نەوەیەکی نوێی دەرمانی دژە سیل درووستدەکرێ

12-09-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سیل، دەرمان
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژەرانی بەریتانیا دەڵێن دەرمانێکی نوێیان بۆ چارەسەری سیل درووستکردووە کە پشت نابەستێ بە پێکهاتەی دژەزیندە (ئەنتی بایۆتیک).


توێژەرەکان لە زانکۆی مانچستەر بوون و توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستی (Journal of Medicinal Chemistry) بڵاوکردووەتەوە.

دەرمانەکە پشت بە پێکهاتەی ئەنتی بایۆتیک نابەستێ، بەڵکو سیستمی بەرگری بەکتریا نەخۆشخەرەکە دەکاتە ئامانج و تێکی دەشکێنێ، بەو رێگایە تەنانەت ئەو جۆرانەش بەچۆکدادێنێ کە بەرگرییان لە دژی دەرمانە دژە زیندەکات پەیداکردووە.

دەرمانە نوێیەکە لەسەر بەرازی تووشبوو بە سیل تاقیکراوەتەوە و کارایی خۆی سەلماندووە.

تیمەکە هیوادارن لە ماوەی سێ تاوەکوو چوار ساڵی داهاتوودا دەرمانە نوێیەکە بۆ چارەسەری سیل لە مرۆڤیشدا بخرێتە بازاڕەوە.

لە 60 ساڵی رابردوودا تاکە چارەسەری سیل دەرمانی دژە زیندە بووە، بەڵام رۆژ بە رۆژ جۆری سەرسەختی بەکتریای سیل پەیدا دەبن کە چیدیکە گوێ نادەنە کاری دەرمانە دژەزیندەکان و بەرگری لە دژیان پەیدا دەکەن.

سیل تاوەکوو ئێستاش مەترسییەکی گەورەیە لەسەر تەندروستی مرۆڤ، بەجۆرێک ساڵانە دەبێتەهۆی مردنی 1.7 ملیۆن کەس و تەنیا ئەمساڵ 7.3 ملیۆن حاڵەتی نوێی سیل تۆمارکراون، گرفتی گەورەش پەیدابوونی جۆری سەرسەختی بەکتریای سیلە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە