مەیکێشن

08-09-2015
ئیکرام حوسێن
نیشانەکردن ددان
A+ A-

حەوسەڵە و هێزێکی باشی دەوێت تا بتوانیت هەندێک کەس رازی بکەیت ددان نەکێشێت، ئێستا چارەسەری ددان گەیشتووەتە لووتکە، بەڵام خەڵکێک هەیە باوەڕی بە پڕکردنەوە و چارەسەرکردنی ددان نییە و بەلای ئەوەوە تاکە رێگای چارەسەر تەنیا کێشانە.

ددان شتێکە هەموو کات کارت پێی دەبێت، رۆژانە سێ ژەمە و هەر کاتێکیش کەسێک بیەوێت وتەیەک بفەرموێت، ددانەکانن کە یارمەتی دەدەن بۆئەوەی بەباشی قسە بکات.

هەموو کەسێک لە پێناو نەکێشانی ددانێکیدا دەبێت هەوڵ بدات، بۆ نموونە ئەگەر پزیشکێک گوتی چاک ناکرێت، بیگۆڕێت و بچێتە لای یەکێکی دیکە، مەرج نییە پزیشکەکەی یەکەم هەڵە بێت، بەڵام را هەیە و رایەکی دیکەش هەیە.

هۆکارەکانی کێشانی ددان لە زانستی نۆشداریی دەم و دداندا نزیکەی 22 هۆکارن، لەوانەش ئەگەر هاتوو ددانەکە بەهۆی کلۆربوونەوە بە شێوەیەک خراپ بووبوو کە رەگەکانی ددانەکە لە یەک جیا بووبوونەوە لە ددانە خرێکاندا، یان ئەگەر ددانەکە بەهۆی نەخۆشییەکانی پووک و پیس و پەڵۆخی خاوەنەکەیەوە کەوتبووە لەقین و تەنها بەشێکی کەمی لە نێو ئێسکدا مابووەوە، یان ئەگەر ددانێک بووبووە هۆی هەوکردنێکی زۆر و نەشتوانرا نەشتەرگەری بۆ بکرێت و مەترسی بڵاوبوونەوەی لێکرا بۆ شوێنە هەستیارەکانی دەوروبەری ددانەکان، یان هەندێک جار پزیشکی ددان بە مەبەستی زانستی و رێکبوونەوە یان رێککردنەوەی ددانەکان بڕیاری کێشانی ددانێک دەدات، لەو هۆکارانەش باوتر، کێشانی ددانی ژیرییە، کە کێشە دروستدەکەن و دەبنە سەرچاوەی ئازار یان بۆنی ناخۆشی ناودەم یان لارکردنی ددانەکانی دیکە.

ددانی خۆمە و دەیکێشم، ئەوە قسەی ئەو کەسانەیە کە قورسە بتوانیت بیانهێنیتە سەر ئەو رایەی ئازاری زۆر هەرگیز هۆکار نییە بۆ کێشانی ددان، ئازاری شەوێکیش بیانوو نییە بۆ کێشانی ددانێک، بەڵێ راستە ئازاری ددان ناخۆش و خەوڕەوێنە، بەڵام بێ چارەسەر نییە.

بۆ نموونە کەسێک پێداگیریی دەکات لەسەر کێشانی ددانێکی، پزیشکەکەش ناچار دەبێت ددانەکە بکێشێت، دوای ئەوە چی روودەدات؟
ئەگەر ددانی پێشەوە بێت و دەربکەوێت لە کاتی پێکەنین و ئاخافتندا، بێگومان کەسەکە هەوڵ دەدات ددانەکە بگەڕێنێتەوە، لەو کاتەشدا ددان خۆ بە دوعا نانووسێت بە پووک یان ددانەکانی دیکەوە، بۆیە دەبێت ددان دروستبکات، ئەگەر قەراغ و پیچاخی هەبێت، ئەوا دەبێتە هۆی دروستکردنی سەرچاوەیەکی بێزارکردن بۆ زمان، جگە لەوەی لە رووی جوانییەوە هەرگیز ناگاتەوە بە ددانی سروشتی، پاشان لەوانەیە بەکتریا لە خۆی کۆبکاتەوەو ببێتە هۆی کلۆربوونی ددانەکانی دیکەو لەناوبردنیان، ئەگەریش بیەوێت ددانەکە قەراخ و پیچاخی نەبێت، دەبێ ددانی جێگیر دروستبکات، بەوەش لەوانەیە دوای چەند ساڵێک دوو ددانی دیکە لەدەستبدات، جگە لە دروستکردنی بۆنی ناخۆش، ئەگەر باشترین چارسەریش هەڵبژێرێت کە چاندنی ددانە، ئەوا نزیکەی سێ یان چوار مانگی دەوێت، لە جیاتی ددانە سروشتییەکەش کانزایەک دەچێتە ئێسکەوە، هەروەها جووڵەی سروشتیی تێدا نابێت وەک ددانەکانی دیکە، ئابووریانەش هەریەک لەو چارەسەرانەی پێشوو خەرجییەکی زۆریان دەوێت.

کێشانی ددان با بڕیارێکی ئاسان نەبێت، خۆشتان بەدوور بگرن لە ددانساز و کەسانی نەشارەزا، کە ئەنیشنە مل و ددان دەکێشن بێ ئەوەی بیربکەنەوە لەوەی ئەو کەسە بە هۆی کێشانی ئەو ددانەیەوە دواتر تووشی چ دەردەسەرییەک دەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە