رووداو-سلێمانی
بەکارهێنانی دەرمانی مەڵتی ڤیتامین و کانزاکان، ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆرییەکانی خوێن و مردن بەو نەخۆشییانە کەمناکاتەوە، پێداچوونەوەی چەندین توێژینەوەی پێشوو گەیشتووەتە ئەو بەرەنجامە.
د. جوونسیۆک کیم، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە لە زانکۆی ئالابامای ئەمریکا، بە ئاژانسی (رۆیتەرز)ی گوتووە "هیچ بەڵگەیەکی زانستی نییە دەریبخات ئەم تەواوکەرە خۆراکییانە بۆ تەندروستی دڵ و لوولەکانی خوێن باش بن". دکتۆر کیم هیوادارە شرۆڤە زانستییەکەی ئەوان کۆتایی بە مشتومڕی تایبەت بە بەکارهێنانی ئەم کانزا و ڤیتامینانە بهێنێت.
لە وڵاتێکی وەک ئەمریکا ساڵی 2017 خەڵکی 36 ملیار دۆلاریان لەو دەرمانانە خەرجکردووە کە وەکو تەواوکەری خۆراکی ناسراون و پێکهاتوون لە کانزا و ڤیتامینەکان، چونکە هیواداربوون بەکارهێنانی کانزا و ڤیتامینەکان تەندروستییان بپارێزێ، لەوانە تەندروستی دڵ و لوولەکانی خوێنیان، بەڵام داتا دەستکەوتووەکان لە توێژینەوە زانستییەکانەوە بە دڵی ئەم کەسانە نین، چونکە لەو توێژینەوانەدا ئەو سوودانە نەبینراون کە گوایە لە ئەنجامی بەکارهێنانی کانزا و ڤیتامینەکان درووستدەبن.
دکتۆر کیم و تیمەکەی شەنوکەوی بەڵگە دەسکەوتووەکانی 18 توێژینەوەی پێشویان کرد کە لەسەر دوو ملیۆن کەس ئەنجامدراون و تێیدا لەوەیان کۆڵییەوە ئاخۆ بەکارهێنانی تەواوکەری خۆراکیی مەڵتیڤیتامین و کانزاکان رۆڵی هەیە لە کەمکردنەوەی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن؟
لە ئەنجامدا بەڵگەی زانستی نەبینرایەوە کە ئەو دەرمانانە سوودیان هەبێ لە رێگاگرتن بە تووشبوون بەو نەخۆشییانە. توێژەران گوتوویانە ئەو توێژینەوانەی باسی سوودی سنوورداری تەواوکەرە خۆراکییەکان دەکەن، ئەوانەبوون کە خواردنی سەوزە و میوەیان بە هەند وەرنەگرتووە، یان لە دەرەوەی ئەمریکا ئەنجامدراون و ستانداردە زانستییەکانی ئەمریکا نایانگرێتەوە.
د. سوزان روتینیاین لە ئەنستیتۆی پزیشکی کارۆلینسکای سویدی، کە بە چڕیی لە کاریگەرییەکانی تەواوکەرە خۆراکییەکانی مەڵتیڤیتامین و کانزاکانی کۆلێوەتەوە، و بەشێک نەبووە لە توێژینەوە نوێیەکە، بە (رۆیتەرز)ی گوتووە "بەهیوام ئەم ئەنجامە نوێیە هانی پزیشکان بدات چیدیکە ئەم تەواوکەرە خۆراکییانە بۆ کەسانی ئاسایی نەنووسن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ