د. پشدەر عەبدوڵڵا ئیسماعیل*
رووداو- پزیشکی تۆ
یەکێك لە گرفتە سەرەکییەکانی خانمانی دووگیان شێوازی ژیانی رۆژانەیە، کە بە زۆربوونی تەمەنی دووگییانییەکەیان، ئەوانیش زەحمەتتر لەگەڵ کارەکانی رۆژانە خۆیان دەگونجێنن، بۆیە پزیشكان هەوڵدەدەن بەمەبەستی ئاسانترکردنی ئەم ماوەیە بۆیان، بەردەوام لە توێژینەوەدان.
گرفتێکی خانمانی دووگیان، شێوازی خەوتنیانە، لە نوێترین رێنمایی پزیشكانی خانمان و منداڵبوون هاتووە خەوتن لەسەرلا، واتە خەوتن لەسەر لای راست یان چەپ، لەگەڵ نووشتانەوەی کەمێک لە ئەژنۆ باشترین شێوازی خەوتنە بۆ خانمی دووگیان.
لە کاتی خەوتن لەسەرلا دەتواندرێت سەرین بۆ ژێر سک یان نێوان قاچەکان یان لە لەپاش پشت دابندرێت و ئەمەش ئاسوودەیی خانمەکە زیاتر دەکات و دەبێتە پاڵپشتییەک بۆی.
دڵەکزێ گرفتێکی خانمانە و لەکاتی دووگیانی بەهۆی زیادبوونی پەستانی نێو سک دروستدەبێت، بۆیە ئەگەر هەستتکرد دڵەکزێت هەیە ئەوا دەتوانیت لەسەر پشت بخەویت بەڵام بەمەرجێک دەبێت سەرت بەرز بێت. وە لەگەڵیدا خۆراکی زۆر شل لە ژەمی ئێوارە مەخۆ و هەوڵبدە دوو کاژێر پێش خەوتن هیچ نەخۆیت.
خەوتن لەسەر سک واتە بەدەمەوە بۆ ژنی دووگیان زۆر گرانە ئەویش بەهۆی گەورەیی سکی و ئازار لە مەمکیدا.
بۆچی لەسەر پشت خەوتن باش نییە بۆ خانمی دووگیان ؟
1- بە هۆی فشار خستنە سەر موولوولەکانی خوێن وا دەکات خوێن کەم بچێت بۆ لەش و هەروەها کۆرپەکەی.
2- ئازاری پشت دروستدەکات.
3- مایەسیری دروستدەکات.
4- ئاوسانی لەشی ژنی دووگیان.
5- دابەزینی فشاری خوێن لە کاتی هەستانە سەرپێ، ئەمەش دەبێتەهۆی سەرگێژ خواردن.
8- پرخە لە خەودا، کێشە لە کۆئەندامی هەناسەدا.
*پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی منداڵان



