رووداو- ئاژانسەکان
سووڕی مانگانە لە ئەنجامی داماڵرانی نێوپۆشی منداڵدان دروست دەبێت. هەرچەندە خوێنی سووڕی مانگانە بێزارکەر و هەندێک جار لەکات و شوێنی نەگونجاودا روودەدات، بەڵام ئەو سووڕە پێت دەڵێ کە کۆئەندامی زاوزێت بە باشی کار دەکات و جیا لەمە، رێکوپێکیی ئەو سووڕە زۆر جار بە "پەنجەرەی سەلامەتی" نێو دەبرێت و نیشانەی تەندروستیی ئافرەتە و پێچەوانەکەشی راستە.
"سووڕی مانگانەی ئاسایی" هەیە؟
نەخێر. چۆن کەسێتیی ئافرەتێک لە یەکێکی دیکە جیاوازە، سووڕی مانگانەی ئافرەتێکیش لە یەکێکی دیکە جیاوازە. لەوانەیە ئەم سووڕە لە ئافرەتێکدا سێ رۆژ بخایەنێت، کەچی لە یەکێکی دیکەدا لە هەفتەیەک زیاتر بخایەنێت و هەردووکیشیان ئاسایین. هەمان شت بۆ بڕی خوێنەکە و نێوانی سووڕەکانیش راستە. بەڵام ئەگەر هەمان ژن هەستی بە گۆڕانێکی بەرچاوی سووڕەکەی کرد لە رووی بڕی خوێن، ماوەی خایاندنی سووڕەکە، ماوەی نێوان سووڕەکان، ئەمەیان پێویستی بە لێکۆڵینەوەیە.
کەمبوونەوە یان وەستانی سووڕی مانگانە:
کەمبوونەوە یان وەستانی سووڕی مانگانە لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی دیکە دەگۆڕێت. لە بیستەکان و سییەکانی تەمەندا دەبێ یەکەم شت بیر لە روودانی سکپڕی بکەینەوە تەنانەت ئەگەر ئافرەتەکە مەنعیش بکات، بەڵام لە چل و پەنجاکانی تەمەندا زیاتر بیر لە نزیکبوونەوەی تەمەنی نائومێدی دەکەینەوە. ئەگەر تا 12 مانگ سووڕی مانگانەت نەهات، ئەوە چوویتە ناو تەمەنی نائومێدییەوە. تەمەنی ناوەندی بۆ دەستپێکردنی تەمەنی نائومێدی بریتییە لە چوونە تەمەنی 51 ساڵان. جیا لەمانە، وەرزشی زۆر توند، یان رێجیمی زۆر قورس، سووڕی مانگانە کەم دەکەنەوە.
جگە لەم هۆیە بەربڵاوانە، هەندێ شتی دیکەش دەبنە هۆی کەمبوونەوە یان نەمانی سووڕی مانگانە، وەکوو:
- نەخۆشیی رژێنی دەرەقی (غودە)، یان نەخۆشی رژێنی ژێر مێشک.
- نەخۆشیی هایپۆسەلەمەس (ئەو بەشەی مێشک کە سووڕەکە رێکدەخات)
- حەبی دژى سکپڕى
- گوشاری دەروونی
- فرەکیسی (وردەکیسی) هێلکەدان
- سستبوونی هێلکەدان و پەککەوتنی
- نەخۆشیی منداڵدان
سووڕی مانگانەی زیاتر لە ئاسایی:
زۆربەی ئافرەتان مانگانە 2-3 کەوچکی چێشت خوێن دادەنێن لە سووڕی مانگانەدا. ئەگەر پێشتر وانەبوویت و ئێستا مانگانە زیاتر لە 5 کەوچکی چێشت خوێنت لێدەڕوا، ئەمە بە نەخۆشی دادەنرێ. بەردەوامیی ئەم حاڵەتە تووشی کەمخوێنیت دەکات.
هۆیە بڵاوەکانی زۆریی سووڕی مانگانە:
- گرێی منداڵدان.
- لەبارچوون، یان چاندنى هێلکەی پیتێنراو لە دەرەوەی منداڵدان.
- هەندێ حەب و دەرمان وەک روونکەرەوەکانی خوێن و ستیرۆیدەکان.
- گۆڕینی جۆری حەبی مەنعەکەت.
- سستى لەش لە مەیاندنی خوێندا.
- شێرپەنجەی منداڵدان.
خوێنى نێوان سووڕەکان:
ئەمەیان نابێ پشتگوێ بخرێ و دەبێ پزیشکی لێ ئاگادار بکەیتەوە، زیاتر لەوانەی پێشوو.
هۆی ئەم حاڵەتە لەوانەیە سادە بێت، وەک بریندارییەک لە زێدا، لەبیرکردنی خواردنی حەبی مەنعەکەت. لەوانەشە مەترسیدار بێت وەک چاندنى هێلکەی پیتێنراو لە دەرەوەی منداڵدان، یان شێرپەنجە.
ئازاری زۆرى سووڕی مانگانە:
زۆربەی ژنان لەکاتی سووڕی مانگانەدا ئازاریان هەیە کە لە ئەنجامی کرژبوونی منداڵدان دروست دەبێت کاتێ دەیەوێ ناوپۆشەکەی فڕێ بدات. لە زۆربەی ئافرەتاندا ئازارەکە کەمە. لە هەندێکی دیکەدا ئازارەکە زۆرە و هاوڕێ دەبێت لەگەڵ ئازاری پشت و سەرئێشە و سکچوون و ئێڵنج و رشانەوە. لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئازارەکە بەهۆی خودی سووڕەکەوەیە، بەڵام دووریش نییە بەهۆی نەخۆشییەکەوە بێت وەک: گرێی منداڵدان.
کەی بچمە لای پزیشک؟
هەر گۆڕانێک لە ریتمی سووڕی مانگانەدا شایانی ئەوەیە وات لێبکات سەردانی پزیشک بکەیت. ئەگەر هەر کەمتەرخەمیشی، تکایە ئەم حاڵەتانە بە هەند وەربگرە و سەردانی پزیشک بکە:
- پێشتر سووڕەکەت رێکوپێک بووە و ئێستا ناڕێکە.
- چەند سووڕێک لەسەریەک، ماوەی نێوان سووڕەکانت لە 21 رۆژ کەمترە یان لە 35 رۆژ زیاترە.
- زیاتر لە هەفتەیەک بەردەوام خوێنت هەبوو.
- 12 مانگە سووڕی مانگانەت نەماوە، کەچی ئێستا دەستی پێکردووەتەوە.
- لە ماوەی کاژێرێکدا، زیاتر لە سانتییەک دەخووسێنی.
- لەنێوان سووڕەکاندا خوێنت هەیە.
- بە پێچەوانەی پێشترەوە، ئازارێکی توندت هەیە لەکاتی سووڕی مانگانەدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ