رووداو- مێدیکاڵ نیوز تودەی
ژەهری مارێک کە زۆر کوشندەیە و بچێتە جەستەى هەر کەسێکەوە، ئیفلیجى دەکات، دەبێتە جێی ئومێدی زانایان بۆ دروستکردنی دەرمانێکی نوێی دژە ئازار.
ماری شینی مەرجانی، ژەهرێکی ئەوتۆی هەیە کە بەشێوەیەکی تایبەت و جیا لە مارەکانی دیکە، دەبێتە هۆی ئیفلیجکردنی نێچیرەکەی. ئێستا توێژەران دەڵێن ئەو تایبەتمەندی و جیاوازییەی ژەهرەکەی، جێی ئومێدە و رەنگە ببێتە هەوێنی دەرمانێکی نوێی دژە ئازار.
ئەو تیمەی لە ژەهرەکەیان کۆڵیوەتەوە، دەستەیەک بوون لە زانایانی ئوسترالی، چینی، سەنگاپووری و ئەمریکی. ئەنجامی توێژینەوەکەشیان لە جۆرناڵی زانستی "Toxins" بڵاوکردووەتەوە.
توێژینەوە لە ژەهری مار و زیندەوەرەکانی دیکە، دەریخستووە پرۆتینی ئەوتۆیان تێدایە کە کار لە چۆنێتی مامەڵە و هەڵسوکەوتی خانەکانی جەستەی مرۆڤ دەکەن. لیستی ئەو کاریگەرییانەی ژەهر لەسەر جەستەی مرۆڤ دروستی دەکات ئێجگار درێژە و 43 هەزار خاڵ لەخۆ دەگرێ. دەریشکەوتووە 173 هەزار زیندەوەر سوود لە ژەهر دەبینن وەک چەکی هێرشکردن و بەرگری لەخۆکردن.
ماری شینی مەرجانی لە باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەژی و یەکێکە لە جوانترین مارەکانی سەر رووی زەوی. رژێنی ژەهرەکانی ئەو مارە رەنگە گەورەترین بێ لەنێو هەموو مارە ژەهراوییەکان، بەجۆرێک دەگاتە چواریەکی کۆی درێژیی مارەکە.
کاتێک ژەهرەکە دەچێتە جەستەی نێچیرەوە، ئیفلیجی دەکات، جەستەی گەستراوەکە لە گرژی و رەپبووندا لەکاردەکەوێ. ئەوەش بەپێچەوانەی ژەهری مارەکانی دیکە کە جەستەی بەرامبەر شل و بێ جووڵە دەکەن.
توێژەران دەڵێن میکانیزمی کارکردنی ئەو ژەهرە لەسەر هەستە دەمارەکان، هاوشێوەی کارکردنی دەرمانە دژە ئازارەکانە، بۆیە ئومێد دەکەن ئەو ژەهرە بە هەندێک دەستکارییەوە ببێتە نەوەیەکی نوێ و کارا لە بواری کۆنترۆڵکردنی ئازاردا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ