رووداو-سلێمانی
کۆمەڵەی ئەڵمانی بۆ پزیشکانی منداڵ و نەوجەوانان هۆشداری دەداتە دایکان و باوکان لە پێدانی دەنکەترێی ساخ بە منداڵەکانیان، چونکە هۆکارێکی بەربڵاوی خنکانیانە بە ماددە خۆراکییەکان، ئەوەش بەپێی هەواڵی ئاژانسی دەنگوباسی ئەڵمانی.
کۆمەڵەکە دەڵێن خۆراک بەپێی توێژینەوەیەکی سکۆتلەندایی کە لە جۆرناڵی زانستیی "Archives of Diseases in Childhood" بڵاوبووەتەوە، خۆراک هۆکاری نیوەی حاڵەتەکانی خنکانی منداڵانە و لەنێو خۆراکەکاندا ترێ ریزبەندی سێیەمی وەرگرتووە لە بوونە هۆکاری مردن.
توێژەرە سکۆتلەنداییەکان گوتوویانە منداڵان هەم بۆڕییەکانی هەوایان تەسکن و هەم ددانیشیان نییە بۆ جووینی ماددە خۆراکییەکانی وەکوو ترێ، بۆیە دەبێ بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ خۆراکپێدانی منداڵان بکرێ.
جگە لەو دوو هۆکارە، توانای قوتدان لە منداڵان هێشتا بە تەواوی پێنەگەیشتووە و ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە بۆ خنکانی منداڵ.
دەنکە ترێیەکە هەم گەورەیە، هەم توێکڵە نەرمەکەی بە ئاسانی خۆی لە دیواری نێوەوەی بۆڕییەکان گیردەکات و تەواو دەیانگرێ.
سرووشتی توێکڵی ترێ وەهایە کە لە منداڵاندا هەم لەنێو بۆڕییەکانی هەوا و هەم لەنێو سورێنچک بە ئاستەم لادەبرێن.
بۆ دووربوون لەو مەترسییە، کۆمەڵە ئەڵمانییەکە رێنمایی دایکان و باوکان دەکات دەنکە ترێیەکان بۆ منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵان لەت لەت بکەن و لەکاتی خواردنیشدا چاودێرییان بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ