شەڕی نوێی كۆمپانیای سامسۆنگ و ئەپڵ

20-05-2014
حەسەن هیممەتی
نیشانەکردن سامسۆنگ ئەپڵ
A+ A-

رووداو- bbc Persian

دادگایەكی ئەمەریكا لە كالیفۆرنیا كۆمپانیای سامسۆنگی كۆری ناچاركردووە كە 120 ملیۆن دۆلار وەك سزایەك بداتە كۆمپانیای ئەپڵ، چونكە بە گوێرەی بڕیاری دادگا كۆمپانیای سامسۆنگ هەندێ‌ شێوازی سیستەمی كۆمپانیای ئەپڵی بەكارهێناوە.

ئەم دوو كۆمپانیایە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بەردەوام یەكدیان تۆمەتباركردووە بە بەكارهێنانی شێوازی سیستمی خۆیان.

ئەمجارە كۆمپانیای ئەپڵ داوایەكی تۆماركردووە لەسەر كۆمپانیای سامسۆنگ لە دادگای شاری سان جۆسێ‌ لە ویلایەتی كالیفۆرنیا، لەسەر ئەوەی كە كۆمپانیای سامسۆنگ شێوازی قوفڵی كردنەوەی شاشەی هاندەكانی وەكو شێوازی هاندی ئایفۆن بەكارهێناوە.

كۆمپانیای ئەپڵ لەسەر داواكەی خۆی بەرامبەر كۆمپانیای سامسۆنگ سەرەتا داوای 2 ملیار  و 200 ملیۆن دۆلاری كردبوو و دەیگوت كە كۆمپانیای سامسۆنگ 5 شێوازی كۆمپانیای ئەپڵی بەكارهێناوە، بەڵام دادگا تەنیا لەسەر 3 لەم شێوازانە كۆمپانیای سامسۆنگی بە بڕی 119 ملیۆن و 600 هەزار دۆلار سزا دا.

هاوكات لەسەر ئەوەی كۆمپانیای ئەپڵ شێوازی ئەپلیكەیشنێكی سامسۆنگی بەكارهێناوە، دادگا مافی ئەوەی بە كۆمپانیای سامسۆنگ دا كە دەبێ‌ كۆمپانیای ئەپڵ 185 هەزار دۆلار بداتە ئەم كۆمپانیا كۆرییە.

دوو ساڵ لەمەوپێش كۆمپانیای ئەپڵ داوای لەسەر كۆمپانیای سامسۆنگ  تۆماركردبوو لە ئەنجامدا كۆمپانیای سامسۆنگی كۆری بە بڕی 930 ملیۆن دۆلار سزا درا.





کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە