کەمیی هۆرمۆنی نێرینە هەڕەشەیە بۆ سەر تەندروستیی پیاوان

20-04-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن هۆرمۆن، تێستۆستیرۆن
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە (تێستۆستیرۆن) لە پیاواندا، مەترسیی تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشی هاوپەیوەند بە قەڵەویی زیاددەکات، لەوانە شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ.


توێژەرەکان لە کۆلێجی پزیشکیی زانکۆی (میشیگان) بوون و ئەنجامی توێژینەوەکەیان لە جۆرناڵی زانستیی (ساینتیفیک ریپۆرتس) بڵاوکردووەتەوە.

بۆ گەیشتن بە ئەنجامەکان، توێژەران ئاستی هۆرمۆنی نێرینەی 2399 پیاویان پێوانەکردووە کە تەمەنیان سەروو 20 ساڵان بووە.

جگە لە تۆمارکردنی ئاستی هۆرمۆنی نێرینەی بەشداربووان، توێژەرەکان بۆ نۆ نەخۆشیی گەڕاون لە تووشبوواندا کە زۆرتر بەهۆی قەڵەویی روودەدەن، نەخۆشییەکان بریتین لە؛ بەرزەپەستانی خوێن، شەکرەی جۆری دوو، هەوکردنی جومگە، نەخۆشییە درێژخایەنەکانی سییەکان، نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن، جەڵتەی مێشک، بەرزبوونەوەی ئاستی چەورییە سیانییەکان، بەرزبوونەوەی ئاستی کۆلیسترۆڵی خوێن و تووشبوون بە خەمۆکی.

لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەی ئاستی هۆرمۆنی نێرینەی (تێستۆستیرۆن)یان نزمە، زۆرتر تووشی ئەو نەخۆشییانەی پەیوەست بە قەڵەویی دەبن، بەراورد بەوانەی ئاستی هۆرمۆنەکەیان بەرزە.

د. مارک پیتەرسن، سەرۆکی تیمی توێژینەوەکە، لەبارەی هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە لە پیاواندا دەڵێ "بەهۆی قەڵەویی و کەمجووڵانەوە، پیاوان تووشی دابەزینی ئاستی هۆرمۆنی نێرینە دەبن، تەنانەت لەنێو پیاوە گەنجەکانیش".

دکتۆر پیتەرسن هۆشداریدەدات "لەوانەیە پیاوان ئاگاداری ئەوە نەبن کە بەشێکی بەرچاو لە هۆکارەکانی دابەزینی ئاستی نێرینەیان پەیوەندیی بە نادروستیی شێوازی ژیانی ئێستایان هەیە، بەڵام دەبێ بزانن دابەزینی ئاستی ئەم هۆرمۆنە، بەشیوەیەکی بێدەنگ و لەسەرخۆ کار لە تەندروستییان دەکات و ئەگەری تووشبوونیان بە چەندین نەخۆشیی درێژخایەن زیاددەکات".

هۆرمۆنى پیاوانە (تێستۆستیرۆن) نوێنەرى نێرینەبوونە. پەرەپێدەرى ئارەزووى سێکسیى پیاو و بەهێزیى ماسولکەکانیەتى. ئێسک پتەو دەکات و میزاج رێکدەخات. ئەگەر ئاستى ئەم هۆرمۆنە بەشێوەیەکى بەرچاو داببەزێت، پزیشکان بەشێوەى دەرزى، حەب، جێڵ یان پاچ (موشەما) دەیدەنە کەسى توشبوو.
 
ئاساییە لەگەڵ بەرەوپێشچوونى تەمەندا ئاستى ئەم هۆرمۆنە بە شێنەیى داببەزێت. بەڵام لە هەندێ کەسدا بەشێوەیەکى بەرچاو دادەبەزێت و هەندێ نیشانەى نەخوازراو درووست دەکات، لەوانە: هەستکردن بە شەپۆلى گەرمى لە جەستەدا، نائارامى و ناجێگیرى و کەمبوونەوەى بەرچاوى ئارەزووى سێکس.

زانینى ئاستى هۆمۆنەکە، بە ئەنجامدانى شیکارییەکى تایبەتى خوێن دەکرێت، کە بەیانیان ئەنجام دەدرێت و دەبێت ئاستى هۆرمۆنەکە لە خوێنتدا لە 300-1000 نانۆگرام/دەسى لیتر کەمتر نەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە