پێکوتەیەکی نوێ لە دژی سیل درووستدەکرێ

22-01-2018
سەروەر سالار
نیشانەکردن سیل
A+ A-


رووداو-سلێمانی

توێژەرانی ئەمریکا پێکوتەیەکی نوێیەن لە دژی سیل تاقیکردەوە کە دەڵێن لەوانەی پێشوو کاریگەرترە لە رێگری لە تووشبوون بە سیل.


توێژەرەکان، بە سەرۆکایەتی دکتۆر لویس پیکەر، لە زانکۆی زانست و تەندروستی ئۆریگۆنی ئەمریکا بوون و ئەنجامە بەدەستهاتووەکانیان لە جۆرناڵی زانستی (Nature Medicine) بڵاوکردووەتەوە.

د. لویس دەڵێ میکرۆبی سیل هەموو کاتێک مرۆڤ نەخۆش ناخات، بەڵام لە مەیموونی جۆری (ریسەس) هەموو کات دەبێتەهۆی نەخۆشی، بۆیە ڤاکسینەکەش سەرەتا لەسەر ئەو جۆرە مەیموونە تاقیکراوەتەوە.

پاش تاقیکردنەوەی، دەرکەوت ڤاکسینەکە لەو جۆرە مەیموونەدا لە 70%ی حاڵەتەکاندا ئەگەری تووشبوون کەمدەکاتەوە و لە 41% یاندا بە تەواوی لە تووشبوون دەیانپارێزێ. ئەوە لەکاتێکدایە ئەو ڤاکسینەی ئێستا هەیە و بە (BCG) ناسراوە، هیچ پارێزگارییەک لە دژی سیل درووستناکات لەو جۆرە مەیموونەدا.

توێژەرەکان دەڵێن هیچیەک لە پێكوتەکانی پێشوو هێندەی ئەوەی ئێستا کارا نەبوون لە رێگریی تووشبوون بە سیل.

بڕیارە ساڵی داهاتوو پێکوتە نوێیەکە لەسەر مرۆڤیش تاقیبکرێتەوە.

سیل نەخۆشییەکی گوازراوەیە و لەسەر ئاستی جیهان ساڵانە 10 ملیۆن کەس تووشی دەبن و 2 ملیۆن کەس بەهۆیەوە دەمرن، بەشیوەیەکی سەرەکی تووشی سییەکان دەبێ بەلام دوور نییە تووشی ئێسک، گورچیلە، مێشک و ئەندامانی دیکەی جەستە ببێ.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە