دڵشکان حاڵەتێکی پزیشكیی راستەقینەیە

15-02-2018
سەروەر سالار
..
..
نیشانەکردن دڵشکان
A+ A-

پزیشکانی نەخۆشییەکانی دڵ دەڵێن بۆیان دەرکەوتووە دڵشکان حاڵەتێکی پزیشكی زانستییە و بە توێژینەوەی زانستی بۆیان دەرکەتووە دڵ دەشکێت. ئەوە جگە لەوەی کە قسەیەکە لەنێو خەڵکی هەیە بۆ ئەو کاتانەی کە یەکێك تووشی گرفتێكی دەروونی یان فشارێك دەبێت.

دڵشکان بووەتە جێگەی گرنگیپێدانی توێژەران و بەشێک لە پزیشکان و دەڵێن بەڵگەیەکی نوێیە لەسەر پەیوەندیی بەهێزی نێوان دەروون و جەستە.

ئەم حاڵەتە بریتیە لە حاڵەتێکی کتوپڕ و کورتخایەن لە ماسولکەکانی دیواری دڵ کە تێیدا بەهۆی گوشاری دەروونییەوە ماوسلکەکانی دڵ بۆ ماوەیەکی کورتخایەن دەکەونە بارێک گرژبوون و نائاسایی.

لە بابەتەکانی وەک دابڕانی خۆشەویستان و کێشە خێزانییەکان و ئەو بارودۆخانەی مەترسی لەسەر ژیان درووستدەکەن، لای چەپی دڵ بە شێوەیەکی نائاسایی گرژبوونەوە و خاوبوونەوە دەکات.

دەردانی کتوپڕ و بە هوروژمی هۆرمۆنەکانی گوشار، دڵ ناچاردەکەن بکەوێتە ژێر بارێکی ئەوتۆ کە تێیدا ناچاربێت زیاتر لە بارە ئاساییەکان خۆی ماندووبکات.

نیشانە جەستەییەکانی دڵشکان بریتین لە: سنگئێشە، هەناسەتوندی و تەنانەت پەککەوتنی دڵ.

دڵشکان جیاوازە لە جەڵتەی دڵ، بەوەی بریتییە لە کاردانەوەیەکی توند و بەهێزی جەستەیی لە کەسێکدا کە نیشانەکانی نەخۆشیی دڵی نییە. نیشانەکان کورتخایەن و کاتین و چارەسەریان ئاسانترە.

ئێستا بۆچوونێک لە نێوەندە پزیشکییەکاندا لە بەرەوپێشچووندایە کە بە پێویستی دەزانێت دڵشکان وەک یەکێک لە هۆکارە رێگاخۆشکەرەکان بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ هەژماربکرێ، واتە هاوکات لەگەڵ جگەرەکێشان، قەڵەوی، مەیخۆریی، هۆکاری بۆماوەیی، وەرزشنەکردن و هۆکارە کلاسیکییەکانی دیکەدا، ئاماژە بە دڵشکانیش بکرێ وەک هۆکارێکی رێگاخۆشکەر.

بەو پێیەی لایەنی سۆزداری کەسێک بۆ کەسێکی دیکە جیاوازە، بەشێک لە خەڵکی مەترسییەکی زیاتری دڵشکانیان بەردەکەوێ بەراورد بە کەسانی دیکە.

لە زانستی دەروونپزیشکیدا کەسانێک هەن بەوە جیادەکڕینەوە کە ئێجگار بێ ئۆقرە و تووڕە و نائارامن، ئەمانە رووبەڕووی زۆربەی لێکەوتە نەخوازراوەکانی دڵشکان دەبنەوە.

یۆگا و هەناسەی قووڵ و کەشە هاوشێوەکان کە دەبنەهۆی خاوبوونەوە و ئارامبوونەوە، رێگای گونجاون بۆ بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی دڵشکان.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە