توێژینەوە: دانانی باجی زیاتر لەسەر گۆشت ژیانی سەدان هەزار کەس دەپارێزێ

08-11-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن گۆشتی سوور، گۆشتی دەستکاریکراو
A+ A-


رووداو-سلێمانی

دانانی باج لەسەر گۆشت راستە نرخی ژەمە گۆشتییەکان گراندەکات، بەڵام لە هەمانکاتدا ژیانی 220 هەزار کەس دەپارێزێ و 41 ملیار دۆلار خەرجیی پزیشکی و تەندروستی کەمدەکاتەوە، توێژینەوەیەکی نوێ وادەڵێ.


ئەم ئامارانە پاش لێکدانەوەی ئەو بەڵگانە دەستکەوتن کە باس لە پەیوەندی نێوان زۆر خواردنی گۆشت و زیادبوونی ئەگەری توشبوون بە چەندین نەخۆشی وەکوو نەخۆشییەکانی دڵ، جەڵتەی مێشک، شێرپەنجە و شەکرە دەکەن.

سێ ساڵ لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا كە دەنگدانەوەیەكی جیهانیی بەرچاوی هەبوو، رێكخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند كە گۆشتی دەستكاریکراو یەكێكە لە هۆكارەكانی تووشبوون بە شێرپەنجە، هەروەك گۆشتی سووریش رەنگە ئەگەری تووشبوون زیاد بكات.

گۆشتی دەستكاریکراو گۆشتێكە كە بە مەبەستی زیادكردنی تەمەنی، یان گۆڕینی تامەكەی، هەندێك گۆڕانكاریی تێداكراوە. لە كۆمەڵگە سوننەتییەكاندا بە دووكەڵ قان دەدرێ, خوێیاوی دەکرێ، دەترشێنرێ، لە كۆمەڵگە پیشەسازییەكانیش لە قوتودەنرێ و ماددەی پارێزەری تێدەكرێ.

گۆشتی دەستکاریکراو بە بەشێكی بەرچاوی خواردنە خێراكان دادەنرێ، وەكوو: سۆسج، هۆتدۆگ، سالامی، گۆشتە جیاوازە لە قوتونراو و هەڵگیراوەكان.

توێژینەوە نوێیەکە

تیمێکی زانکۆی ئۆکسفۆرد لە بڕی ئەو باجەیان کۆڵییەوە کە ئەگەر بخریتە سەر گۆشتی سوور، ئەوە خەرجییە پزیشکی و تەندروستییەکان کەمدەکاتەوە.

د. مارکۆ سپرینگمان،سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، دەڵێ "سادەترین رێگا ئەوەیە باج لەسەر گۆشتی سوور زیادبکرێ تاوەکوو نرخەکەی گران ببێ و سەرەنجام کەمتری لێبخورێ".

توێژەرەکان دەڵێن بۆ ولاتێکی وەکوو بەریتانیا دەبێ باجی سەر گۆشتە دەستکاریکراوەکان بە راددەی 79% و باجی سەر گۆشتی سووری فرێش بە راددەی 14% دابنرێ.

بەڵام لە ئەمریکا دەبێ باجی سەر گۆشتە دەستکاریکراوەکان بە راددەی 163% و باجی سەر گۆشتی سووری فرێش بە راددەی 34% دابنرێ.

توێژەرەکان دەڵێن گرانکردنی گۆش بەو راددانە، وادەکات ساڵانە 220 هەزار کەس لە مردن رزگار بکرێن کە 6 هەزاریان لە بەریتانیا و 53 هەزاریان لە ئەمریکا دەبن.

هەروەک خەرجییە تەندروستی و پزیشکییەکانیش بە بڕی 41 ملیار دۆلار بۆ هەر ساڵێک کەمدەبنەوە، کە ملیارێکیان بۆ بەریتانیا و 20 ملیاریان بۆ ئەمریکا دەگەڕێنەوە.

تویژینەوەکە لە ژمارەی رۆژی 6ی ئەم مانگەی جۆرناڵی زانستی ( Public Library of Science ) بڵاوکراوەتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە