پەیوەندی بەهێز لەنێوان رەپنەبوونی چووک و نەخۆشییەکانی دڵ دەبینرێتەوە

20-06-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن رەپبوون، چووک، سێکس، دڵ
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە پەیوەندییەکی بەهێزتر هەیە لەوەی پێشووتر زانرابوو لەنێوان رەپنەبوونی چووک لەلایەک و هەریەکە لە جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک و نەخۆشییەکانی دیکەی بۆڕییەکانی خوێن لەلایەکی دی.


لەماوەی چوارساڵ توێژینەوە لەسەر 1900 پیاویتەمەن 60-78 ساڵان لە ئەمریکا، دەرکەوت ئەوانەیان کە گرفتیان هەیە لە رەپبوونی چووک، دوو هێندەی کەسانی دیکە زیاتر تووشی جەڵتەی دڵ و مێشک و نەخۆشییەکانی دیکەی خوێنبەرەکان دەبن.

ئەو پەیوەندییە بەهێزەی نێوان رەپنەبوونی چووک و نەخۆشییەکانی دڵ و لوولەکانی خوێن، پاش رەچاوکردنی هۆکارە رێگەخۆشکەرە کلاسیکییەکانی دیکەی وەک بەرزەپەستانی خوێن، جگەرەکێشان و  ئەوانی دیکە هەژمارکرا، واتە رەپنەبوونی چووک بە تەنیا خۆی و بە نەبوونی ئەوانەش بەو راددە بەهێزە پەیوەندی هەیە بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکان.

پاش توێژینەوەکە، توێژەرەکان رەپنەبوونی چووکیان وەک هۆکارێکی رێگاخۆشکەری "بەهێز"ناساند کە پەیوەندی هەیە بە جەڵتەی دڵ و مێشک و ئەو نەخۆشییانەی دیکە کە پەیوەندییان بە لوولەکانی خوێن هەیە.

ئەوان رێنماییان داوە، کە لەمەودوا هەرکەسێک گرفتی هەبوو لە رەپبوونی چووک، ئەوە پشکنینی دڵی بۆ بکرێ، تەنانەت ئەگەر گوشاری خوێن و شەکری خوێنی ئاسایی بوون و جگەرەی نەدەکێشا و هۆکارە ناسراوەکانی دیکەی نەخۆشییەکانی دڵیشی نەبوو.

ئەنجامی توێژینەوەکە لە جۆرناڵی زانستی "Circulation" بڵاوبووەتەوە، کە لەلایەن کۆمەڵەی دڵی ئەمریکی دەردەچێت.

پێشووتر پەیوەندی بینراوەتەوە لەنێوان رەپنەبونی چووک و رەقبوونی خوێنبەرەکان، کە هۆکاری سەرەکی نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە