پزیشكانی ئه‌ڵمانی: منداڵ بە دەرمان مەخەوێنن

17-01-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن نووستن، منداڵان، ده‌رمان
A+ A-


رووداو- DW

لە سەدەکانی نێوەڕاستدا دایکان و باوکان شەوانە کەوچکێک ماددە سەرخۆشکەرەکانیان بە منداڵەکانیان دەدا بۆ ئەوەی خەوێکی قووڵ و ئارامیان هەبێ، ئێستاش بە بەهانەی جۆراوجۆر ماددەی خەوێنەر لە شێوەی حەب و شروب بە منداڵان دەدرێ و پزیشکانیش لەو بارەیەوە هۆشداری دەدەن.

بەشێک لە پزیشکان لە ئەڵمانیا دەڵێن لێکەوتە نەخوازراوەکانی ئەو دەرمانانە، رەنگە لەوە زۆرتر بن کە دایکان و باوکان دەیبینن.
لە وێبلۆگە پەروەردەییە ئەڵمانییەکاندا دایکان و باوکان لە مشتومڕی بەردەوامدان سەبارەت بە بەکارهێنانی دەرمانە خەوێنەرەکان بۆ منداڵان. یەکێک لە خانمە ئەڵمانەکان لە وێبلۆگێکی ئەڵمانیدا نووسیویەتی "خۆزگە دەخوازم ئەگەر بۆ جارێکیش بێ شەوێک 8 کاژێر بخەوم، جەستەم ئێجگار ماندووە، بەڵام ناشمەوێ بە دەرمان منداڵەکەم بخەوێنم، تاوەکو خۆشم بە ئارامی بنووم". بەڵام یەکێکی دیکە دەڵێ "دەرمانی خەوێنەری منداڵ دوا بژارەی ناچاریم بوو بۆ ئەوەی خەوێکی خۆشم هەبێ".


پزیشکەکان چی دەڵێن؟

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی باڤاریای ئەڵمانی دەڵێ ژمارەی ئەو دایک و باوکانەی دەرمانی خەوێنەر بە منداڵەکانیان دەدەن، روو لە زۆربوونە. وەزیری تەندروستیی ئەو هەرێمە دەڵێ "دەبێ کۆتایی بەم دیاردە مەترسیدارە بهێنین. ئەو دەرمانانە وادەکەن منداڵان پێیانەوە ئاڵوودە ببن و بە تێپەڕبوونی کاتیش، کاریگەریی نەرێنییان لەسەر جگەر و گورچیلە دەبێ".

لەلایەکی دیکەوە، جۆزێف کال، گوتەبێژی رێکخراوی پزیشکانی نەخۆشییەکانی منداڵان لە ئەڵمانیا، گوتوویەتی "بەشێک لەو دەرمانانە دەبنە هۆی راوەستاندنی هەناسەی منداڵان، هەندێکجار ئەگەر تەنانەت بە بڕی کەمیش بدرێ".

کال هەروەها دەڵێ "90-95%ی ئەو منداڵانەی بە لێکدانەوەی دایک و باوکیان خەویان خراپە، تەندروستن و تەنیا ریتمی خەوتن و هەستانیان جیاوازە".

سەبارەت بەوەی پێدانی ماددە سەرخۆشکەرەکان سەلامەتە یان دەرمانە خەوێنەرەکان بۆ منداڵان، دکتۆر کال دەڵێ "نابێ هیچیان بەکاربهێنرێن، دایکان بۆ ئەوەی پشوویەکی باشتر بدەن، با داوای هاریکاریی لە کەسە نزیکەکانیان بکەن، نەک دەرمانی خەواندن بە منداڵەکانیان بدەن".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە