لەبەرئەم هۆكارانە مۆبایلەكانتان لە دەرەوە هەڵبگرن

18-03-2014
هەڵات رێبوار
نیشانەکردن مۆبایل خەوتن
A+ A-
رووداو – elaph

شارەزایانی بەریتانیا داوادەكەن خەڵكی مۆبایلەكانیان لە دەرەوەی ژووری نووستنیان هەڵبگرن، لەبەرئەوەی بوونی مۆبایل لە نزیك شوێنی خەوتن دەبێتە هۆی سەرقاڵكردن و ناهێڵێت مێشك بەتەواوەتی پشووبدات.

بەگوێرەی راپرسییەك دەركەوتووە، كە 8% بۆ 10% ی خەڵكی مۆبایلەكانیان لە ژووری نووستنیان هەڵدەگرن و نیوەی ئەو كەسانەش مۆبایلەكانیان وەك زەنگی ئاگاداركردنەوەی بەیانیان بەكاردەهێنن.

دكتۆر گای میدۆز، پزیشكی پسپۆری بێداری لە بەریتانیا دەڵێت "زۆربەی خەڵكی  باشتر دەخەون ئەگەربێت و بە هیچ شێوەیەك مۆبایل لە ژووری خەوتنیان نەهێڵن".
 
هەروەها ئەنجامی چەندین لێكۆڵینەوەی دیكە دەریانخستووە، كە خەوتن لە نزیك مۆبایلەوە دەبێتە هۆی  سەرسوڕان و سەرئێشە، لەمبارەیەوەش پسپۆڕان دەڵێن "كێشەی سەرەكی لە بوونی مۆبایل لە ژووری نووستن پەیوەندیدارە بە رووناكی، بەتایبەتیش ئەو رووناكییەی كە لە شاشەی مۆبایلە مۆدێل نوێكانەوە دەردەچێت".

دكتۆر چارلز كیزلر، كە مامۆستای تایبەتە لە بواری پزیشكی خەوتن لە زانكۆی هارڤەرد لە ئەمریكا دەڵێت "رووناكی تێكەڵدەبێت بە  سرووشتی جەستەی مرۆڤ  و جەستە هەڵدەخەڵەتێنێت و وا دەكات هەست بكەین لە رۆژداین".
 
ئەم دكتۆرە دەشڵێت "ئەو خانانەی لە بەشی پشتەوەی تۆڕی چاودان بەهۆی رووناكییەوە دەوروژێن و ئەو خانانەش بە مێشك رادەگەیەنن ئایا ئێمە لەچ كاتێكداین و بەمەش هۆڕمۆنی یارمەتیدەری خەوتن میلاتۆنین و هۆڕمۆنی كۆرتیزۆل كە تایبەتە بە بەخەبەربوون لە جەستەدا دەردەدرێن".

چارلز كیزلر پێیوایە، هەموو رووناكییە دەستكردەكان ئەوانەی لە گڵۆپی ئاسایی یان فلۆرسنت دەردەچن، دەبنە هۆی وەستانی هۆڕمۆنی میلاتۆنین و بەمەش بۆ ماوەیەكی زیاتر بەخەبەردەبین و تووشی شەونخوونی دەبین.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە