گوێز پارێزەری دڵ و دوژمنى شێرپەنجەیە

14-01-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن خۆراک، گوێز، شێرپەنجە
A+ A-

 
رووداو- DPA 


گۆڤاری (ئیللی) ئەڵمانی کە گرنگی بە تەندروستی و جوانی دەدات، دەڵێ یەکێک لە رێگاکان بۆ ئەوەی لە زۆر رووەوە تەندروست بی، ئەوەیە رۆژانە گوێز بخۆی، حەوت هۆکاریشی دیاریکردوون بۆ ئەو مەبەستە: 

 
1- هاوڕێی دڵە: 
گوێز دەبێتە هۆی دابەزاندنی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن و گوشاری خوێن، هەروەک نێوپۆشی بۆڕییەکانی خوێن تەندروست دەهێڵێتەوە و نەرم و نیانی بۆڕییەکانی خوێن دەپارێزێ. 
 
2- دژی شێرپەنجەیە: 
گوێز تەشەنەکردنی شێرپەنجە هێواش دەکاتەوە، دەرکەوتووە ترشە چەورییە سوودبەخشەکانی نێو گوێز کاردەکەن لەسەر هێواشکردنەوەی گەشەی شانە شێرپەنجەییەکان. 
 
3- مەترسیی شەکرە کەم دەکاتەوە: 
باشکردنی کاری بۆڕییەکانی خوێن و دابەزاندنی ئاستی چەورییە زیانبەخشەکانی خوێن، دەبنە هۆی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی نەخۆشیی شەکرە لەسەر کەسەکە. 
 
4- گەنجینەیەکە لە کانزا و ڤیتامین: 
گوێز پڕە لە پۆتاسیۆم، کالیسیۆم و مەگنیسیۆم. بۆ تەندروستی ئێسک و ماسولکەکان گرنگە. هەروەها دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەکانی B6 و E  کە بۆ تەندروستی و جوانیی پێست و موو پێویستن. 
 
5- توانای سەرنجدان زیاد دەکات: 
بەهۆی بڕێکی زۆری ڤیتامین (B)، گوێز وزە و چالاکیی بە مێشک دەدات، ئەوەش ئاستی سەرنجدان و توانا هزرییەکان زیاد دەکات، ئەوەش بەتایبەت بۆ کەسانی بەتەمەن گرنگە. 
 
6- دڵەڕاوکێ سەرکوت دەکات: 
بەهۆی پۆتاسیۆم و ترشەچەورییەکانەوە، گوێز ئاستی هۆرمۆنەکانی گوشار کۆنتڕۆڵ دەکات، هەروەک مەگنیسیۆم بۆ خاوکردنەوەی ئەو ماسولکانە گرنگە کە بەهۆی گوشار و دڵەڕاوکێوە گرژ دەبن. گوێز هەروەها هانی دەردانی هۆرمۆنی (میلاتۆنین) دەدات کە گرنگە بۆ خەوێکی هێمن و ئاسوودە. 
 
7- کلیلی باڵاڕێکییە: 
هەرچەندە گوێز گەرمۆکەیەکی زۆر دەبەخشێتە جەستە، بەڵام هەستی تێرییەکی تەواو و درێژ دەبەخشێ و ئارەزووی خواردن کەم دەکاتەوە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە