ستیڤن هاوکینگ نیگەرانە لە رۆڵی کەرتی تایبەت لە سیستمی تەندروستیدا

20-08-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن هاوکینگ، سیستمی تەندروستی
A+ A-

رووداو-سلێمانی

فیزیکناسی جیهانیی ستیڤن هاوکینگ شەممەی داهاتوو لە بارەگای کۆمەڵەی پزیشکیی شاهانەی بەریتانی گوتارێک دەدات و سیاسەتە نوێیەکانی حکومەتی بەریتانیا سەرکۆنە دەکات کە بەنیازە رۆڵی زیاتر بداتە کەرتی تایبەت لە سیستمی تەندروستی وڵاتدا.


گوتارەکە، کە بەر لە خوێندنەوەی دەست بی بی سی کەوتووە، هێرشدەکاتە سەر وەزیری تەندروستی بەریتانیا و بەوە تاوانباری دەکات کە داتاکان بەو شێوەیە بڵاودەکاتەوە کە لە بەرژەوەندیی سیاسەتەکانی خۆیەتی.

وەک بی بی سی دەڵێ، چاوەڕوانیش دەکرێ هاوکینگ نیگەرانیی خۆی دەرببڕێ لە تێوەگلانی کەرتی تایبەت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکاندا.

دەبێ بڵێین هاوکینگ زۆربەی ژیانی پاش پێگەیشتنی بە نەخۆشی درێژخایەنی دەمارەکانەوە بەسەربردووە و بەهۆیەوە توانای جموجووڵ و قسەکردنی لەدەست داوە.

چۆن کەرتی گشتی توانیویەتی ژیانی هاوکینگ بپارێزێ؟

هاوکینگ ئاماژە بەو خزمەتە نایابانە دەکات کە کەرتی گشتی وڵات پێشکەشی ئەوی کردوون.

لە یەکێک لە وێستگەکانی ژیانی لە ساڵی 1985 لە سویسرا، هاوکینگ تووشی هەوکردنی سییەکان دەبێ. لەوێ پزیشکەکان پێشنیاز دەکەن ئامێری هەناسەدانی  دەستکردی لەسەر لابدرێ و بمرێ، بەڵام هاوژینەکەی رەتیدەکاتەوە و داوادەکات بیگێڕنەوە بۆ بەریتانیا. لەوێ لە نەخۆشخانەی ئادنبرووک لە کامبریج خەوێندرا و چاک بووەوە.

14 ساڵ پاش ئەوە، نەشتەرگەرییەکی پێشکەوتوو بۆ هاوکینگ ئەنجامدرا بۆ رێککردنەوەی قوڕگ و گەرووی، تاکوو توانای خواردن و هەناسەدانی بمێنێ.

بۆیە هاوکینگ لە گوتارەکەیدا دەڵێ "ئەزموونم زۆرە لەگەڵ خزمەتگوزاریی تەندروستیی نیشتیمانیی و بەهۆی چاودێرییە تەندروستییەکانی ئەوانەوە من بەو جۆرەی خوازیار بووم ژیاوم و توانیومە رۆڵم هەبێ لە تێگەیشتنی مرۆڤ بۆ گەردوون". مەبەستی هاوکینگ داڕشتنی تیۆرییەکانیەتی لەبارەی کونەڕەشەکان و بنەچەی گەردوون.

بۆچی هاوکینگ نیگەرانە؟

هاوکینگ ئاماژە بە نیگەرانییەکانی دەکات سەبارەت بەو گۆڕانکارییانەی بڕیارە لە سیستمی تەندروستی بەریتانیادا بکرێن و ئەو ناوی ناوە "شێوازی ئەمریکاییانەی کەرتی تەندروستی".

فیزیکناس و گەردونناسە نێودەوڵەتییەکە لەوە تووڕەیە بەشێک لە کەرتی تەندروستی بدرێتە دەست کەرتی تایبەت و دەڵێ "تاوەکوو داهات لە کەرتی تەندروستییەوە بەدەستبهێندرێ، زیاتر قۆرخدەکرێ، و نرخی خزمەتگوزارییەکان گراندەکرێن. بۆیە دەبێ خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان دووربخرێنەوە لە بەرژەوەندییە بازرگانییەکان. دەبێ کەرتی تەندروستی لەو کەسانە بپاریزرێ کە دەیانەوێ بیدەنە کەرتی تایبەت".

هاوکینگ هەروەها دەڵێ سیستمێکی تەندروستی کە خەرجییەکانی لە بودجەی گشتیی وڵات بدرێ "کاراترە" و ئەوانەی دەڵێن دەوڵەت ناتوانێ تێچووی کەرتی تەندروستی دابینبکات، هەڵەن.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە