لە تورکیا لەڕێگەی یۆگا سترێسی قوتابییان کەمدەکرێتەوە

18-11-2018
کۆسار عوسمان
کۆسار عوسمان @KassoOsman
یۆگا بۆ کەمکردنەوەی سترێسی قوتابییان بەکاردەهێندرێت
یۆگا بۆ کەمکردنەوەی سترێسی قوتابییان بەکاردەهێندرێت
نیشانەکردن یۆگا
A+ A-

رووداو- هەولێر 

لە تورکیا پرۆژەیەکی نوێ بۆ کەمکردنەوەی سترێسی قوتابییان بەکاردەهێندرێت، ئەویش بریتییە لە ئەنجامدانی یۆگا بۆ کەمکردنەوەی گووشاری دەروونی. 

خوێندکارانی بەشداربووی پرۆگرامە نوێیەکە دەڵێن یۆگا یارمەتیدەریان دەبێت بۆ ئەوەی بتوانن بە مێشکێكی ئارامەوە بگەڕێنەوە سەر وانەکانیان. 

ئەلبێرتۆ نونێس کە راهێنەری سەرەکیی ئەم پرۆژەیە و پسپۆرێکی پرتوگالیی شارەزایە لە یۆگا دەڵێت نەک تەنیا قوتابیان، هەموو ئەوانەی سترێسیان هەیە پێویستیان بە یۆگایە.

لە چوارچێوەی پرۆژەیەکی هاوئاهەنگی لە نێوان پرتوگال و تورکیا، تیمێک لە پسپۆرانی یۆگا لە وڵاتی پرتوگالەوە گەیشتوونەتەوە شاری نیدە. ئەم تیمە راهێنان و چالاکییەکانی یۆگا بە قوتابیانی ئامادەیی ئەنجامدەدەن و ئامانج لەم پرۆژەیە رزگارکردنی قوتابیانە لە سترێس.

قوتابیان لەڕێگەی یۆگاوە مێشک و جەستەیان لەو سترێسە پاکدەکەنەوە کە بەهۆی شەکەتی و ماندووبوونی خوێندن و تاقیکردنەوەکانەوە تووشیان بووە. 

راهێنەری سەرەکیی ئەم پرۆژەیە پسپۆرێکی پرتوگالیی شارەزایە لە یۆگا، پێیوایە نەوەک تەنیا هەر قوتابییان، بەڵکو هەموو ئەوانەی سترێسیان هەیە پێویستیان بە یۆگایە، ئەلبێرتۆ کڵاودیۆنۆ نونێسی راهێنەری یۆگا دەڵێت: ''ئێمە لە پرتوگال پسپۆڕ و ئەزموونی باشمان لەسەر یۆگا هەیە، بەتایبەتی ئەو قوتابییانەی تاقیکردنەوەیان هەیە و سترێسیان لەسەرە. یۆگا شەکەتی و سترێس لە جەستەدا دەردەهاوێژێت. نەوەک تەنیا بۆ قوتابییان بەڵکو یۆگا بۆ هەموو ئەو کەسانەی لە ژێر سترێسدان گرنگە".

ئەم پرۆژەیە دوو ساڵ دەخایەنێت و زیاتر تایبەتە بە قوتابییانی پۆلی 11 و 12. 

یۆگا وەرزشێکی جەستەیی و دەروونییە کە یەکەمجار لە ھیندستان و بەتایبەتیش لە لایەن پەیڕەوانی ئایینی ھیندونیزمەوە ئەنجامدراوە. بەپێی سەرچاوەکان یۆگا لە ساڵانی 500ی پێش زایینەوە هەیە. 

پێداچوونەوە: هونەر رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە