رووداو- هەولێر
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایدەگەیێنێت هۆکاری داخستنی نەخۆشخانەی بەخشین سیاسی نییە و پەیوەستە بە کەموکوڕییەکانیان لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، دەرمانی قاچاخیان لە نەخۆشخانەکە دۆزیونەتەوە.
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی لەمیانی لێدوانێکیدا لە مەڕاسیمی ساڵیادی 10 ساڵەی دامەزراندنی سەنتەری ژیانەوە لە سلێمانی، تایبەت بە رووداوی راگەیاند: "لەکاتی سەردانیکردنی نەخۆشخانەی بەخشین، لیژنەکانیان چەندین کەموکورتییان دەستنیشانکرووە، بەڵام ئیدارەی نەخۆشخانەکە بابەتەکەیان لە بابەتێكی ئیدارییەوە کردووە بە بابەتێكی راگەیاندن و سیاسی، لە راگەیاندنەکان واباسیدەکەن گرفتەکە پەیوەستە بە کەمی نرخ، لەکاتێکدا داخستنی نەخۆشخانەکە هۆکاری ئیداری و خراپی خزمەتگوزارییەکانی لەپشتەوەیە".
د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی روونیدەکاتەوە رۆژانە لیژنەکانیان سەردانی سەنتەر و نەخۆشخانە و بنکە تەندروستییە ئەهلی و حکومییەکان دەکەن، ئاشکرایدەکات لەمیانی سەردانیکردنی لیژنەکانیان چەندین گرفتیان دۆزیوەتەوە لە دەرمانخانەکانیان کە دەرمانی سڕکەری قاچاخن، هەروەها دەرمانی ساختەیان دزۆیوەتەوە کە رێگەپێنەدراون بۆ بەکارهێنان و نابێت بفرۆشرێن.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی ئاشکرایدەکات یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانیان بۆ داخستنی نەخۆشخانەکە ئەوەیە کە بەشێك لە کارمەندانی نەخۆشخانەکە، کە خۆیان لە نەخۆشخانەی حکومی کاردەکەن و نەخۆش دەنێرن بۆ نەخۆشخانەی بەخشین، بەبیانووی ئەوەی پێویستییەکان لە نەخۆشخانەی حکومی نین، بەڵام بابەتەکان بەردەستن و تەنیا بازرگاندیکردن بە نەخۆشەکانە.
هەورامی دەڵێت دۆسیەی نەخۆشخانەی بەخشین کە تێیدا دەرمانی قاچاخ و دەرمانی ساختە هەن، رەوانەی دادگا کراوە و دادگا بڕیاری یەکلاییکەرەوە لەبارەی نەخۆشخانەکە دەدات.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی هەروەها دەشڵێت داخستنی نەخۆشخانەی بەخشین پەیوەندی بە هەرزانی نرخ نییە و ئەوان هیوادارن کەمترین نرخ لە سەرجەم نەخۆشخانە و سەنتەرە تایبەتەکان بۆ خزمەتی نەخۆش دابندرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ