WHO: رێژەی تووشبوون بە مەلاریا لە جیهاندا کەمبووەتەوە

22-09-2015
ئاشتی مستەفایی
رووداو
رووداو
نیشانەکردن مەلاریا
A+ A-

رووداو-AP 

بە گوێرەی دوایین ئاماری پزیشکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی، رێژەی تووشبوون بە مەلاریا کەمیکردووە و هەوڵەکان بۆ بنەبڕکردنی ئەو پەتا کوشندەیە بەردەوامە، تاوەکو ئێستاش توانراوە رێگە لە تووشبوونی 700 ملیۆن کەس بە مەلاریا بگیرێت.


لە 15 ساڵی رابردوودا بەهۆی رێگری لە توشبوون بە نەخۆشی مەلاریا ژیانی 6 ملیۆن و 200 هەزار کەس پارێزراوە.
 
لە ساڵی 2000ــەوە، هەوڵەکان بۆ رێگریکردن لە تووشبوون بە نەخۆشی مەلاریا بەردەوامە و بە پێی دوایین راپۆرتەکان کە لەلایەن ئاژانسە مرۆییەکان و لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی (دەبلیو ئێچ ئۆ) بڵاوبوونەتەوە رێژەی تووشبوون بە مەلاریا یەکجار کەمیکردووە و بەهۆی هەوڵەکانەوە ژیانی شەش ملیۆن و 200 هەزار کەس پارێزراوە کە زۆربەیان منداڵن.
 
دکتۆر پێدرۆ ،ئەلۆنسۆ، دکتۆر لە پرۆگرامی چارەسەری مەلاریا لە رێکخراوی تەندروستی جیهانی رایگەیاند" ئێمە راپۆرتمان بەدەست گەیشتووە کە لە کەیسەکانی توشبوون بە نەخۆشی مەلاریا لە 15 ساڵی رابردوودا رێژەی مردن بە رێژەی 37% دابەزیوە و رێژەی توشبوون بە مەلاریا لەناو هەموو چین و توێژەکاندا بەرێژەی 60% دابەزیوە ، لە ئەنجامدا وا خەمڵێنراوە شەش ملیۆن و 200 هەزار کەس لە 15 ساڵی رابردوودا ژیانیان پارێزراوە"
 
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە 13 وڵات کە لە ساڵی 2000  سەدان کەیسی توشبوون بە مەلاریای تێدا تۆمار کراوە، لە ساڵی 2014 ــەوە تەنانەت یەک کەیسیش تۆمار نەکراوە و لە کاتێکدا شەش وڵاتیش هەن کە کەمتر لە 10 تووشبوویان هەیە . 

بەڵام 80%ی ئەو کەیسانەی ماون لە ئەفریقایە کە 78%یان دەمرن ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هەژاریەی کە بەهۆیەوە منداڵانی ئەو وڵاتە تووش دەبن و یەکسەر گیان لەدەستدەدەن.
 
دکتۆر مارک یۆنگ، دکتۆری شارەزا لە رێکخراوی یونیسێف رایگەیاند " ئەم بابەتە چیرۆکی سەرکەوتنێکی مەزنە بەتایبەت ئەمە سەرکەوتنێکی مەزنە بۆ منداڵان ، ئێمە گوێمان لێبوو کە شەش ملیۆن و 200 هەزار ژیان پارێزراوە لە مەلاریا لە 15 ساڵی رابردوودا و زۆرینەی ئەوان دەتوانین بڵێین 6 ملیۆنیان منداڵ بوون و تەمەنیان لەژێر 5 ساڵانەوە بووە"
 
سەرەڕای ئەو گەشەسەندنە کە لە رێگریکردن لە تووشبوون بە مەلاریا کراوە ، هیشتاش ژمارەیەکی زۆر خەڵک هەن کە بەپێی ئەو راپۆرتانەی بڵاو بوونەتەوە ژیانیان مەترسیی لەسەرە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە