رووداو- مێدیکاڵ نیوز تودەی
ئەو گۆشتە زیادەیەی لەسەر پێستت هەستی پێدەکەی، لە ناوەڕۆکێک لە ریشاڵی کۆلاجینی و چەورییە خانە و دەمارەخانە و بۆڕیی خوێن پێکهاتووە و بە پێستێکی تەنک داپۆشراوە کە سەیریشی دەکەی پارچە گۆشتێکی قەبارە بچووکە (لە سەرە دەرزییەکەوە تاوەکوو دەنکە ترێیەک) و بە ملێکی باریک بەستراوە بە پێستی لەشەوە.
کێ تووش دەبێت؟
46%ی ژنان و پیاوان بەدرێژایی تەمەنیان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن، بەڵام زیاتر لە چەند گرووپێکی خەڵکاندا بڵاوە، وەک: دووگیانی، قەڵەوی، شەکرە، ئەوانەی کەسە نزیکەکانیان هەیانە.
زیادە گۆشتەکان زیاتر لە درزەکانی پێستی مل، بنباڵ، بنڕان، ژێر مەمک، رووکاری ناوەوەی باڵ و پێڵووی چاودا هەن.
زیانبەخشن؟
هەرچەندە پێکهاتەیان لە وەرەم و لوو دەچێت، بەڵام لەم رووەوە بێ زیانن، لەگەڵ ئەوەش زۆر جار کە دەلکێن بە خشڵەوە یان زۆر لە جل دەخشێن، یان کاتی تاشین دەبڕدرێن کەسەکە بێزار دەکەن و هەندێجار خوێنیان لێدێت و لەوانەشە دواتر تووشی هەوکردن ببن...
لە چییەوە تووش دەبین؟
تاوەکوو ئێستا هۆکاری تەواوی نەزانراوە، بەڵام تا ئەمڕۆ پسپۆڕانی پێست بیر لەمانە دەکەنەوە:
- لێکخشانی زۆری دوو رووی پێست لە یەکدى.
- هۆرمۆنەکان، وەک لەکاتی دووگیانیدا.
-کەمبوونەوەی هەستەوەریی خانەکان بۆ کاری ئەنسۆلین، وەک لە شەکرەدا.
- ڤایرۆسی HPV
- بەکارهێنانی ستیرۆیدەکان بە هەڕەمەکى بە تایبەتى ئەوانەى سەرقاڵى لەشجوانین.
- هەندێ توێژینەوە دەڵێن پەیوەندی هەیە لەنێوان پێستی زیادە و بەرزیی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن.
چارەسەر چییە؟
بەهۆی ئەوەی بێ زیانە، گۆشتی زیادە زیاتر بەمەبەستی جوانکاری لادەبرێ، ئەوەش بە یەکێک لەم رێگایانە و لەڕێگەی پزیشکەوە:
- لەنێوبردنی کارەبایی
- گەیاندنە پلەی زۆر نزمی گەرمی و مراندنی شانەکە بە نایترۆجینی شل
- گرێدان، ئەویش بە بەستنی و پچڕاندنی سووڕی خوێن بۆ گۆشتە زیادەکە.
- لابردن بە نەشتەرگەرییەکی بچووک
بە گشتی رێنمایی خەڵکی ناکرێ لە ماڵەوە و خۆبەخۆ گۆشتی زیادە لاببەن، چونکە ئەگەری خوێنبەربوون و هەوکردن هەیە، بەڵام ئەوانەی زۆر بچووک و وردن، دەکرێ هەر لە ماڵەوە لاببرێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ