رووداو-دەیلی تەلەگراف
ژمارەی ئەو گەنجانەی بەدەست ئازاری پشت و ملەوە دەناڵێنن بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەوەش لە ئەنجامی ئەو شێوازی ژیانەی تەكنۆلۆجیای نوێ بەدیهێناوە.
پسپۆڕانی تەندروستیی گشتی لە بریتانیا دەڵێن ئێستا نزیكەی نیوەی گەنجەكان تووشی ئازاری مل و پشت دەبن، كۆمەڵەی كایرۆپراكتیكی بریتانی كە گرنگی بە گرفتەكانی بڕبڕەی پشت و پەلەكان دەدەن دەڵێن ئەو زیادبوونە لە ئازاری پشت و ملدا لە گەنجەكاندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە ژمارەیەكی بەرچاویان چەندین كاژێری كاتیان لەپشت شاشەی لاپتۆپ و مۆبایلەوە بەسەر دەبەن.
تیم هەچفوڵ چارەسەركار لە كۆمەڵەكە دەڵێت "زۆرێك لە خەڵكی وەك پێویست ئاگادار نین لەوەی مانەوە بۆ ماوەیەكی دورودرێژ لە هەمان باردا فشارێكی زۆر لەسەر پشت درووستدەكات".
هەچفوڵ هۆشداری دەدات "تەماشاكردنی دیسكتۆپ، تابلێت و سمارتفۆن، یاخود تەلەڤیزیۆن بێت گرنگە ماوە ماوە ناوبڕ وەربگریت تا ئەو فشارە زۆرەی لەسەر پشتت درووستبووە كەمی بكەیتەوە. چونكە دانیشتن لەچاو هەستانە سەرپێ، دوو ئەوەندە فشار لەسەر دیسكی نێوان بڕبڕەكان زیاد دەكات".
چی بكەین كاتێك شاشە بەكاردەهێنین؟
كۆمەڵەی كایرۆپراكتیكی بریتانی داوا دەكات لەكاتێك بەرامبەر شاشەن هەموو نیو كاژێرێك ناوبڕێك وەربگرن، زوو زوو خۆتان بكێشنەوە و نەهێڵن تینوو بمێننەوە.
ئەوانەی دیسكتۆپ بەكاردەهێنن، دەبێت هێڵی سەرەوەی شاشەكەیان لە ئاستی برۆكانیان بێت، هەروەك كورسییەكانیان بەجۆرێك دیزاین كرابێت كە ئەژنۆیان كەمێك لە حەوزیان بەرزتر بێت.
دانیشتن و ناچالاكیی بەردەوام كاریگەریی نەرێنیی زۆر لەسەر تەندرووستیی ئێسك و جومگە و ماسولكەكان درووستدەكات و نابێت وەرزشێكی نیو كاژێریی لە رۆژێكدا وەهات لێبكات بە ئاسوودەیی بۆماوەی دوورودرێژی بێ ناوبڕ لە بەرامبەر شاشە دابنیشیت.
زیانی دیكەشی هەن
جگە لەوانە، رۆژنامەی دەیلی تەلەگراف ئاماژەی بە چەندین زیانی دیكەی مۆبایل و كۆمپیوتەر و تابلێت كردووە، لەوانە:
1-دڵەڕاوكێ: بەهۆی زۆری نامە و ئەپدەیتە جیاوازەكانەوە كە بەكارهێنەر بەدوایاندا دەچێت.
2-قەڵەوی: چونكە ئەو ئامرازانە وادەكەن ماوەی دورودرێژ بەبێ چالاكی بەسەر ببەیت.
3-تێكچوونی خەو: كاتێك لەسەر جێگای نووستن ئەو ئامرازانە بەكاردەهێنیت.
4-تێكچوونی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان: باوكان و دایكان بەهۆی ئامرازەكانەوە كاتی پێویست نادەنە منداڵەكانیان و كاتی پێویست لەنێو خێزان نەماوە بۆ گفتوگۆ و خوێندنەوەی روخساری یەكدی
5-كەمیی توانای سەرنجدان: ئامرازەكان وامان لێدەكەن وەك پێویست سەرنج نەدەینە بابەتەكان و شتەكانی دەوروبەر
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ