رووداو-رۆیته‌رز
كۆماری كۆنگۆی دیموكرات رایده‌گه‌یێنێت نه‌خۆشی زه‌رده‌تا به خیرایی له‌و وڵاته بڵاوده‌بێته‌وه، به‌جۆرێك ئێستا 1000 كه‌س وه‌ك حاڵه‌تی گوماناوی و 67 كه‌سیش وه‌ك حاڵه‌تی سه‌لمێندراوی تووشبوون به‌و نه‌خۆشییه مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێ.
فیلیكس كابانج وه‌زیری ته‌ندروستی كۆنگۆی دیموكرات ده‌ڵێ ته‌نیا 7 له تووشبووه‌كان له نێوخۆی وڵاته سه‌ریان هه‌ڵداوه، 58 حاڵه‌ت له ئه‌نگۆلای دراوسێوه گوازراونه‌ته‌وه و 2 حاڵه‌تیش دانیشتووی ناوچه دووره‌ده‌سته‌كانن و په‌یوه‌ندییان به‌و شه‌پۆله‌ی ئێستاوه نییه. به‌پێی هه‌مان لێدوان له شه‌پۆله‌كه‌ی ئه‌م دواییه‌ی زه‌رده‌تا له كۆنگۆی دیموكرات پێنج كه‌س مردوون..
تێكڕای حاڵه‌ته‌كان دانیشتووانی سێ هه‌رێمی ئه‌و وڵاته‌ن، كه یه‌كێكیان كینشاسای پایته‌خته.
په‌یوه‌ندیدارانی ته‌ندروستی جیهانی ترسیان له بڵاوبوونه‌وه‌ی نه‌خۆشییه‌كه له كینشاسای پایته‌خت هه‌یه، چونكه دانیشتووانێكی زۆری هه‌یه كه ده‌گاته 12 ملیۆن كه‌س و ژێرخانێكی ته‌ندروستی له‌رزۆكی هه‌یه.
زه‌رده‌تا چییه؟
زه‌رده‌تا نه‌خۆشییه‌كی كورتخایه‌نی ڤایرۆسییه. ڤایرۆسی تووشكه‌ری نه‌خۆشییه‌كه به‌هۆی پیوه‌دانی جۆرێكی تایبه‌ت له مێشووله‌وه بۆ كه‌سی ته‌ندروست ده‌گوێزرێته‌وه.
نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه بریتین له تا، له‌رز، نه‌مانی ئاره‌زووی خواردن، ئێڵنج، ئازاری ماسولكه‌كان و سه‌رئێشه. به‌گشتی نیشانه‌كانی نه‌خۆشییه‌كه له‌ماوه‌ی پێنج رۆژدا هێواشده‌بنه‌وه و به‌ره‌و كۆتایی ده‌چن.
له هه‌ندێك له توشبووه‌كاندا دوای رۆژێك له چاكبوونه‌وه، تا بۆ كه‌سه‌كه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه هاوكات ده‌بێت له‌گه‌ڵ سكئێشه و زیانگه‌یشتن به جگه‌ر كه ده‌بێته‌هۆی زه‌ردوویی (بۆیه‌ش پێیده‌ڵێن زه‌رده‌تا چونكه تا و ره‌نگزه‌ردبوونی پێست پێكه‌وه رووده‌ده‌ن). ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌یه رووبدات، ئه‌وه ئه‌گه‌ری روودانی خوێنبه‌ربوون و په‌ككه‌وتنی گورچیله زۆرتره.
كه‌مبوونه‌وه‌ی ڤاكسین
چه‌ندین ساڵ بوو شه‌پۆلی هاوتای ئه‌وه‌ی ئه‌مساڵ تۆمارنه‌كرابوو، بۆیه رێكخراوی ته‌ندروستی جیهانی بڕێكی سنووردار له ڤاكسینی دژی ئه‌و نه‌خۆشییه‌ی پاشه‌كه‌وت كردبوو كه 24 ملیۆن ژه‌م بوو.
تاكوو ئێستا 18 ملیۆن ژه‌م دراونه‌ته دانیشتووانی ئه‌فریقا و ته‌نیا شه‌ش ملیۆنی دیكه له‌به‌رده‌ستن. به‌رهه‌مهێنانی ڤاكسینی نوێ ساڵێكی ته‌واوی ده‌وێ، بۆیه پسپۆڕان بڕیاریانداوه له‌مه‌ودوا 20%ی ژه‌مێكی ئاسایی بده‌ن به‌و كه‌سانه‌ی پێویستیان پێیه، ئه‌ویش دوای ئه‌وه‌ی زانایان گوتیان ئه‌و بڕه كه‌مه ده‌توانێ بۆ ساڵێك به‌رگری له دژی نه‌خۆشییه‌كه بدات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ