ئەڵمانیا..ئەندامەکانی لەشی مرۆڤ لە پێشانگایەکدا

18-03-2015
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
نیشانەکردن پیشانگەی جەستە
A+ A-

رووداو- بەرلین


لە گۆڕەپانی ئەلێكساندەر لە بەرلینی پایتەخی ئەڵمانیا، پێشانگایەكی تایبەت بە جەستەی كەسانی جەستەبەخش كرایەوە كە ئێستا 2500 كەس لەوانە چاوەڕێن پاش مردنیان، جەستەیان لەو پێشانگایەدا نمایش بكرێ.

نزیكەی 200 نموونەی ئەندامەكانی لەش لەم پێشانگەیەدا دانراون، 20 نموونەیان هەموو لاشە‌ی مرۆڤ پێشان دەدەن كە بڕیاریان دابوو دوای مردنیان، بۆ خزمەتی زانست جەستەیان نمایش بكرێ.

هەرچەندە زۆربەی خەڵكی بەرلین دڵگران بوون بە كردنەوەی ئەم پێشانگایە، بەڵام دكتۆر گوینتە ڤۆن هاگن كە دكتۆرای  لە توێكاری كاری پلاستیناسۆندا هەیە، پێشانگاكەی كردەوە.

یان لێبەر، پیاوێكی ئەڵمانە دەڵێت "ئەم پێشانگایە كارێكی دروستە. رەنگە بەلای هەندێ كەسەوە دژی مۆراڵی مرۆڤ بێت، بەڵام رەنگە زۆر كەسیش هەبن بیانەوێت بزانن شێوەی ناوەوەی لەشی مرۆڤ چۆنە. بۆ نموونە منداڵ چۆن دروستدەبێت، ماسولكەكان چۆنن، دڵی مرۆڤ و گورچیلە چۆن كاردەكەن. زۆر شتم لێرە بینی، باوەڕم نەدەكرد دڵم ئەوەندە بچووك بێت، یاخود گورچیلە ئەوەندە ئەركی قورس بێت".

دكتۆر گوینتە ڤۆن هاگ دەیەوێت لە رێگەی ئەم پێشانگایەوە بە مرۆڤ بڵێ، ئەگەر لەشێكی تەندروستت هەبێت، بەختەوەر دەبیت. ئەو بڕیاری داوە دوای مردنی، لاشەی خۆیشی نمایش بكرێت.

خوێندكارێكی زانكۆ كە لە جەستەكان ورد دەبووەوە، گوتی "لەبەر ئەوەی زانستی بایۆلۆجی دەخوێنم، زۆر سەرنجڕاكێشە كە ئەندامەكانی لەشی مرۆڤ دەبینم. لە نزیكەوە دەبینم چۆن گورچیلە كار دەكات، گرنگی خواردنی تەندروست هەمووی لێرە دەبینم، پێت دەڵێت ئەگەر ئاگات لە خۆت نەبێت وات لێدێ".

لە پێشانگاكەدا گرنگیی وەرزش بۆ مرۆڤ بە وردی خراوەتەڕوو. سییەكانی جگەرەكێش و كەسێك كە جگەرە ناكێشێ. دڵ لە كاتی جەڵتە لێدان یاخود دڵێكی نەخۆش.

وەرزشوانێك كە لە پێشەنگاكە سەیری جەستەی كەسێكی وەرزشوانی دەكرد، گوتی "من كەسێكی وەرزشوانم، ئێستا لێرە زۆر بە باشی ئەركی ماسولكەكانم بۆ روون دەبێتەوە. ئەم مرۆڤە چونكە وەرزشی زۆر كردووە، تەماشای ماسولەكەكانی رانی بكە، تەماشا بكە چۆن دەتوانی رێكیی لەشت رابگری، ئەوە توانای مرۆڤە ئەگەر بەكاری بهێنێ".

ئەم پێشانگایە وەك‌ هاوكێشەی جوڵەی نێوان زانستی شیكاری و هونەر دەبینرێت. تاوەكو ئێستا 1500 كەس جەستەی خۆیان بەم پێشانگەیە بەخشیوە، هەروەها 2500 كەسیش نێوی خۆیان تۆماركردووە تاوەكو پاش مردنیان بهێنرێنە ئێرە.

دكتۆر گوینتە ڤۆن هاگن، بە پێشانگای جیهانی لەشی مرۆڤ لە جیهانی مۆزەخانەدا شۆڕشی كرد. چونكە تاوەكو ئێستا هیچ پێشا‌نگەیەك ئەوەندەی ئەم پێشانگەیە روانگەی میوانەكانی لەسەر لاشە‌ی خۆیان نەگۆڕیوە و سەرنجی بۆ سەر لەشی مرۆڤ رانەكێشاوە.

مێژووی پێشانگای جیهانیی لەشی مرۆڤ دەگەڕێتەوە بۆ 20 ساڵ لەمەوبەر، ‌تاوەكو ئێستا زیاد لە 40 ملیۆن میوان لە سەرانسەری جیهانەوە سەردانی پێشا‌نگاكەیان كردووە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا تاوەكو ئێستا سەرنجی میوانەكان بۆ جیهانی لەشی مرۆڤ و چۆنیەتی كاركردنی ئەو ئەندامانە، مایەی سەرسوڕمانە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە