رووداو- سلێمانی
سوودەکانی سێکس بۆ دەروون و جەستە زۆر و زەوەندن، بەڵام پۆرتاڵى مێدیکاڵ نیوزتودەى، رۆژی 13ی ئەم مانگە پێداچوونەوەیەکی کردووە بۆ ئەو راپۆرت و توێژینەوە زانستییانەی باس لە سوودەکانی سێکس دەکەن (سێکسی نێوان نێر و مێ، یان خووە نهێنی) و لە 10 خاڵدا کورتى کردوونەتەوە:
1- بەرگریی جەستە بەهێز دەکات:
توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە هەفتانە 1-2 جار سێکسکردن دەبێتە هۆی زیادبوونی دژە تەنەکانی کۆئەندامی بەرگریی لەش بە رادددەی 30% و ئەوەش بەرگریی جەستە بەهێز دەکات لە دژی هەر تەنێکی نەخۆشخەر، بەڵام زۆرتر یان کەمتر ئەنجامدانی سێکس لەو راددەیە، سوودێکی وەها بەرچاوی نییە بۆ کۆئەندامی بەرگرى.
2- دەرمانە بۆ دڵ:
پرۆسەی سێکسکردن جۆرێکە لە وەرزش، وەرزشیش بۆ دروستیی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن گرنگە. جگە لەوە، لەکاتی ورووژان و ئۆرگازمدا لێدانەکانی دڵ خێرا دەبن و سووڕی خوێن چالاک دەبێ. توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەو پیاوانەی هەفتانە دوو جار سێکس دەکەن، ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی دڵ بە راددەی 45% کەمترە لەوانەی بە راددەیەکی کەمتر سێکس دەکەن.
3- گوشارى خوێن دادەبەزێنێ:
توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە باوەشلێدان دەبێتە هۆی دابەزاندنی گوشاری خوێن لە هەردوو رەگەزەکەدا. توێژینەوەیەکی دیکەش دەریخستووە ئەو خانمانەی لە ژیانی سێکسییان رەزامەندن و سێکس لەلایان چێژبەخشە، کەمتر تووشی نەخۆشی بەرزبوونەوەى گوشاری خوێن دەبن. دەبێ بزانین بەرزیی گوشاری خوێن لە هەردوو رەگەزدا حەز و توانای سێکسی کەم دەکاتەوە.
4 - سێکس دژە ئازارە:
سێکس بەگشتی دژی ئازارە و بە تایبەتیش سەرئێشە کەم دەکاتەوە. توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەنجامدانی سێکس دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی سەرئێشەی پەیوەست بە شەقیقە بە راددەی 60% و سەرئێشەی جۆری کڵاستەر بە راددەی 37%. توێژەران دەڵێن سێکس لە رێگەی هاندانی دەردرانی ماددەی ئیندۆرفینەوە خاسیەتی دژە ئازاری هەیە. ئیندۆرفین دژەئازارێکی سروشتییە و کۆئەندامی مێشک و دەماری مرۆڤ دەری دەدات.
5- شێرپەنجەی پرۆستات کەم دەکاتەوە:
دەرچوونی تۆوی پیاو، مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجەی پرۆستات کەم دەکاتەوە کە لە بڵاوترین جۆرەکانی شێرپەنجەیە لە پیاواندا. توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەو پیاوانەی لە هەفتەیەکدا دوو جار تۆو فڕێدەدەن، ئەگەری تووشبوونیان بە شێرپەنجەی پرۆستات بە راددەی 33% کەمترە بەراورد بەوانەی لە مانگێکدا تەنیا 4-7 جار تۆو فڕێدەدەن. بە بڕوای بەشێک لە توێژەران، هۆکارەکە ئەوەیە لەگەڵ دەرپەڕاندنی تۆودا، پرۆستات خۆی خاوێن دەکاتەوە لە ماددەکانی دروستکەری شێرپەنجە.
6- سێکس خەوت خۆش دەکات.
لە هەردوو رەگەزدا ئەنجامدانی سێکس هاوکاتە لەگەڵ دەردانی چەندین ماددەی کیمیایی لە جەستەدا کە یارمەتى ئارامبوونەوە و نووستن دەدەن لە دوای سێکس، لە نموونەی ئەو هۆرمۆنانە: ئۆکسیتۆسین، دۆپامین و ئیندۆرفین. توێژینەوەیەک دەریخستووە، لە خانماندا جگە لەو ماددانە، سێکس هانی دەردانی هۆرمۆنی ئیسترۆجین دەدات کە هانی خەوتن دەدات. لە پیاوانیشدا دوای ئەنجامدانی سێکس ئەو بەشەی مێشک خامۆش دەبێ کە بەرپرسە لە سەرقاڵیى مێشک و بەئاگایی، بەوەش خەوێکی قووڵتر و ئارامتر دەنوێ.
7- -دژی گوشاری دەروونییە:
گوشاری دەروونی بەرپرسە لە چەندین گرفتی تەندروستی، هەر لە سەرئێشە تاوەکوو خەوزڕان، گرژبوون و ئازاری ماسولکە، گرفتی گەدە، لاوازیی کۆئەندامی بەرگری و رێگەخۆشکردن بۆ تووشبوون بە خەمۆکی. توێژینەوەیەکى زانستی دەریخستووە سێکس دژی گوشاری دەروونییە و بە تایبەتیش دژی هەر بەرزبوونەوەیەکی گوشاری خوێنە کە بەهۆی گوشاری دەروونییەوە رووبدات. توێژەران دەڵێن دەردرانی هۆرمۆنی ئۆکسیتۆسین هۆکارە بۆ ئەو کاریگەرییە ئەرێنییەی کە سێکس لەسەر باری دەروونی هەیەتی، چونکە ئەو هۆرمۆنە ئارامکەرەوەیە و دژی هەڵچوون و گوشاری دەروونییە.
8- مێشک و یادەوەری بەهێز دەکات:
توێژینەوە زانستییەکان دەریانخستووە ئەنجامدانی سێکس توانای ئەزبەرکردنی زانیاری و بیرکردنەوەی زانستی بەهێز و کارا دەکات و یادەوەری مرۆڤ بەهێز دەکات.
9- تەمەن درێژ دەکات:
توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەو پیاوانەی زوو زوو دەگەنە ئۆرگازم، ئەگەری مردنیان بە راددەی 50% کەمترە لەوانەی کەم دەگەنە ئۆرگازم. توێژینەوەیەکی دیکەش دەریخستووە زۆر ئەنجامدانی سێکس لە پیاوان و خانمانیشدا هۆکارێکی تەمەندرێژییە.
10- متمانەبەخۆبوون بەهێز دەکات:
توێژینەوەیەکی زانستی دەریخستووە ئەنجامدانی سێکس، هەستی باشبوون زیاد دەکات و متمانەبەخۆبوونی کەسەکەش بەهێز دەکات، بەڵام بەشێک لە توێژەران دەڵێن رەنگە دیوێکی دیکەی ئەمەش راست بێ، بە جۆرێک ئەوانەی متمانەیان بە خۆیان زۆرترە، زۆرتر سێکس دەکەن. بە هەردوو رووەکەشدا، بە گشتی سێکسکردن نیشانەی کەسێتی بەهێز، ئارام و ئاسوودەیە.
بەڵام لەگەڵ هەموو سوودەکانیدا، لادان لە بنەماکانی سێکسی سەلامەت، دەبێتە هۆی تووشبوون بە چەندین نەخۆشیی گوازراوە کە هەندێکیان توند و کتوپڕین و هەندێکی دیکەیان هێواش، بەڵام درێژخایەن و تەنانەت کوشندەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ