رووداو-مایۆكلینیك
كۆلێرا نەخۆشییەكی بەكتریایی گواستراوەیە، بەهۆی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو بە بەكتریای ڤیبریۆ كۆلێرا روودەدات. نەخۆشكەوتن بە بەكتریاكە دەبێتەهۆی سكچوونێكی توندی بێ ئازار، پیسایی كەسەكە وەك ئاو شلدەبێتەوە.
بەهۆی توندیی سكچونەكەوە، كەسەكە بڕێكی ئێجگار زۆری ئاو و خوێیەكانی جەستەی لەدەستدەدات و ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت دوورنییە كەسەكە لە چەند كاژێرێكدا بكوژێت.
كۆلێرا پەیوەندییەكی نزیكی هەیە بە خزمەتگوزارییە بنچینەییەكانەوە. زیاتر لە ناوچە پشتگوێخراوەكان روودەدات كە ئاو و ئاوەڕۆی رێكوپێكیان نییە. هەروەها لە كەمپەكانی خەڵكی ئاوارە و راگوێزراودا زۆرتر روودەدات، بەهۆی نزمیی كوالیتی خزمەتگوزارییەكانی ئاو و ئاوەڕۆ.
دوای ئەوەی بەكتریاكە دەگاتە نێو جەستە، مەرج نییە هەر خێرا نیشانەی نەخۆشییەكە دەربكەون بەڵكو 1-5 رۆژی دەوێت.
بەپێی ئامارەكانی رێكخراوی تەندروستیی جیهانی ساڵانە 1-4 ملیۆن كەس تووشی ئەم نەخۆشییە دەبن و 28-142 هەزار كەس بەهۆی هەمان نەخۆشییەوە دەمرن.
نیشانەكانی
1-سكچوون:
*سكچوونەكە توندە و لەماوەی 24 كاژێردا كەسەكە 10-15 لیتر ئاو دادەنێت.
*پیسایی كەسەكە وهك ئاوی برنج وەهایە، وەك ئاو روونە و خڵتەی وردی سپی تێدایە
*هەندێكجار پیسایی كەسەكە بۆنی ماسی دەدات.
2-رشانەوە
3-خێرابوونی لێدانی دڵ
4-وشكبوونەوەی پێست
5-وشكبوونەوەی لینجە پەردەكان، وەكوو نێو دەم و لێو و چاوەكان
6-دابەزینی فشاری خوێن
7-تینوێتی
8-ئازاری ماسولكەكان
9-نائارامی و جێگابەخۆنەگرتن (بەتایبەت لە منداڵان)
هۆكارەكەی
كاتێك بەكتریاكە بەهۆی خواردن و خواردنەوەی پیسبوو دەگاتە ریخۆڵە، دەست بە رشتنی ماددەگەلی ژەهرین دەكات و ئەوانەشن دەبنەهۆی سەرهەڵدانی سكچوونە توندەكە.
كێ مەترسی زیاتری لەسەرە؟
1-ئاوارە و پەنابەر و راگوێزراوان
2-ئەوانەی بەدخۆراكییان هەیە
3-ئەوانەی سیستمی بەرگری جەستەیان لاوازە
4-منداڵانی تەمەن 2-4 ساڵان
5-ئەوانەی ترشیی گەدەیان لاوازە، بە نموونە ئەوانەی زۆر دەرمانی دژە دڵەكزێ و برینی گەدە دەخۆن.
6-ئەوانەی گرووپی خوێنیان لەجۆری O یە
رێگاكانی گواستنەوەی نەخۆشییەكە
1-ئاوی چەم و بیر:
بەكتریای كۆلێرا بۆماوەیەكی دورودرێژ خۆی لەنێو ئاودا حەشاردەدات. بەتایبەت لەنێو ئاوی راوەستاوی وەك بیرە ئاوەكاندا. ئەو كەسانەی لە شوێنی قەرەباڵخ و نەبوونی ستانداردەكانی خاوێنی دەژین، زۆرتین ئەگەری تووشبوونیان هەیە.
2-ماسی و خواردنە ئاوییەكان: ئەگەر ئەو ئاوەی تێیدا بە بەكتریای كۆلێرا پیس بووبێت.
3-میوە و سەوزەی كاڵ:
میوەی پاكنەكراو و سەوزەی باش نەشۆراوە سەرچاوەیەكی دیاری كۆلێران. بەتایبەت ئەگەر بە ئاوی ئاوەڕۆ و پاشەڕؤی مرۆڤ ئاودرابن.
4-خواردنی كۆن و ساردەوەبووی گەرمنەكراوە
5-سەهۆڵی درووستكراو لە ئاوی پیسبوو بە بەكتریاكە
6-خواردنە ناخاوێنەكانی سەر شەقامەكان.
دەستنیشانكردن
بە پشكنینی تاقیگەیی دەتوانرێ بەكتریاكە لە پیسایی كەسەكەدا بینرێ.
چارەسەر
دەبێت لە زووترین كاتدا شلەی لەدەستچوو بۆ جەستەكەی كەسەكە بگێڕدرێتەوە. لەو حاڵەتانەی كە زۆر توند نین و كەسەكە توانای خواردنەوەی هەیە، پاودەری ORS دەدرێتە نەخۆشەكە دە لە ئاوی خوێندا دەیگرێتەوە و دەیخواتەوە.
ئەو پاودەرە شەكری گلوكۆز و خوێیە پێویستەكانی تێدایە و لەكاتی خواردنەوەیدا دەبێتە جێگرەوەی ئەوەی بە سكچوون و رشانەوە لەدەستدەچێ.
ئەوانەی سكچوونی توندیان هەیە و بەهۆی رشانەوەی زۆرەوە توانای خواردنەوەیان نییە، دەبێت لەڕێگەی كانیۆلاوە شلەیان پێبدرێت.
هەندێكجار پێویست بە پێدانی دەرمانی دژەزیندە دەكات.
رێگاگرتن لە تووشبوون
1-دەست شتن بە ئاو و سابوون:
بەتایبەت پاش چوونە توالێت و بەر لە دەستبردن بۆ خواردن. دەبێت لانیكەم 15 چركە سابوونەكە بە دەستتەوە بمێنێتەوە. ئەگەر سابوون بەردەستنەبوو، دەتوانیت گیراوه و جێڵە ئامادهكراوهخاوێنكەرەوەكان بەكاربهێنیت.
2-لە كوالیتی ئاوی خواردنەوەت دڵنیابە:
ئاوی خواردنەوەی ماڵەوە بكوڵێنە، یاخود ئاوی بوتڵ بەكارهێنە.
3-خواردنەكانت بەباشی بكوڵێنە بەر لە خواردنیان
4-لە سوشی و هاوشێوەكانیان دوربە
5-ئەو میوە و سەوزانە زیاتر بخۆ كە توێكڵدارن و خۆت پاكیان دەكەی:
وەك مۆز، پرتەقاڵ، خەیار و هاوشێوەكانیان. خۆت زەڵاتەی خۆت درووستبكە و بە گومان لەوەی لە رێستۆرانتەكان ئامادە دەكرێ.
پێكوتەی دژە كۆلێرا
ئێستا رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی سەرقاڵی تاقیكردنەوەی دوو ڤاكسین (پێكوتە)ی دژی كۆلێرایە. ئەگەر سەركەوتووبن، ئەوە بەر لە تووشبوون بە خەڵكی دەدرێ و ناهێلێت تووشی نەخۆشییەكە ببن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ