رووداو-سلێمانی
رۆژنامەی ''دی ڤیڵت''ی ئەڵمانی دەڵێ توێژەرانی ئەڵمانی بۆیان دەرکەوتووە بەشێک لەو پەنابەرە بیانییانەی لە ئەڵمانیا دەژین، تووشبووی نەخۆشی سیل-ن.
توێژەرەکان بۆیان دەرکەوتووە بەشێک لە تووشبووەکان هەڵگری بەکتریای ئەوتۆی تووشکەری نەخۆشییەکەن کە بەرگرییان پەیداکردووە لە دژی کاریگەریی دەرمانە ئاساییەکانی چارەسەری سیل.
ئەنستیتۆی "رۆبەرت کوخ" جەختی لە دروستیی هەواڵەکە کردووەتە و گوتوویەتی ئەو بەکتریایەی لە پەنابەرەکاندا دەستنیشانکراوە، سەرسەختە بەرامبەر کاریگەریی چوار جۆر دەرمانی دژە سیل.
بەو پێیەی سیل نەخۆشییەکی گوازراوەیە، لە ئەڵمانیا رێوشوێنەکانی دەستنیشانی نەخۆشییەکە توندکراونەتەوە، بەتایبەتی لەنێو پەنابەران و ئەو کەسانەی بە رەچەڵەک بیانین.
داتا فەرمییەکان دەریدەخەن 74%ی ئەو کەسانەی لە ئەڵمانیا سیلیان هەیە، ئەو کەسانەن کە کۆچیان کردووە بۆ ئەڵمانیا، یان لە دەرەوەی ئەڵمانیا لەدایکبوون.
رۆژنامە ئەڵمانییەکە لە زاری شارەزایانەوە دەڵێ ئەو بانگەشەیە هەڵەیە کە دەڵێ ئەڵمانیا بە تەواوی بەسەر نەخۆشی سیل زاڵ بووە، چونکە 30%ی تووشبووانی ئەو نەخۆشییە لەنێو ئەڵمانیا بەکتریاکەیان وەرگرتووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ