کەمپین دژى "قۆڵ بڕین"!

19-04-2017
زانا ئه‌حمه‌د
نیشانەکردن سەنا
A+ A-



هەفتەى رابردوو هەڵەیەک بووە هۆى ئەوەى دەستى منداڵێکى جوانکیلە بێتە بڕین. مەگەر چۆن، دەنا ئەو حاڵەتە بریتییە لەوەى پێى دەوترێت Compartment Syndrome کە لە ئەنجامى بەرزبوونەوەى پەستانى نێو ئەو شوێنە بۆ ئاستێکى زۆر بەرز، لوولە خوێنبەرەکان بە تەواوى دەگوشرێن و چی تر ناتوانن خوێن بگوازنەوە. دەشێ ئەم پەستان بەرز بوونەوەیە بەهۆى لێچوونى شلەى ژیناو لە شوێنى کانیولاکەوە یانیش هەوکردنەوە رووى دابێت. بەڵام ئەمە چەند سەعاتێک دەخایەنێت. بۆیە چەند هەڵە لەو کەسە بێت کە کانیولاکەى داناوە، هەر هیچ نەبێت ئەوەندەش لەسەر ئەوانەیە کە بەدەورى ئەو منداڵەوە بوونە و نەیانبینیوە یان بینیویانە و گوێیان پێنەداوە کە ئەوە چەند سەعاتێکە دەستى ئەو منداڵە دەپەنمێت و شین و مۆر دەبێتەوە. بە هەمە حاڵ، کێ تاوانبار بێت، هەق وایە سزابدرێت.


بەڵام ئەوەى هەق وا بوو جێی سەسوڕمان بێت وەلێ بەداخەوە لە کوردستانى جێی سەرسوڕمان نییە، ئەوەیە کە چالاکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و تەنانەت کەناڵە ئاسمانییەکانیش، وەک ئەوەى هەنگوینیان لە کلۆرە داردا دۆزیبێتەوە، ئەمەیان قۆستەوە بۆ لێدان لە پزیشکان. لەکاتێکدا کەمترین تێگەیشتنیان بۆ کارى تەندروستى هەبووایە، دەیانزانى کانیولا دانان کارى پزیشکان نییە و ئەوان داینانێن! 

لە کاتێکدا ئەلفبێى یاسا ئەوەیە و هەمووشمان دەیزانین کە "تۆمەتبار بێتاوانە تا ئەو کاتەى تاوانەکەى لەسەر ساغ دەبێتەوە"، بۆ دەبێت دۆسییەیەک پەیوەندیی بە پزیشکان و تەنانەت پەیوەندییشی پێیانەوە نەبێت (وەک ئەم دۆسیەیە)، پزیشک هەر لە یەکەم چرکەساتى دۆسیەکەوە، بە تاوانبار دابنرێت؟! ئینجا بەپێى شەرع و یاساش هەر کەسێک تاوانێک بکات، لەم دونیا و لەو دونیاش تەنها و تەنها خۆى لێى بەرپرسیارە، باشە بۆ کە دێتە سەر پزیشکان، دەبێت تاوانەکە بخرێتە سەر هەر هەموویان؟!

پزیشکیش وەک هەر کەسێک مرۆڤە، کارى مرۆڤیش بێ هەڵە و پەڵە نابێت. بەڵام زۆر گرینگە لە هەر هەڵەیەکى پزیشکیدا کە رووبدات، ئەوە یەکلایى بکرێتەوە کە ئایا بەهۆى هەڵەى ئەنقەست و خەمساردیی دکتۆرەکەوە بووە، یان بەهۆى لێکەوتە (موزەعەفات)ێکى چارەسەرییەکەوە بووە کە دەشێت لە هەر شوێنێکى دونیا و لەسەر دەستى هەر دکتۆرێک بکەوێتەوە.

لەم رۆژگارەدا هەرچی فەرمانبەرێکە هاوارى لێ هەڵساوە، کە ناهەقیان نییە، بەوەى مووچەیان بووە بە نیوە، بەڵام خۆ خۆیشیان لەو کاتەوە دەوامیان کردووە بە نیوە! ئەرێ دەزانن مووچەى پزیشک نەک نیوە کراوە بە چارەک و جگە لە دەوامیشیان خەفارەى شەوانیش دەگرن؟! ئەرێ دەکرێت پزیشک وێڕاى ئەو برسیکران و ئیهانە پێکرانەى رۆژانەى لە دەوامدا، بەردەوام دەستیشى لەسەر دڵی بێت، ئاممان هاوپیشەیەکم لەو سەرى هەرێم هەڵەیەکى لەدەست دەرنەچێت، ئابڕووى منیشی لەسەر ببردرێت؟!

بێگومان پزیشکانیش لە بەرانبەر ئەم هەڵمەتانە دەستەوئەژنۆ دانەنیشتوون و دانانیشن، رۆژانە لەنێویاندا باس باسی ئەوەیە کە بەو بێ مووچەیی بەو هەموو ئیهانە پێکرانەوە، بە دیار چییەوە دانیشتوون، بۆیە مانگ نییە دەیانیان رووە و هەندەران و شوێنانێک کە پێیان بزانرێت، کۆچ نەکەن. جگە لەوە، خەریکە وردە وردە دەست دەکێشنەوە لە بەکارهێنانى ئەو چارەسەرییانەى ئەگەرى لێکەوتەی خراپیان هەیە. بۆ نموونە لە کاتى جەڵتەى دڵدا، دەرزیی وا هەیە، 95%ی نەخۆشەکان چاکدەکاتەوە و 5%یشیان خراپتر دەکات، بەڵام ئەوەى بۆی بەکارنەهێنرێت، دواى ماوەیەک تووشى سستیی دڵ دەبێت، خەریکە پزیشکان لە ناچاریدا و بۆ پاراستنى خۆیان، دەست لەو چارەسەرییانە هەڵبگرن.

کاتى ئەوەیە حکوومەت رێگری و سزاى توند دابنێت بۆ ئەو کەس و دەزگایانەى پێش بەئەنجام گەیشتنى دۆسیەکان لە دادگا، دەیانورووژێنن. چونکە ئەمە بەرلەوەى زیانى بۆ پزیشکان هەبێت، زیانى بۆ هاووڵاتییان دەبێت. وا دیارە بێدەنگیی حکوومەت لەو هەڵمەتە نەشیاوانانە، بۆ ئەوەیە سەرنجی خەڵکى لەسەر خۆى لابچێت کە مانگانە قۆڵى مووچەخۆرانى دەبڕێت. هەق وایە ئەوانەى خۆشیان پێ چالاکى مەدەنییە، سەرنجی خۆیان بخەنە سەر "قۆڵ بڕین"!

* پزیشکی پایە بڵندى هەناو و خوێندکارى دکتۆرا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە