كوردستان دژە ژەهری مارى نييه

14-05-2015
سەروەر سالار
نیشانەکردن مار
A+ A-

رووداو-سلێمانی

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی داوا دەكات سەرنجێكی زۆرتر بخرێتە سەر ئەو دانیشتووە گوندنشینە هەژارانەی جیهان كە ساڵانە دەیان هەزاریان بەهۆی پێوەدانی مار و هاوشێوەكانییەوە نەخۆشدەكەون و گیانلەدەستدەدەن، لە باشووری كوردستانیش تاوەكو ئێستا پۆلێنكردنێكی زانستیی بۆ مارەكان و پلەی مەترسیدارییان نییە، ئەو دژە ژەهرەش كە لە كوردستان بەكاردەهێنرێت  بەتایبەت دژی ماری كوردستان درووستنەكراوە، بەڵكو لە ئەمریكا و ئەوروپاوە هاوردە دەكرێت.

مەترسیی مار

بەپێی داتاكانی بەردەست رێكخراوی تەندروستی جیهانیی ساڵانە لەسەر ئاستی جیهان ژمارەی ئەوكەسانەی ساڵانە ماری ژەهرین پێیانەوە دەدات لە ملیۆنێك زیاترە و ئەوانەش كە بە هەمان هۆكار دەمرن لە سەد هەزار نزیكە.

ژەهری مار بەپێی جۆری مارەكە دەگۆڕێت و بە رێوشوێنی جیاواز زیان لە بەرامبەرەكەی دەدات. بەپێی ماڵپەڕی رێپتایڵ مەگەزین ژەهرەكان هەندێكیان خوێن شیدەكەنەوە، هەندێكیان دەمارەكان ئیفلیج دەكەن، هەندێكجاریش راستەوخۆ دڵ دەوەستێنن یاخود پرۆسەی هەناسەدان لەكاردەخەن.

دەرمانی دژە ژەهر، بریتییە لە ماددەی لەكارخەری ئەو ژەهرانە. بۆیە دەبێت بەپێی جۆری ژەهری مارەكە دژە ژەهری تایبەتیی پێبدرێت و لە زووترین كاتیشدا بدرێت بە نەخۆشەكە، بەرلەوەی ژەهرەكە كاری خۆی بكات و ژیانی كەسەكە بخاتە مەترسییەوە.

رێكخراوی تەندروستیی جیهانیی دەڵێت مەترسیی پێوەدانی مار لەوەدایە زیاتر لە ناوچە گوندنشین و هەژارنشین و دواكەوتووەكاندا هەیە. ئەو شوێنانەش هەم كەمتر نێوەندی پێشكەوتووی پزیشكیی و تەندروستی و دەرمانی دژە ژەهریان لێیە، هەم دانیشتووانەكەشی زێدەتر بڕوایان بە چارەسەری میللی و نازانستیی هەیە. بەو دوو هۆكارەش زۆرێك لەوانەی مار پێوەیان دەدات، درەنگ دەگەنە نێوەندە تەندروستییەكان و زۆركات لەكاتی پێویستدا دژە ژەهریان پێنادرێت و ئەوەش هۆكارێكی بەرچاوی مردنی ژمارەیەكی بەرچاوی خەڵكییە بەهۆی پێوەدانی مار.

لە باشووری كوردستان وەرزی نموونەیی دەركەوتنەوەی مارەكان، سەرەتای نیسان تاوەكوو كۆتایی ئابە.

كوردستان مارەكانی پۆلێن نەكردووە

پزیشكێكی پسپۆڕ دەلێت گرنگە پۆلێنێك هەبێت بۆ مارەكانی كوردستان، چونكە ئەوە كاریگەرییەكی زۆر لە شێوازی چارەسەر دەكات.

پرۆفیسۆر د.هیوا عومەر ئەحمەد پزیشكی پسپۆڕی نەشتەرگەری دەڵێت "كاتێك دەزانین كەسێك جۆرە مارێكی مەترسیدار پێوەی داوە، سەرنجێكی زیاتر دەخەینە سەر باری تەندروستیی و چارەسەری قورستری پێدەدەین و زۆرتر جەخت دەكەینەوە لەسەر دەستێوەردانی زیاتری پزیشكیی".

بەهۆی نەبوونی پۆلێنی تایبەتەوە، د.هیوا وەك هەوڵێكی تاكەكەسی هەستاوە بە پۆلێنێكی سەرەتایی مارەكانی پارێزگای سلێمانی و بەوەش تاڕادەیەك وێنەیەك دەداتە پزیشكان لەبارەی مەترسی ئەو پێوەدانانەی روودەكەنە نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی سلێمانی.

لەبارەی بنەماكانی پۆلێنەكەیەوە. د.هیوا بۆ (رووداو) گوتی "ئەو مارانەی كەڵبەدارن مانای وەهایە ژەهرینن، چونكە ئەو كەڵبەیە بەستراوە بەو رژێنەی ژەهرەكە دەردەدات و بەوەش كەڵبەكە دەبێتە نێوەندێكی گوازەرەوە بۆ ژەهرەكە". هەروەك لە پۆلێنەكەی د.هیوادا جوگرافیاش رۆڵی هەیە "لە پارێزگای سلێمانی، ماری ناوچە كەندەڵانەكان و ئەو ناوچانەی زەوییەكانیان فشە مەترسیدارن. بۆ نموونە ماری قەڵادزێ و هەڵەبجە و كەلار زۆرتر ژەهرینن".

پرۆفیسۆرەكەی نەشتەری گشتیی دەلێت پێویستە تیمی هاوبەش لە كۆلیژە پزیشكییەكانی كوردستان، یاخود بەڕێوەبەرایەتیەكانی تەندروستی درووستبكرێن و پۆلێن و ئەتڵەسێكی ستاندارد بۆ مارەكانی كوردستان دابنێن تاوەكوو یارمەتیدەربێت لە چارەسەرێكی زانستییانەی پێوەدانی مار لە كوردستان.

وەك لە بەڕێوەبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستییەوە پێیان راگەیاندن، پۆلێنكردنی مارەكان زیاتر كاری پزیشكانی ڤێتەرنەرییە. بەڵام ئەو پزیشكە ڤێتەرنەرییانەی پەیوەندیمان پێوەكردن، جگە لەوەی گوتیان هیچ توێژینەوەیەك لە كوردستان نەكراوە بۆ پۆلێنی مار، دەیانگوت لە كوردستاندا پزیشكی ڤێتەرنەری سەروكاریان لەگەڵ مار نییە و لە زۆر حاڵەتدا مارگرە میللییەكان لەو رووەوە شارەزاترن.

ماری كوردستان كەمتر مەترسیدارن

تیمێكی ئەمریكی كە لەگەڵ سەربازانی ئەمریكی لەساڵی 2003 هاتبوونە عێراق، توێژینەوەیان لەسەر مارەكانی عێراق كردبوو. بەپێی دەرەنجامی بەدواداچوونەكانی ئەوان، لە عێراقدا شەش جۆر ماری ژەهرین هەن كە بە زۆری لە بیابانەكان دەژین و بەپێی جۆرەكانین ژەهری شیكەرەوەی خوێن و ئیفلیجكەری دەماریان هەیە.

بەڵام د.هیوا عومەر دەلێت ماری كوردستان كەمتر لە ماری بیابانەكانی باشووری عێراق مەترسیدارن. "ئەو مارانەی لە ناوچە وشك و بێ بارانەكانن، ژەهرەكانیان زۆر خەستە. بەڵام زۆربەی ناوچەكانی كوردستان بەپێچەوانەی بیابانەكانی عێراقەوە، تەڕ و ئاو دارن. بۆیە لە كوردستان تەنانەت ئەگەر مارەكە ژەهرینیش بێت، هێندەی ئەوانەی بیابان مەترسیدار نییە".

دژەژەهری تایبەتمان نییە

ئەو دژە ژەهرەی لە كوردستان بەكاردەهێنرێت، لە ئەوروپا و ئەمریكاوە هەناردە دەكرێت. بەڕێوەبەرایەتی گشتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی دەڵێت درووستكردنی دژە ژەهری تایبەت، لە سەروو توانا تەكنیكییەكانی ئەوانەوەیە.

د.رزگار عەلی بەڕێوەبەری گشتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی بۆ (رووداو) گوتی "نەك كوردستان، بەڵكو عێراقیش توانای تەكنیكی لەو جۆرەی نییە بتوانێ دژەهرەی تایبەت بۆ خۆی درووستبكات ".

دەربارەی نەمانی ماوە ماوەی دژەژەهر لە چەند ناوچەیەكی كوردستانیش، د.رزگار دەڵێت كە دژەژەهر دەرمانێكی سادە نییە و تەنیا وەزارەتی تەندروستیی عێراق بە هەماهەنگی لەگەڵ رێكخراوی تەندروستی جیهانیی هاوردەی دەكات و بەسەر سەرجەم ناوچەكانی عێراقدا دابەشی دەكات، بۆیە هەبوون و نەبوونی زۆرتر دەكەوێتە ئەستۆی بەغدا.

دەربارەی دەنگۆی ناكارایی ئەو دژە ژەهرانەی لە كوردستان بەكاردێن، د.رزگار ئەوەی رەتكردەوە. "راستە دژە ژەهرەكانمان تایبەتمەند نین، بەڵام ئەو دژە ژەهرانە بۆ ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست درووستكراون نەك ئەوروپا و ئەمریكا و پێكهاتەكەیان بەجۆرێكە كە دژە ژەهری ژمارەیەكی زۆر لە مارەكانی رۆژهەڵات بن".

ئاماری كوردستان چی دەڵێت

لەگەڵ ئەوەی كوردستان ناوچەیەكی بەرچاوی گوندشین و جوتیاریی هەیە و بەوەش بەركەوتنی مرۆڤ و مار زۆرە، كەچی بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی، ژمارەی قوربانییان زۆر نییە.

ئازاد جەلیل لە راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە (رووداو)ی گوت "ساڵی رابردوو تەنیا سێ حاڵەتی مردن بە پێوەدان لە باشووری كوردستان لەلایەن وەزارەتمانەوە تۆمار كراون، دوو لە دهۆك و یەك لە سلێمانی".

رێكخراوی تەندروستی جیهانیی دەلێت لەبەرئەوەی قوربانییانی پێوەدانی مار لە ناوچە هەژار و دواكەوتوەكانن، بەشێكی بەرچاو لە مردنی خەڵكی بە پێوەدانی مار تۆمار ناكرێن و ناگەنە دەست دامەزراوە فەرمییە تەندروستییەكان.

مار بەرگری لەخۆی دەكات

گۆڤاری رێپتایڵ مەگەزین دەلێت، مار تەنیا كاتێك هێرش دەكات كە بكەوێتە بەر مەترسی. بۆیە مرۆڤ دەبێت خۆی دووربگرێت لە رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ مار، نەوەك بیكوژێت. پسپۆڕانی ژینگەیی قەڵاچۆكردنی مار بە هەڵە دەزانن، چونكە ماریش بەشێكە لە زنجیرەی نەپچڕاوی ژینگە و رۆڵی خۆی هەیە لە پاراستنی هاوسەنگیی سرووشت و ژینگە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە