زانیوتە دڵ لەلای راست بێت؟

23-09-2017
هونەر رێبوار
نیشانەکردن پزیشكی تۆ
A+ A-
 
رووداو- پزیشكی تۆ

بەشێوەیەکی ئاسایی دڵ لەلای چەپی سنگە، بەڵام لە هەندێک حاڵەتدا کە لە زمانی پزیشكیدا بە Dextrocardia ناودەبرێت، دڵ دەکەوێتە لای راستی دڵ.

حاڵەتەکە زۆربەی کات کوشندە نییە، بەڵام زۆرجار لەگەڵیدا چەندین دەرهاوێشتەی مەترسیدار هەن، وەک نەخۆشییە سکماکییەکانی دڵ و گرفتی ئەندامەکان لەنێو سک. کە شتێکی نائاساییە و زۆربەی کات لەگەڵیدا گرفتەکان هەن. 

دڵ لەلای راست چییە؟
دڵ لەلای راست نەخۆشییەکی سکماکییە و لەکاتی لەدایکبوون هەیە، کە دوو جۆری سەرەکی هەن، لە یەکێکیان تەنیا دڵ دەکەوێت لای راست، بەڵام لە جۆری دووەمدا دڵ و هەموو ئەندامەکانی نێو سک لە شوێنی خۆیان نیین و دەکەونە بەرامبەر شوێنی خۆیان. 

هۆکارەکانی دڵ لەلای راست؟
یەکێك لە هۆکارەکانی دڵ لەلای راست بۆماوەییە و پەیوەندی بە جینەکانەوە هەیە، لەو کاتەی منداڵ لەنێو رەحمی دایکیدایە، تووشی ئەم گرفتە دەبێت. بەگوێرەی کاتی دروستبوونی گرفتەکەش رەنگە دڵ و ئەندامەکانی دیکە لەگەڵی شوێنیان بگۆڕێت. 

لە جیهاندا وا دەخەمڵێندرێت لە هەر 12 هەزار کەس، یەکێکیان تووشی گرفتەکە دەبێت. 

نیشانەکانی حاڵەتەکە:
زۆربەی خەڵکی بە نەخۆشی سکماکی دڵ لەلای راست تەنانەت نەیانزانیوە کە نەخۆشییەکەیان هەیە، چونکە هیچ نیشانەیەکیان نییە، بەڵام زۆربەی کات پزیشکان لەکاتی پشکنینی رۆتین و گرتنی تیشك، حاڵەتەکە دەستنیشاندەکەن. 

بەڵام بڵاوترین و ئاسانترین رێگە بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکە ئەوەیە کە زۆرترین دەنگی لێدانەکانی دڵ بە بیستۆکی پزیشكی لەلای راستی دڵ هەست پێدەکرێت. 

بەڵام لە هەندێك حاڵەتدا بەتایبەت لە حاڵەتی سەختی گرفتەکەدا لە منداڵان، چەندین نەخۆشی دیکەی لەگەلدا هەن و پێویستی بە چارەسەری پزیشكی دەبێت. 

ئەو نیشانانەی کە پێویستیان بە سەردانکردنی پزیشك هەیە: 
- زۆر ماندوبوون و زوو ماندوبوون
- زیادنەبوونی کێش
- هەوکردنی درێژخایەن و بەردەوام
- هەناسەدانی بەزەحمەت
- زەردوویی
- شینهەڵگەڕانی پێست، بەتایبەت لە سەرە پەنجەکان.

دەرهاوێشتەکانی دڵ لەلای راست:
هەرچەندە لە زۆربەی حاڵەتدا ئەندامەکان کاری ئاسایی خۆیان دەکەن، بەڵام هەندێك جار گرفتی دیکە دروستدەکات، بۆ نموونە کەسێكی ئاسایی، ئازاری ریخۆڵە کوێرەی لەلای راست دەبێت، بەڵام ئەوان لەلای چەپی سکیان هەست بە ئازاری ریخۆڵەکوێرە دەکەن. هەروەها بەهۆی گۆڕان لە شوێنی ئاسایی ئەندامەکان، نەشتەرگەرییەکان زەحمەتتر دەبن. 

لە نیشانەکانی دیکە ئەمانەن: 
1- نەخۆشییەکانی کۆڵۆن، بەهۆی گیران و سووڕانی ریخۆڵەکان. 
2- گرفتەکانی هەناسە و هەوکردنی درێژخایەنی سییەکان. 
3- گرفتەکانی سوورێنچك
4- نەخۆشییەکانی کۆئەندامی سووڕان
5- سستبوونی دڵ و گرفتە پەیوەستەکانی
6- هەوکردنی خوێن و ژەهراویبوون. 

دەستنیشانکردنی دڵ لەلای راست
زۆربەی حاڵەتەکانی دڵ لەلای راست لەرێگەی تیشكی X یان ئەشیعە و هێڵکاری دڵ دەستنیشاندەکرێن، لەدواتریش بۆ دڵنیابوونەوە لە حاڵەتەکە، CT scan و MRI دەگیرێن. 

چارەسەری دڵ لەلای راست
زۆربەی خەڵکی کە دڵیان لەلای راستە هیچ نیشانەیەیان نییە و چارەسەریان پێویست نییە، بەڵام ئەو کۆرپانەی دڵیان لەلای راستە و نەخۆشی سکماکی دیکەی دڵیان هەیە، پێویستیان بە نەشتەرگەرییە، هەندێكجاریش تەنیا دەرمان دەتوانێت گرفتەکەیان چارەسەربکات. 

زۆرێك لەوانەی دڵیان لەلای راستە ماوەی ژیانیان ئاساییە، بەڵام هەندێكیان کەمتر دەژین و مەترسی مردنیان زیاترە، کە ئەمەش بەپێی جۆری حاڵەتەکە و هاوبەشی نەخۆشییەکانی دیکەی دەگۆرێت. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە