رووداو – elite daily
هاوسەرگیری شتێكی جوانە و مرۆڤایەتییەكی زۆری تێدایە، بەڵام بەرەبەرە خەڵكی لە بیرۆكەی پێكهێنانی هاوسەرگیری دووردەكەونەوە بەهۆی ئەوەی ژمارەی ئەو كەسانەی، كە تێیدا سەركەوتوونەبوون، رووی لە زیادبوونە، ئەمەش لە راستیدا كێشەی هاوسەرگیری نییە، بەڵكو كێشەیە لە خودی كەسەكان، كە بەهۆی ناپێگەیشتووییان یان كەمی زیرەكییان ناتوانن بەردەوامبن لە هاوسەرگیرییەكەیان و ئەو خۆشەویستییەی پێشتر بۆ یەکتریان هەبووە.
ئەمانە 11 پرسیارن، كە دەبێ ئەو كەسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەكەی بتوانێ وەڵامیانت بداتەوە :
1 - بۆچی منت خۆشدەوێت؟
ئەو كەسەی خۆشیدەوێیت دەبێت بتوانێت وەڵامێكی گونجاوت بداتەوە باوەڕت پێبهێنێت. وەڵامی "خۆشمدەوێی لەبەرئەوەی خۆشمدەوێیت"، یەكێكە لە خراپترین وەڵامەكان، چونكە ئەو كەسە دەبێت بزانێت بۆچی تۆی خۆشدەوێت و ئەگەر ئێستا نەیتوانی وەڵامت بداتەوە و باوەڕت پێبهێنێت، بیرلەوەبكەوە لە چەندین ساڵی داهاتوودا كاتێك بەیەكەوە بە تەمەن دەبن، چۆن دەتوانێت ئەو دڵنیاییەت لەلا دروستبكات!
2- بۆچی دەتەوێت ژیان لەگەڵ من بەسەرببەی؟
وەڵامی " لەبەر ئەوەی خۆشم دەوێیت" وەڵامێكی باش نییە، چونكە ژیان وەكو گەشتێكی دورودرێژ وایە و دەبێت هەردووكتان یەك ئامانجتان هەبێت و ئامادەبن یەك رێگا ببڕن، ئەوەی تۆ لەژیان دەتەوێت دەبێت هەمان شت یان شتێكی نزیكبێت لەوەی هاوسەری داهاتووت لە ژیانی لەگەڵ تۆدا، ئاواتی بۆ دەخوازێت.
3- ئایا ئەوەی لەتواناتدابێت دەیكەیت تاوەكو رۆمانسییەتی نێوانمان بە زیندوویی بهێڵیتەوە؟
هێشتنەوەی رۆمانسییەتی نێوانتان بە زیندوویی و بۆ هەتایە كارێكی ئاسان نییە، ئەمە شتێكی دەروونییە و سەختە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ ئەو كەسەی هاوسەرتە كەسێكی بەم شێوەیە رۆمانسیبێت، بۆیە دەبێت ئەو ئامادەییەی تێدابێت و زیندووهێشتنەوەی ئەو رۆمانسییەتە بكاتە یەكێك لە شتە سەرەكییەكانی نێوانتان.
4- ئایا تۆ تا کۆتایی لەگەڵ من دەبیت؟
زۆربەی ئەو كەسانەی، كە بەشێوەیەكی زۆر خراپ هاوسەرگیربییەكەیان كۆتایی پێدیت ئەوانەن، كە بە تێپەڕبوونی کات، لە هاوسەرەكانیان دووردەكەونەوە، چونكە پێیان وایە ئەوان هەموو شتێكیان بەیەكەوە كردووە و هیچ نەماوە بیكەن. پێویستە خەڵك ئەوە بزانن كە هاوسەرگیری كۆتایی نییە، بەڵكو سەرەتایە.
5- ئایا ئامادەی لە كاتی ناخۆش بمێنیتەوە؟
كاتێك بڕیاردەدەیت ببیتە هاوسەری كەسێك، دەبێت بڕیاریش بدەی، كە تۆ تاوەكو كۆتایی ژیانت لەگەڵ ئەو كەسەبیت، تێپەڕكردنی كاتە خۆشەكان ئاسانە لەگەڵی، بەڵام كاتی ناخۆش كاتێك كە تراژیدییایەك روودەدات ئەوەیان سەختە و دەبێت ئەگەر بڕیارتداوە لەگەڵ كەسێك بمێنیتەوە، ئەوا نابێت رێگا بە هیچ شتێك بدەی ئازاری پێبگەیەنێت.
6- ئایا دەتوانی لە کاتی دەمەقاڵێدا بێدەنگبی تاوەكو بتوانین بەردەوامبین؟
كلیلی هاوسەرگیرییەكی سەركەوتوو ئەوەیە تۆ هەرچەندە كەسێكبیت، كە حەز بە بردنەوە بكەیت، دەبێ ئامادەبی هەندێك جار لە شەڕەكانتاندا بێدەنگبی و رێگابدەی هاوسەرەكەت لە گفتوگۆكە بباتەوە، لەبەرئەوەی شەڕ و دەمەقاڵێ ناخۆشترە. ئەوەی دەشبێ بیزانی ئەوەیە، كە زۆربەی شەڕەكان لەسەر ئەوە نییە كێ لەسەر هەقە، بەڵكو لەسەر بیروڕاكانتانە و دەشكرێت ئەو رایە راستبێت یان هەڵە.
7- دەتوانی پەیمانی ئەوە بدەی، کە من بەردەوام گرنگترین بم لای تۆ؟
دەبێ هاوسەرەكەت لەوە دڵنیابێ، كە ژیان كورتە و ئەو دەتوانێ تەنیا بەدوای چەند شتێكی كەمەوە بێت، هەموو شتێك لە ژیان بەدەستنایەت، تۆش دەبێ یەكێك بی لەو شتانەی، كە بەردەوام گرنگترینن لە ژیانیدا.
8- ئایا دەبیتە دایك/ باوكێكی باش بۆ منداڵەكان؟
هەندێك شت هەیە پێویستییان بە بیركردنەوەی زۆر نییە، تەنیا بڕیاردانی دەوێت، ئەو كەسەی هاوسەرگیری لەگەڵ دەكەی دەبێ بڕیاری ئەوەی دابێت، كە ئەو دەبێتە هاوسەرێكی باش و باوك/ دایكێكی باش بۆ منداڵەكان.
9- ئایا بەبەردەوامی بیرم دێنییەوە چەندە خۆشت دەوێم؟
هەموو خۆشەویستییەك تاوەكو كۆتایی بەردەوام نابێت، بۆیە بۆ دڵنیاكردنەوەی هاوسەركەت بەوەی بەبەردەوامی پێی بڵێی خۆشمەدەوێی و نیشاندانی ئەو خۆشەویستییە لەرێگەی كارەكەت، یەكێكە لە گرنگترین بنەماكانی هاوسەرگیرییەكی سەركەوتوو.
10- ئایا ئامادەی من بژیێنی ئەگەر نەمتوانی خۆم بژیێنم؟
یەكێكە لە پرسیارە گرنگەكان و دەبێ هاوسەركەت ئامادەیی ئەوەی تێدابێ، کە هەردووكتان بژیێنێ و ئاگای لە خێزانەكەتان بێت. كاتێك تۆ بێكار و بێهێزی، دەبێ ئەوەندە هێزەی هەبێت، كە لەجیاتی هەردووكتان هەوڵبدات، تاوەكو بەهێز دەبییەوە و لەسەر پێی خۆت دەوەستییەوە.
11- پەیماندەدەی هەوڵ بۆ هیوا و ئاواتەكانی خۆت بدەی؟
دەبێ لەپێناو هاوسەرگیرییەكی سەركەوتوو لە هەندێك شت دووربكەوییەوە، بەڵام هەندێك شتی وەكو ئەو خەون و ئاواتانەی بۆ ژیانمان هەمانە بەهیچ شێوەیەك لە دڵ و دەروونمان لاناچن و پێویستە هەوڵی بەدیهاتنیان بدەین، تاوەكو بتوانین بەردەوامبین و هاوسەرەكەمان بە تێكدانی ژیانمان تۆمەتبار نەكەین لە كۆتاییەكەیدا و لە هیچ پاشگەز نەبینەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ