لە سلێمانی مامۆستایەکی زانکۆ "درەختی ژیان" دەچێنێ

08-10-2016
رەوا عەبدوڵڵا
نیشانەکردن ده‌رمان
A+ A-

رووداو- سلێمانی

مامۆستایەکی زانکۆ لە شاری سلێمانی جۆرە درەختێک دەچێنێ کە بە "درەختی ژیان" ناسراوە، چونکە وەک ئەو باسی دەکات، رەگ و قەد و گەڵا و گوڵی درەختەکە چارەسەری 360 نەخۆشی دەکەن.


ئەو درەختە نێوی مۆرینگا ئۆلیفێرا  (Moringa Oleifera)یە کە بە یەکێک لە درەختە سوودبەخشەکانی جیهان ناسراوە، هەر بۆیە زۆرجار بە "درەختی ژیان" ناوی دەهێنرێ.

نیشتیمانی درەختی مۆرینگا هیندستانە، بەشێوەیەکی فراوان لە ناوچە کەمەرەیی و نیمچە کەمەرەییەکانی ئاسیا و ئەفریقا و ئەمەریکای لاتین دەڕوێت، لە وڵاتانی  وەک تایلاند، مالیزیا، بۆرما و دوورگەکانی ماڵدیف و سریلانکا و کوبا گرنگیی تایبەت بە چاندنی دەدرێ.

ئەم درەختە 14 جۆری هەیە و بۆ یەکەمجاریش لەلایەن د.جەمال سەعید، مامۆستا لە کۆلێژی زانستی زانکۆی سلێمانی هێنراوەتە کوردستان. ئێستا لە ناوچەی قەرەداغ کێڵگەیەکی تایبەت بەو درەختە هەیە کە 1500 داری تێدا چێنراوە.

د.جەمال سەعید، ماوەی 30 ساڵ لە ئەڵمانیا و سوێد ژیاوە و ساڵی 2008 گەڕاوەتەوە کوردستان. دوو دکتۆرا و ماستەرێک و چوار دیبلۆمی لەسەر ئەندازەی بۆماوەیی هەیە. ئەو دەڵێت "لە ساڵی 1991 لەکاتی ئامادەکردنی تێزی دکتۆراکەم لە تایلاند ئەم رووەکەم ناسی، بەڵام ئەوکات لە ئەڵمانیا بووم بۆیە توێژینەوەم لەسەری دواخست، تا ئەوکاتەی گەڕامەوە کوردستان".

دوای گەڕانەوەی بۆ کوردستان، د.جەمال بیر لەوە دەکاتەوە ئەو رووەکە لە کوردستان بچێنێ. بۆ دۆزینەوەی جۆرێکی گونجاویش لەگەڵ کەشوهەوای کوردستان گەشتی وڵاتانی سینگاپوور، مالیزیا، تایلاند، دوورگەکانی ماڵدیف، سریلانکا و کوبا دەکات و شەش جۆر تۆوی جیاوازی مۆرینگا دەهێنێ و لە کوردستان دەیانچێنێ و توێژینەوەیان لەسەر دەکات.

دکتۆر جەمال سەعید دەڵێت "کەشوهەوای کوردستان لەگەڵ کەشوهەوای ناوچە کەمەری و نیمچە کەمەرییەکان کە شوێنی رەسەنی مۆرینگایە، جیاوازە، بۆیە بۆ دۆزینەوەی جۆرێکی گونجاو چەندین وڵات گەڕام، شەش جۆر تۆوی مۆرینگام هێنا، دوای سێ ساڵ توێژینەوە بۆم دەرکەوت تەنیا دوو جۆریان گونجاون، ئەوانیش ئۆلیفێرا و بێریگرینا، زیاتریش ئۆلیفێرا گونجاوە، بۆیە ئەوم پەسەند کرد".

د.جەمال ساڵی یەکەم 40 نەمام لە جۆری ئۆلیفێرا دەچێنێ، ساڵی دووەم 100 نەمامی دیکە بە رێگەی تۆو دەچێنێ، لەتشرینی دووەمی ساڵی رابردووش 2000 نەمام دەچێنێ و ئێستا نزیکەی 1500 درەختی مۆرینگای لە جۆری ئۆلیفێرا هەیە.

ئەم رووەکە لە گەشەدا زۆر خێرایە، ئەگەر کەشوهەواکەی گونجاو بێت، 8 مەتر بەرز دەبێتەوە. لە توێژینەوەکانیشدا دەرکەوتووە رووەکەکە بەرگەی پلەی گەرمیی بەرز و کەمئاوی دەگرێت، بەڵام بەرگەی ساردیی زۆر ناگرێ.

لەبارەی سوودەکانی ئەم درەختە، د.کۆچەر ئیسماعیل، هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە پزیشکیی دەرمانسازی بە (رووداو)ی گوت: "توێژینەوە دەریانخستووە ئەم رووەکە بۆ 300 حاڵەت و نەخۆشیی جیاواز بەسوودە، هەندێک پێیدەڵێن رووەکی موعجیزە".

 پزیشکە دەرمانسازەکە دەڵێ گەڵای ئەم رووەکە پڕە لە ڤیتامین، کانزا و دژەئۆکسێنی جیاواز و لە هەندێک وڵات وەک تەواوکەری خۆراک و بۆ دووربوون لە بەدخۆراکی بەکاردێ. جەختیش دەکاتەوە کە بۆ رێکخستنی شەکری خوێن، رێکخستنی چەوریی خوێن، شێدارکردنی پێست، لەنێوبردنی هەوکردن و رووبەڕووبوونەوەی ژەهراویبوون بە زەرنیخ بەسوودە.

سەبارەت بە چۆنێتی بەکارهێنانیشی، د.کۆچەر دەڵێت، دەکرێ بە فرێشی، بە کوڵاوی و هاڕاوەیی و رۆنی وەرگیراو لە رووەکەکە بەکاربهێنرێ، بۆ نموونە لەنێو زەڵاتە یان شۆربا بخورێ.

مەقسود خالید، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی لە هەولێر کە توێژینەوەی لەسەر ئەو رووەکە کردووە، بە (رووداو)ی گوت "ئەو درەختە بەرگەی پلەی گەرمیی بەرز تا سەرووی 50 پلە دەگرێت، گەشەی زۆر خێرایە و بەرگری بۆ نەخۆشی لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام هەر کاتێک لە زستاندا پلەی گەرمی بۆ خوار 6 پلەی سەدی دابەزێت درەختەکە لەنێودەچێت".  

بەپێی چەندین توێژینەوە دەرکەوتووە گەڵا و تۆو و رەگی درەختی مۆرینگا بۆ چارەسەر و خۆپاراستن لە نزیکەی 360 نەخۆشی بەکاردەهێنرێت کە دیارترینیان بریتین لە نەخۆشیی شەکرە، نەخۆشیی دڵ و خوێنبەرەکان، شێرپەنجە، ئازارەکانی بڕبڕەی پشت و جومگەکان، پێست، نەزۆکی، گرفتی سێکسی، هەوکردن، قەڵەوی و چەندین نەخۆشیی دیکە.

بەپێی توێژینەوەکان گەڵای مۆرینگا 46 جۆر دژە ئۆکسان و 36 جۆر دژە هەوکردنی تێدایە لەگەڵ 18 ترشی ئەمینی کە دەتوانن خانەکانی لەش لە بازدان بپارێزن، جگە لەوەش رێژەیەکی زۆر ڤیتامینی تێدایە.

د.جەمال سەعید دەڵێت: "بە هەزاران توێژینەوە لەسەر گەڵا، تۆو و رەگی مۆرینگا لەلایەن زانکۆ بەناوبانگەکانی جیهانەوە کراون و بە بەڵگەوە سەلمێنراوە ئەم درەختە بۆ چارەسەری و خۆپاراستن لە نزیکەی 360 نەخۆشی بەکاردەهێنرێت".

د.جەمال سەعید، ماوەی چەند مانگێکە دەستی کردووە بە لێکردنەوە و وشککردنەوەی گەڵای بەشێک لە درەختەکانی، بەگوتەی خۆی تاوەکو ئێستا توانیویەتی 85 هەزار کەپسولیان لێ بەرهەم بهێنێ.

دکتۆر جەمال دەڵێت "لە وشککردنەوەی شەش کیلۆ گەڵا، کیلۆیەک پاودەرمان دەستدەکەوێت، پاودەرەکە دەخەینە نێو کەپسول و بەخۆڕایی دەیدەین بەو کەسانەی بۆ چارەسەری نەخۆشییەکانیان سەردانمان دەکەن".

 گوتیشی: "لەو 85 هەزار کەپسوولەی دروستمان کردووە، 80 هەزاریمان بە خۆڕایی داوەتە 460 کەس کە سەردانیان کردووین".

 دکتۆر جەمال نموونە بەکاریگەریی کەپسولەکانی بۆ نەخۆشیی شەکرە دێنێتەوە و دەڵێت "نەخۆشمان هەبووە بەهۆی خواردنی چەند کەپسولێکەوە لە ماوەی 24 کاژێردا شەکرەکەی لە 400ەوە بۆ 110 دابەزیوە".

 تۆوی ئەو درەختە هاوشێوەی گەڵاکەی بەسوودە، بەهۆی ئەوەی 57%ی زەیتە و دەتوانرێت بۆ پیشەسازیی دەرمان و خۆراک بەکاربهێنرێ. د.جەمال دەڵێت "زەیتی مۆرینگا بە یەکێک لە زەیتە سوودبەخشەکان ناسراوە، چونکە لە کۆمەڵێک توخمی سروشتی پێکهاتووە و رێژەیەکی بەرزی لە ترشی ئۆلیکی تێدایە کە زۆر بە سوودە بۆ چارەسەری نەخۆشیی شەکرە".

سەنتەرێکی مۆرینگا لە سلێمانی


بۆ ئەوەی زۆرترین خەڵک بەخۆڕایی، یان بە نرخێکی کەم سوودمەند بن لە نیعمەتی ئەم درەختە، وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو رەزامەندی دروستکردنی سەنتەرێکی مۆرینگای لە پارێزگای سلێمانی داوە.

زانا محەممەد، بەڕێوەبەری توێژینەوەی کشتوکاڵی لە سلێمانی دەڵێت "دوای وەرگرتنی رەزامەندیی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ دامەزراندنی سەنتەرێکی مۆرینگا، پارچە زەوییەکمان لە کێڵگەی توێژینەوەی کشتوکاڵیی بەکرەجۆ بۆ د.جەمال دیاری کردووە، ئێستا لە قۆناغی دیزاینکردنی سەنتەرەکەداین".  

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە