
لە وڵاتی دورگەی ناورو ناوەڕاستی سەدەی بیستەم پەرەسەندنێكی خێرا روویدا لە دەرهێنانی ماددەی فۆسفاتدا و ئابووری بەخێرایی پێشكەوت. ئەوەش وایكرد ئەو دوورگەیە لە دەڤەرێكی ناسراو بە كەمخۆراكی و برسێتییەوە بگۆڕێت بۆ پێشەنگی جیهان لە قەڵەویی و شەكرەدا. بەجۆرێك لەساڵی 2005 دا دەركەوت كە 94%ی پیاوان و 93%ی ژنانی دوورگەكە كێشیان زۆربوو ، 70%ی سەرجەمی دانیشتوانیشی پێناسەی قەڵەوییان بەسەردا چەسپا.
لەو وڵاتانەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتیی وەك پێویست نییە، تێچووی قەڵەوی دەكەوێـتە سەرشانی خێزان. بەوەش قەڵەوی دەبێتە هاندەری هەژاری و پەیدابوونی نایەكسانییەكی زیاتر.
چارەسەر:
لەنێو 500 رێوشوێنی چارەسەری قەڵەویدا، پەیمانگەی ماككینزیی جیهانیی 74 دانەی هەڵبژاردووە كە دەكرێت وەك چارەسەر بەكاربهێنرێن. لەنێو ئەو رێوشوێنانەدا دەتوانین ئاماژە بكەین بە ژەمەخۆراكی تەندروستانە بۆ قوتابخانەكان، داڕشتنی دیزاینی شارەكان بەجۆرێك كە هانی بەپێ رۆیشتنی خەڵكیی بدات، نووسینی زانیارییە خۆراكییەكان لەسەر پاكەتەكانی خۆراك بەشێوەیەكی گونجاو، سنورداركردنی ریكلامكردن بۆ ئەو خواردن و خواردنەوانەی كالۆرییەكی زۆر دەدەن، ئەوە جگە لە رێوشوێنی دارایی و باج.
هۆشیاركردنەوەی خەڵكی لە مەترسییەكانی قەڵەوی كارێكی گرنگە، هەروەك گرنگە هەركەس بەرپرسیارێتی پاراستنی تەندروستیی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بەوەی رێوشوێنەكانی خۆپارێزی ئەنجامبدات و چالاكیی جەستەیی بكات و كێشی داببەزێنێت.
بەڵام بەڵگە زانستییەكان دەری دەخەن نابێت تەنیا پشت بە تێگەیاندنی خەڵكی لە مەترسییەكانی قەڵەویی ببەسترێت بۆ سەركوتكردنی ئارەزووی زۆرخۆریی. پرسی زۆرخۆریی ئەم سەردەمە بەوە ئاڵۆزتر بووە كە ستایلێكی ژیانی ئەوتۆ هەیە كە بە تەمبەڵی و كەمجووڵان جیادەكرێتەوە.
خەڵكی ئەم سەردەمە پێویستیان بە یارمەتییە بۆ رزگاربوون لە قەڵەوی، ئەوەش لە رێگەی گۆڕینی ژینگە و سروشتی بڕیاردانیانەوە دەبێت. ئەوەش لە رێگەی كەمكردنەوەی قەبارەی ژەمەكان و گۆڕینی رۆتینەكانی بازاڕكردن و دیزاینكردنی شارەكان و دامەزراوە پەروەردەییەكان بەجۆرێك هانی خەڵكی بدەن چالاكیی جەستەییان هەبێت.
پەیمانگەی ماكینزی لەنێو ئەو 74 رێوشیۆنەی بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی هەڵی بژاردبوون، خەمڵاندنی بۆ كاریگەریی 44 دانەیان كردووە ئەگە بێتو لە وڵاتێكدا بە تەواوی بچەسپێنرێن. بۆ نموونە ئەگەر بریتانیا هەر 44 یان جێبەجێ بكات ئەوا یاریدەی گێڕانەوەی 20%ی دانیشتوانی كێش زۆر و قەڵەوی خۆی دەدات بۆ كێشی ئاسایی و تەندروست لەماوەی 5-10 ساڵدا.
دەستكەوتەكانی چارەسەری قەڵەوی
لەماوەی درێژخایەندا ئەو دەستكەوتەی لە ئەنجامی چارەسەری قەڵەویدا بەدەستدێت، زیاتر دەبێت لەو تێچووە داراییەی لە پلانی چارەسەردا بەكارهاتووە. چونكە چارەسەری قەڵەوی، تێچووی چاودێری تەندروستی كەمدەكاتەوە و توانای بەرهەمداریی خەڵكی زیاد دەكات. لە وڵاتێكی وەك بریتانیا، پلانی چارەسەری قەڵەویی ساڵانە 1,2 ملیار دۆلار بۆ دامەزراوەی تەندروستیی بریتانیی دەگێڕێتەوە.
پلانی گەورەی دەوێت
بۆ زۆرێك لە وڵاتان، بیركردنەوە لە چارەسەری قەڵەویی، پلانی نیشتیمانیی بەرفراوانی دەوێت، تەنانەت پێدەچێت پلانی نێەدەوڵەتیشی بوێت. نە حكومەت و نە بازرگانان و نە كۆمپانیاكانی بڵاوكردنەوەی خۆراك و نە چێشتخانە و نە خاوەنكار و سەرمایەداران و نە مێدیا و نە دامەزراوە پەروەردەییەكان و نە سیستمە تەندروستییەكان بە تەنیا ناتوانن قەڵەویی چارەسەر بكەن. بەڵكو دەبێت هەمووان دەست بخەنە نێودەستی یەك بۆ دانانی پلانێكی پتەوی بەرفراوان بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەڵەوی.
ئێستا لە جیهاندا ساڵانە بە بەهای 4 ملیار دۆلار وەبەرهێنان دەكرێت لە توێژینەوەكانی تایبەت بە قەڵەویدا، كە ئەوەش تەنیا 0,2%ی كۆی تێچووی قەڵەوی پێكدێنێت. لەكاتێكدا پێویستە زیاتر لەو بوارەدا خەرج بكرێت.
*نووسینی هەردوو پسپۆڕ ریچارد دوبس و بوید سنبێرن:
-ریچارد دوبس بەڕێوەبەری پەیمانگەی ماككینزی جیهانییە
-بوید سنبێرن مامۆستای زانكۆی ئۆكلاندە لەبواری خۆراكی دانیشتووان و تەندروستیی جیهانیی، هەروەها بەڕێوەبەری نێوەندی خۆپارێزییە لە قەڵەوی لە رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ