هەشت رێنمایی بۆ ئافرەتی دووگیان

13-02-2015
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن دووگیانی، سكپڕی
A+ A-

د.سۆران محەممەد غەریب

1- جگەرە كێشان زیانێكی زۆر دەگەیەنێ بە كۆرپەلەو دەبێتە هۆی:
- كەمی كێشی منداڵ.
- لە بارچوونی منداڵ.
- مردنی منداڵ لە سكی دایكیدا.

2- وەرزش لەكاتی دووگیانیدا پێویستە بۆ چالاك كردنی سووڕی خوێن.
وەرزش لەم كاتانەدا زیانی هەیە:
- دایكەكە پێشتر منداڵی لە بارچووبێت.
- فشاری خوێنی بەرزبێت.
- سكەكەی دووانە بێت.
- پێشتر منداڵی بووبێت پێش كاتی ئاسایی خۆی.
هاتوو چۆ لە ناو ماڵدا هەر 2 سەعات جارێك پێویستە بۆ بەرگرتن لە مەینی خوێن لە ناو خوێنهێنەرەكاندا.

3- دەرمان
- بەكارنەهێنانی دەرمان بێ ئاگاداری پزیشك لەبەر ئەوەی زۆر دەرمان لە كاتی دووگیانیدا مەترسی بۆ سەر كۆرپەلە دروست دەكات.

4- جل و بەرگ: ئافرەتی دووگیان پێویستە جل و بەرگی فراوان لەبەر بكات و جل و بەرگی تەسك و پێڵاوی پاژنە بەرز بەكارنەهێنێ.
- خەو و پشوو دان: ئافرەتی دووگیان شەوانە بەلایەنی كەمەوە پێویستی بە 8 سەعات خەو هەیە و بە ڕۆژیش پێویستە 2 سەعات بخەوێت یان پشووبدات بەتایبەتی لە كاتی نیوەڕۆیان.
لەكاتی پشووداندا باشتر وایە ئافرەتەكە لەسەر تەنیشتی لای چەپ پاڵ بكەوێت كە ئەمەش سوڕی خوێنی كۆرپەلە چالاكتر دەكات.هەروەها ئافرەت نابێت كاری قورس بكات و خۆی ماندوو بكات و شتی قورس هەڵبگرێت.

5- پاك و خاوێنی:
ئافرەتی دووگیان پێویستە گرنگی بدات بە پاك و خاوێنی لەش و جل و بەرگ. هەروەها گرنگی دانی تەواو بە پاك و خاوێنی و تەندروستی دەم و ددان چونكە لە كاتی دووگیانیدا ڕێژەی كلۆربوون و هەوكردنی ددان و خوێن بەربوونی پووك بە ڕێژەیەكی زیاتر لە سروشتی ڕووئەدات.

6- خۆپاراستن لە نەخۆشی:
- گرنگی دان بە خۆراك.
- گرنگی دان بە پاك و خاوێنی هەروەك لەسەرەوە ئاماژەی بۆ كراوە.

7- كوتان دژی دەردەكۆپان:
ئەم كوتانە دایكەكەش و منداڵەكەش لەم نەخۆشییە ترسناكە دەپارێزێ چونكە منداڵی تووش بوو هیچ چارەسەرێكی نییە و تەنها بە كوتان لە مردن ڕزگار دەكرێت.

8- پشكنینی باری تەندروستی دایك لە كاتی دووگیانیدا:
دایكی دووگیان پێویستە بە شێوەیەكی دەوری سەردانی یەكەی چاوەدێری دایكان و منداڵان بكات بۆ چاوەدێری و بەدواداچوون بەم شێوەیەی لای خوارەوە:
- چوارهەفتە جارێك تاوەكو تەمەنی دووگیانی دەگاتە 32 هەفتە.
- دوو هەفتە جارێك تاوەكو تەمەنی دووگیانی دەگاتە 36 هەفتە.
- هەفتەی جارێك تا كاتی منداڵبوون.
ناسینەوەی نیشانەكانی دووگیانی:
- وەستانی خولی مانگانە.
- هێڵنج و ڕشانەوە.
- تۆخ بوونی ڕەنگی گۆی مەمك.
- گۆڕانی ڕەنگی پێست.
- زوو زوو میز كردن.
- گەورە بوونی مەمك و گۆڕانی.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە