رووداو – رووسیا تودەی ، گاردیان
بۆ ماوەی سێ مانگ ژمارەیەكی بەرچاو لە هەوادارانی جەستن بیبەری ئەستێرەی پۆپی بە رەگەز كەنەدی بە پەرۆشییەوە لە چاوەڕوانی وەڵامی كۆشكی سپیدا بوون بۆ دەربڕینی رەزامەندی لەسەر داوای زیاتر لە 300 هەزار كەس، كە واژوویان كۆكردبووەوە بۆ دیپۆرتكردنەوەی جەستن بیبەر بۆ وڵاتی كەنەدا.
ئەگەرچی 100 هەزار واژووی پێویستە بۆ ئەوەی كۆشكی سپی وەڵامی داوایەك بداتەوە، بەڵام بۆ دیپۆرتكردنەوەی پۆپستاری كەنەدی نزیكەی 273 هەزار و 968 واژوو لەسەر ماڵپەری We the people كۆكراوەتەوە، لایەنی پەیوەندیداریش بە " No comment " وەڵامی داوەتەوە.
رق و كینەی خەڵكی ئەمریكا بۆ جەستن بیبەر لەكاتێكدایە، ئەو هونەرمەندە كە تەمەنی 20 ساڵە بە ئۆتۆمبێلە گرانبەهاكەی كە كاتی مۆڵەتی لێخوڕینی بەسەرچووبوو، لەشەقامی كەنارەكانی مەیامی لە كاتی پێشبڕكێی ئۆتۆمبێل لەگەڵ هاوڕێكەی و بڕێك لە كحول دەستبەسەر كرا.
خەڵكی ئەمریكا پێیانوایە ئەو كوڕە گۆرانیبێژە بە ئەنقەست دەیەوێت نێوبانگی هونەری پۆپ لە ئەمریكا بزڕێنێ و زیان لە گەورەیی ئەو وڵاتە بدات، چونكە پێشتریش تۆمەتباركرابوو بە میزكردن بەسەر وێنەكانی بیل كلینتۆن، سەرۆكی پێشووی ئەمریكا و زیانگەیاندن بە موڵك و ماڵی دراوسێكانی.
دروشمی خەڵكی ئەمریكا دژ بە جەستن بیبەر بریتی بوو لە "جەستن بیبەر دیپۆرت بكەن و گرینكارتەكەی لێ بسەننەوە". ئەوان دەڵێن "ئێمەی خەڵكی ئەمریكا هەستدەكەین هونەری پۆپ بە قێزەونترین شێوە لەبەر چاوی جیهان دەركەوتووە". دەشڵێن "دەمانەوێت جەستن بیبەری ئالوودەبووی بێمنەتی كاولكەر دیپۆرتی وڵاتەكەی بكرێتەوە".
جەستن بیبەر لە دایكبووی 1994ی وڵاتی كەنەدایە، لە ساڵی 2008 دا ئەو هونەرمەندە توانی تەنیا لە رێگەی بڵاوكردنەوەی چەند كلیپێكی لەسەر ماڵپەری YouTube سەرنجی خەڵكی سەرانسەری جیهان بە تایبەتی گۆرانیبێژەكان بۆخۆی رابكێشێت و بێتە ریزبەندی یەكەمی گۆرانیبێژەكان لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا.
بیبەر لە تەمەنی مێرمنداڵیدا پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ سێلێنا گۆمێزی ئەكتەر و گۆرانیبێژی نێوداری ئەمریكی بەست، چەند ساڵێك لە پەیوەندی دەمێننەوە و دواتریش لێكجیابوونەوەیان بووە پڕ مشتومڕترین بابەتی سەر سایتە جیهانییەكان.
لە فێستیڤاڵی كواچێلا، كە ساڵانە لە ئەمریكا ئەنجامدەدرێت و ژمارەیەكی بەرچاو لە هونەرمەند و كەسایەتی نێودار تیایدا ئامادە دەبن, بیبەر و گۆمێز بەیەكەوە دەبینرێن كاتێك دەستیان لە نێو دەستی یەكترناوە و لە كاتی پیاسەكردن كەوتوونەتە بەرچاوی میدیاكان، ئەمەش جێگای تێڕوانینی خەڵكی ئەمریكایە دوای تێكچوونی پەیوەندی خۆشەویستی لەنێوان ئەو دوو هونەرمەندە و بڵاوكردنەوەی وشەی نەخوازراو لەدژی یەكتری لەسەر تۆڕە كۆمەڵاتییەكان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ