رووداو- هەولێر
سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ رایدەگەیێنێت لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە شاری پزیشکی فاروق پشکنینی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ بەردەوامە.
د. مەتین عەبدولڕەزاق، سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ ئاشکرایدەکات، ژمارەی بەشداربووانی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ بەشێوەیەکی گشتی 9170 کەسە و ئەمڕۆ پشکنین بۆ بەشداربووانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە ژمارەیان 3227 کەسە دەکرێت.
د. مەتین عەبدولڕەزاق داوادەکات، هەموو بەشداربووانی سنووری پارێزگای سلێمانی کە تاوەکو ئێستا سەردانیان نەکردووە، لە شاری پزیشكی فاروق ئامادەبن بۆ پشکنین.
سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ روونیدەکاتەوە لە دوای سلێمانی رۆژی شەممە پشکنین بۆ بەشداربووانی دهۆک دەکرێت.
سەرپەرشتیاری پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ روونیدەکاتەوە، قۆناخی تۆمارکردنی ناوەکانی بەشداربووان کۆتاییهات، ئێستا قۆناخی پشكنینی بەشداربووان دەستپێدەکات و لەدوای پشكنین و دەرچوونی ئەنجامەکان، سەرکەوتووانی پرۆژەکە خەڵاتدەکرێن. گەورەترین خەڵاتی ئەمساڵی پرۆژەی ئەنتیتۆباکۆ ئۆتۆمبێلێک دەبێت، کە لەلایەن زنجیرە مارکێتەکانی تیممارت کە سپۆنسەری سەرەکی پرۆژەکەیە دابینکراوە.
ئەنتیتۆباکۆ زاراوەیەکی تەندروستی جیهانییە و بە مانای "دژەتووتن" دێت، بیرۆکە و جێبەجێکردنی پرۆژەکە هی دێسکی تەندروستی تۆڕی میدیایی رووداوە، لە ساڵی یەکەمدا زۆرتر لە ٣٥٠٠ کەس بەشداری پرۆژەکە بوون و وازیان لە جگەرەهێنا، ئەمساڵیش زیاتر لە 9000 کەس بەشدارییان کردووە و ناویان بۆ وازهێنان لە جگەرەکێشان تۆمارکردووە.
ژمارەی بەشداربووانی ئەنتیتۆباکۆ
کۆی گشتی بەشداربووان 9170 کەس
باشووری کوردستان
سلێمانی 3227 کەس
هەولێر 2350 کەس
دهۆک 1735 کەس
کەرکووک 417 کەس
هەڵەبجە 385 کەس
رۆژهەڵاتی کوردستان 335 کەس
رۆژئاوای کوردستان 173 کەس
باکووری کوردستان 228 کەس
وڵاتانی دیکە 320 کەس
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ