گرنگی بەکارهێنانی خووددە بۆ شۆفێرانی پاسکیل

23-08-2016
هونەر رێبوار
نیشانەکردن خووددە پاسکیل
A+ A-

رووداو – فۆکس نیوز

سەرباری چەندین رەخنەی جیاواز لە بارەی خوددە، بەڵام توێژینەوەیەکی نوێی ئەمریکی دەریخستووە بەکارهێنانی خووددە لەکاتی لێخوڕینی پاسکیل، مەترسیی تووشبوون بە برینداربوونی سەر لەکاتی رووداوەکان بەرێژەی 50% کەمدەکاتەوە.

توێژەران لە گۆڤاری نەشتەرگەری ئەمریکی رایدەگەیێنن ئەوانەی کە خوددەی پاراستن بەکاردەهێنن لەکاتی لێخوڕینی پاسکیل و ماتۆڕ، ئەوا کەمتر بەهۆی
رووداوەکانی هاتوچۆ ئێسکەکانی کاسەی سەریان دەشکێت و گیان لەدەستدەدەن، بە بەراورد بەوانەی کە بەکاریناهێنن.

د. جێری رۆس، پزیشكی نەشتەرگەری منداڵان لە نەخۆشخانەی رەینبۆوی منداڵان لە کلیڤلاند لە ئەمریکا دەڵێت "لەسەرکردنی خووددە وەک بەستنی قایشی سەلامەتی ئۆتۆمبێڵ وایە، رێگری لە رووداوەکان ناکات، بەڵام مەترسی برینداربوون کەمدەکاتەوە".


ئامارە نێودەوڵەتییەکانی کۆلێژی نەشتەرگەری ئەمریکی لە ساڵی 2012 کە تێیدا 6267 حاڵەتی خوێنبەربوونی مێشک لەدوای رووداوی پاسکیل تۆمارکراون، دەریدەخەن ئەوانەی خووددە بەکاردەهێنن ئەگەری 52% برینداربوونی خراپی کاسەی سەر زیاترە و مەترسی مردنیان 44% کەمترە، هەروەها ئەگەری برینداربوونی روخساریان بە رێژەی 31 کەمترە.

سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە روونیدەکاتەوە زۆربەی گەنجان خووددە بەکارناهێنن و ئەوانەی بەکاریدەهێنن زیاتر بەتەمەنەکانن، هەروەک نایشارێتەوە کە 75%ی ئەوانەی لە توێژینەوەکەدا بەشداربوون خووددەیان بەکارنەهێناوە.

نێوەندی کۆنتڕۆڵکردن و پێشگیریکردن لە ئەمریکا ئاشکرایدەکات ملیۆنان کەسی ئەمریکی پاسکیل لێدەخوڕن، بەڵام کەمتر لەنیوەی ئەوان خوددە بەکاردەهێنن.

بە گوێرەی ئامارەکانیش لە ساڵی 2013 لە ئەمریکا 900 حاڵەتی مردن و 494 هەزار حاڵەتی برینداربوون بەهۆی پاسکیلەوە سەردانی بەشی فریاکەوتنیان کردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە