رووداو- پزیشكی تۆ
ئازاری سووڕی مانگانە ئەو ئازارەیە کە لە کاتی سووڕی مانگانە روودەدات، هەرچەندە بۆ زۆربەی کچان ئەوە ئاساییە، بەتایبەت کە ئازارەکەی کەمبێت و تەنیا رۆژی یەکەم و دووەم بێت، بەڵام نزیکەی 10%ی خانمان ئازارەکەیان سەخت دەبێت و نائاساییە.
دوو جۆری ئازاری سووری مانگانە هەیە
سووڕی مانگانەی یەکەمی
ئەو ئازارەیە کە لەکاتی سووڕی مانگانە دروستدەبێت و هیچ نیشانەی نەخۆشی خانمان نییە، بەڵام ئازارێكی ئاسایی کاتی سووڕی مانگانەیە.
ئەمە بڵاوترین جۆری ئازاری سووڕی مانگانەیە، کار لە 50%ی خانمان دەکات و لە 15%یان ئازارەکە سەختە. زیاتر تووشی ئەو کچانە دەبێت کە هاوسەرگیریان نەکردوووە، بەڵام زۆربەیان دووای هاوسەرگیری و منداڵبوون باشدەبن و مانگانە تووشی ئازارەکە نابن.
سووڕی مانگانەی دووەمی
ئەمە ئازاری سووڕی مانگانەیە کە زۆربەی کات گرفتێکی خانمانی لە پشتەوەیە، زۆربەیان دەتواندرێن لەرێگەی دەرمان و نەشتەرگەری چارەسەر بکرێن، کە زۆربەیان تووشی خانمان لە سەردەمی باڵغبووندا دەبن.
هۆکارەکانی ئازاری سووڕی مانگانە:
هۆکارەکانی ئازاری یەکەمی سووری مانگانە
ئەمەیان دەکرێت بەهۆی زیادبوونی هۆڕمۆنەکانەوە رووبدات کە وا لە منداڵدان دەکات لەکاتی منداڵبوون و سووڕی مانگانە گرژبن. کە زۆربەی کات لەئەنجامی گرژبوونی منداڵدان دروستدەبێت، کاتێک شەپۆلی خوین بۆ دیوارەکانی منداڵدان کەمدەبێتەوە.
فاکتەرەکانی دیکە کە وادەکەن ئازاری سووری مانگانە زیادبکات، نەبوونی وەرزش، کاریگەری دەروونی کۆمەڵایەتی، جگەرەکێشان و خواردنەوەی کحول، قەڵەوی و دەستپێکردنی یەکەم سووڕی مانگانەیە لەپێش تەمەنی 11 ساڵی.
هۆکارەکانی ئازاری دووەمی سووری مانگانە
- گرێی فایبرۆید: ئەمانە گرێی سەلامەتن، لەنێو دیواری منداڵدان دروستدەبن و پێوەی دەنوسێن.
- ئەدینۆمایۆسس: ئەمە شانەکانی ناوەوەی منداڵدان، لەنێو ماسولکەکاندا گەورەدەبن و زیاددەکەن.
- نەخۆشییە سێکسییە گوازراوەکان
- ئیندۆمێترسیۆسیس: پارچەی وردی دیواری ناوەوەی منداڵدان لەنێو حەوز و ئەندامەکانی هەبن.
- کیس و گرێی هێلکەدان
- بەکارهێنانی ئامێری رێگریکردن لە منداڵبوون
- نەخۆشی هەوکردنی حەوز: کە لە ئەنجامی هەوکردنی جۆگەی فالوب دروستدەبێت.
نیشانەکان و دەرهاوێشتەکانی ئازاری سووڕی مانگانە:
بڵاوترین نیشانەی گرفتەکە ئازارە، لە کاتی سووڕی مانگانە لە خوارەوەی سک ئازارەکە درووستدەبێت، رەنگە لە پشت و ران ئازاری هەبێت. هەندێكجاریش لەگەڵیدا هێڵنج، رشانەوە و سکچوون هەن.
بۆ زۆربەی خانمان ئازارەکا لەپێس سووری مانگانە یان لەکاتی دەستپێكردنی سووڕەکە دەستپێدەکات و لە 24 کاژێری دواتر و هەندێكجاریش لە 2-3 رۆژی دواتر کۆتایی دێت.
دەکرێت لەگەڵ خوینەکە هەندێجار پارچەی شانەی بچووکی نێوەوەی منداڵدان بێنەخوارەوە و ئازارەکە زیادبکەن.
چارەسەر و خۆپارێزی لە ئازاری سووڕی مانگانە:
لەکاتی ئازاری سووڕی مانگانە پێویستە سەردانی پزیشك بکرێت، بەتایبەت ئەگەر ئازارەکە درێژخایەن بوو، چونکە رەنگە هۆکارێكی لەپشتەوە بێت.
ئازاری یەکەمی سووری مانگانە تەنیا بە دەرمانە ئازارشکێنەکان چارەسەر دەکرێت و لە زۆرکاتدا هیچی دیکەی پێویست نییە.
بەڵام هەندێك پزیشك لەگەڵیدا هۆڕمۆنەکان بەکاردەهێنن، تاوەکو نیشانەکانی کەمبکەنەوە و بەپێی نیشانەکانی دیکەی نەخۆش، دەرمانە ئازارشکێن و دژە رشانەوە دەدرێن. هەرچەندە زۆربەیان بەبێ دەرمان لە ماوەیەکی کورتدا نامێنن.
ئەو خانمانەی دوای سێ مانگ لە چارسەری بە دەرمانی ئازارشكێن و هۆڕمۆنەکان چارەسەر ناکرێن. رەنگە ئازاری دووەمی سووڕی مانگانەیان هەبێت. کە پێویستی بە پشکنینی زیاترە.
چۆنییەتی کەمکردنەوەی ئازاری سووڕی مانگانا بەبێ دەرمان:
- پاڵکەوتن لەسەر پشت
- بەکارهێنانی ئاو یان خاولییەکی گەرمکراو لەسەر سک یان خوارەوەی پشت.
- خۆشوشتن بە ئاوێكی گەرم.
- وەرزشی سووکی وەک راکردن و پاسکیللێخوڕین، چونکە خوێن بۆ ماسولکەکان زیاددەکات و ئازارەکە کەمدەکاتەوە.
- پشوودان و دوورکەوتنەوە لە کاری قورس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ