کورد داهاتی "گەشتیاریی پزیشکی" لە ئێران بەرزدەکەنەوە

16-07-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن نەخۆشخانە
A+ A-


رووداو-  تاران، سلێمانی 

چەند کەسێک لەلایەن کارمەندانی فڕۆکەخانەوە هێنرانە نێو ئەو فڕۆکەیەى لە سلێمانییەوە بەرەو تاران دەفڕى، ئەوانە نەخۆش بوون و چاویان لە چارەسەرێکی باشتر بوو لە ئێران. لە گەڕانەوەشدا، جگە لەو جۆرە سەرنشینانە، خەڵکى دیکەش لە نێو فڕۆکەکەدا بوون کە توند نێوچەوانیان پێچابوو، سەریشیان پڕ برینی ورد ورد بوو، ئەوانە لە روواندنەوەی قژ تەواو بووبوون و بەرەو کوردستان دەگەڕانەوە. 


ئێستا بەشێکی بەرچاو لەوانەی نەخۆشن یان گومانی نەخۆشییان هەیە، بۆ دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشییەکەیان روودەکەنە ئێران، بەشێکیان دەڵێن نائومێد بووینە لە پزیشک و نەخۆشخانەکانى کوردستان، بەشێکی دیکەش لە ناچاریدا دەچن، پزیشکانیش دەڵێن چاولێکەری و رۆڵی خراپی مێدیا هۆکاری سەرەکین. 

لەنێو فڕۆکەخانەى سلێمانى یاوەری یەکێک لە نەخۆشەکان باسی مەبەستی سەفەرەکەیانی بۆ (رووداو) کرد. ئەو بڕوای نەبوو رۆشتنەکەیان موعجیزە بێ و باوکی بگێڕێتەوە دۆخی جارانی "هەر دەبوو بڕۆین لەبەر قسەی خەڵکی، هەرچی دەهات، دەیگوت ئەى بۆ نایبەن بۆ ئێران؟ دەترسین بەو نەخۆشییە بمرێ و ببێتە نەنگییەکی گەورە کە نەمانبردووەتە دەرەوە". 
 
(د.ش) پزیشکە و لە مەبەستى ئەو هاووڵاتییە باش تێدەگات، ئەو باوکی نەخۆشییەکی کوشندەی هەبوو کە لە هەموو جیهاندا هەمان چارەسەری هەبوو، بەڵام هێندە لە قسەی خەڵکی بێزار بووە، پەشیمانە لەوەی باوکی نەبردە دەرەوە و ئێستا لە ژیاندا نەماوە "رەنگە مردنەکەی باوکم هێندەی تانە و قسەی ئەو خەڵکە بە ئازار نەبووبێ، خۆ ناشکرێ یەک یەک بچی ئەو هەزاران خزم و کەسە تێبگەیێنی، بۆیە دەڵێم خۆزگە بمبردایە تەنانەت ئەگەر تاوەکوو سەرسنووریش بمایە". 
 
ئێستا داهاتی "گەشتیاری پزیشکی" لە ئێران لە هەڵکشاندایە، بە جۆرێک بەپێی ئامارێک کە ئاژانسی دەنگوباسی فارس بڵاویکردەوە، لە ساڵی 2012دا ژمارەی ئەوانەی بۆ دەستنیشان و چارەسەری نەخۆشی روویان لە ئێران کردووە 30 هەزار کەس بووە، کەچی ساڵی 2015 بەپێی ئاژانسی ئیرنا ژمارەکە گەیشتە نزیکەی 200 هەزار کەس، بەگوتەی بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ئێران، پلانیان هەیە ژمارەکە بگەیێننە 500 هەزار کەس! ئەوەش سەرچاوەیەکی باشی داهات دەبێ بۆ دەوڵەت. 
 
نەشارەزایی گرفتی گەورەیە 
 
بەشێک لە نەخۆشەکان بۆ هەندێک لە پشکنین و چارەسەری دەچن کە لە کوردستان نییە، ئەوانە لەلایەن پزیشکی کوردستانەوە رێنمایی دەکرێن و دەکرێ بگەنە شوێنی دروست، بەڵام هەندێکی دیکە بە پێچەوانەوە. 

لە زۆربەی حاڵەتەکاندا کۆمپانیا و گرووپی گەشتیاری خەڵکی دەبەنە دەرەوە و بە وردی لە سرووشتی نەخۆشیی کەسەکە و ئەو نەخۆشخانەیەی دەبێت چارەسەری لێ وەربگرێ، شارەزا نین "من بۆ نەخۆشیی دەمار باوکم هێنا و ئێمەیان هێنایە لای پزیشکێکی نەشتەرگەریی گشتی، بەشێک لەو کۆمپانیا و گرووپانە تەنیا لە خەمی وەرگرتنی پارەی خۆیاندان و باکیان بە چارەنووسی نەخۆشەکە نییە" ئەوە گوتەی سامانە کە بە نائومێدییەوە لە تاران دەگەڕایەوە. 

پزیشکێکیش ئاماژە بۆ بێسەروبەری و بەربڵاویی رێکلام دەکات بۆ پزیشک و نەخۆشخانەکانی دەرەوەی کوردستان.  

د.محەممەد بابان، پزیشکی جومگە و رۆماتیزم دەڵێ "چەندینجار من خۆم ریکلامم بینیوە لە دەوروبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتن و فێرکاریی سلێمانی بەسەر خەڵکدا دابەشکراوە و ئاماژە بە چەندین پسۆڕی و ئاسانکاری کراوە بۆ گواستنەوی نەخۆش بۆ ئێران". 

دەگوترێ ئەوانەی لە کوردستانەوە دەچنە دەرەوە بۆ چارەسەر، بەهۆی نەشارەزاییان پارەیەکی زۆریان لێ دەکێشرێتەوە. 

د.فەرید حەدداد، پزیشکی پسپۆڕ لە چاندنی گورچیلە دەڵێ "لە تورکیا بووم، لە نەخۆشخانەیەکی ئەنقەرە دەوامم دەکرد، دەمدی رۆژانە لە هەولێر و سلێمانی و دهۆکەوە نەخۆش دەهاتن، دەمدی چۆن پارەیان لێدەسەندرا، گاڵتەشیان پێدەکردن و دەیانگوت بیری نەوتیان هەیە هەموو ژمارەیەک زەربی چوار بکەن، واتە نرخەکە ئەوەندە زۆر بکەن لەسەریان". 
 
سیستمی تەندروستیی کوردستان پاڵنەرە 

ژمارەیەکی بەرچاوی پزیشکان سیستمی تەندروستیی کوردستان بە پاڵنەرێکی بەهێز دەزانن کە هەم کواڵیتی خزمەتگوزارییەکان کەمدەکاتەوە و هەم پەڵنەری نەخۆشە تاوەکوو بەدوای چارەسەری دیکەدا بگەڕێ. 

د.ئاڤار سەڵاح بە (رووداو) ی گوت "سیستمی تەندروستیی کوردستان و عێراق سیستمێکی کۆنە و تێیدا ئەولەوییەت بۆ نەخۆش نییە". 

د.ئیسرا شا محەممەد، پسپۆڕ لە خۆراکناسی، کە لە بەریتانیا پسپۆڕییەکەی خوێندووە، دەڵێ بە گشتی کورد بڕوای بەو باوەڕە هەیە کە دەڵێ "گڵی دوور دەرمانە، واتە تا دوورتر بڕۆی، چارەی باشتر هەیە"، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا نایشارێتەوە کە لە وڵاتانی دەرەوە لایەنی پەرستاری و خزمەتی نەخۆش و چاودێریکردنی باشترە "گرفتی سەرەکی کوردستان نەشارەزایی پزیشک نییە، بەڵکو لاوازیی چاودێری و پەرستارییە بۆ نەخۆشەکە لەکاتی مانەوەی لە نەخۆشخانە". 

بەشێک لە پزیشکانیش کەمیی مووچە و خراپیی بژێوی پزیشک بە هۆکاری سەرەکی پەنابردنى نەخۆشەکانى کوردستان بۆ پزیشکى بیانى دەزانن. 
دکتۆر پێشەوا غەفوور دەڵێ "پشتگوێخستنی توانای پزیشکانی خۆمان لەلایەن حکومەتەوە هۆکارێکی سەرەکییە، لێرە شێوازی ماندووبوون و پاداشتکردن پەیڕەو ناکرێ". 

پزیشکێکیش کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێ، بە (رووداو)ی گوت "تۆ دواى 25 ساڵ دکتۆرایەک دەهێنی کە دەبینی مووچەکەت 400 هەزار دینارە، ئیدى چۆن خولیاى پێشکەوتنت دەبێ". 

وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەک چاو تەماشای هەموو حاڵەتەکان ناکات و دەڵێ هۆکارەکان بەپێی هەر حاڵەتێک دەگۆڕێن. 
د.خاڵس قادر، گوتەبێژ و بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی تەندروستی بە (رووداو)ى گوت: "زۆربەى ئەوانەى دەچنە دەرەوە بەهۆى چاولێکەرى و پڕوپاگەندەی نادروستە، بەتایبەتی هەندێک میدیا نازانین مەبەستیان چییە کە کار لەسەر کەمکردنەوەی متمانەی نێوان نەخۆش و پزیشکان دەکەن". بەڵام بە گوتەی بەرپرسەکەی وەزارەتی تەندروستی "بەشێکیشیان وەک  بەشێک لەمافی خۆیان کە توانای ماددییان هەیە بۆ چارەسەر روودەکەنە دەرەوە، ئەوە شتێکی ئاساییە و لە هەموو دونیا هەیە". 

دوا گرووپ کە د.خاڵس باسیان دەکات ئەوانەن کە "بۆ هەندێک جۆری نەشتەرگەری کە لە هەرێمی کوردستان ناکرێت، یان پشکنینەکە لێرە نییە، بۆیە دەچنە دەرەوە". 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە