رووداو- پزیشكی تۆ
جەستەی کچان لەگەڵ گەشەکردن بە چەندین قۆناخی گۆڕانکاریدا تێدەپەڕێت و یەکێك لە قۆناخەکانیش گەورەبوونی مەمکیانە، ئەمەش کۆمەڵێك خانم پرسیاری لەبارەیەوە دەکەن و دەپرسن کە ئایا لەکاتی گەورەبوونی مەمک، ئازاری هەیە؟
مەمک لە شانەی چەوری، لوولەکانی خوێن و رژێنەکانی شیر پێکدێت، بەڵام زۆربەی خانمان لەکاتی شیردان مەمکیان گەورەدەبێت و گەورەبوونی ئاسایی مەمکی خانمانیش لە تەمەنی 8-13 ساڵان دەبێت.
بڵاوترین پرسیارەکان لەبارەی گەشەی مەمک:
گۆڕانکارییەکان لە جەستە ئاسایین و لە مەمکیشدا بە هەمان شێوە روودەدەن، لەگەڵ ئەم گۆڕانانەش کۆمەڵێک پرسیار دروستدەبن کە ئەمانە بڵاوترینیانن:
ئاساییە لەکاتی گەشە، مەمک ئازاری هەبێت؟
زۆربەی خانمان لەگەڵ گەورەبوونی مەمکیان هەست بە ئازار دەکەن و ئەمەس جیگەی گرنگیپێدان و شڵەژان نییە، مەمکەکان کاتێك لە قەبارە گەورەدەبن کە هۆڕمۆنەکانی ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن دەردەدرێن. کە وادەکەن شانەکانی مەمک گەشە بکەن و بەمەش پێستی دەورووبەری گرژدەبێت و یەکێکە لە هۆکارەکان بۆ ئازاری مەمک. هەروەها هۆڕمۆنەکان کە گەشەی مەمک زیاددەکەن هۆکارێكی دیکەن، چونکە رێژەی شلەکانی نێو مەمک دەگۆڕن و هەستیاری مەمک زیاددەکەن. هەر بۆیە لەکاتی سووڕی مانگانەش ئازاری مەمک دروستدەبێت.
بۆچی نیشانەی سوور لەسەر مەمک دەردەکەون؟
لەگەڵ زیادبوونی قەبارەی مەمک، پێست دەوروبەری گرژدەبێت و زیاددەبێت، هەندێكجاریش چینی ناوەوەی پێست بە خێرایی گەشە ناکات و دەپچرێت، بەمەش رەنگی سوور و پەڵەی دیکە دەردەکەون، بۆیە پێویست بە ترس ناکات لە زۆر حاڵەتدا، ئەوە جگە لەوەی کە چەندین دەرمان لە دەرمانخانەکان هەن و ئەو نیشانانە لەدەبەن و بەپێی کات خۆشیان کالدەبنەوە.
ئاسایی قەبارەی مەمکەکان جیاوازبێت؟
ئاساییە بۆ مەمکەکانی خانمێك کە بە دوو ریژەی جیاواز گەشەبکەن و دوو مەمکی قەبارە جیاوازی هەبن، هەرچەندە زۆربەی کەس هەست بەو جیاوازییە ناکات، بەڵام زۆرجار خانمانی گەنج هەست بە شڵەژان دەکەن کە شتێکی ئاساییە.
هەموو گرێیەک شێرپەنجەیە؟
ئەگەر هەستت بە گەرێیەک کرد لەوانەیە هیچ نەبێت، بەڵام پێویستە راوێژ بە پزیشك بکرێت، کاتێك مەمک گەشە دەکات، رەنگە گرێیەک لەژێر گۆی مەمک هەبێت، کە خاڵێکی ئاسایی کاتی گەشەی مەمکە. لە ئەنجامی گەشەی خێرای شانەکانی مەمک دروستدەبێت.
چۆنییەتی کەمکردنەوەی ئازاری مەمک
هەرچەندە ئازاری مەمک بەخێرایی کۆتایی دێت. بەڵام ئەگەر خێرایی ئازارەکە کەمینەکرد، ئەوا هەندێک چارەسەری هەیە، لەوانەش ئیبۆپڕۆفین و ئازارشکێنەکان بەشێوەی جێڵ.
قۆناخەکانی گەشەی مەمک
گەشەی مەمک بە پێنج قۆناخ تێدەپەڕێت کە لە لەدایکبوونەوە دەستپێدەکەن و تاوەکو باڵخبوون و کچی گەنج بەردەوام دەبن.
1- سەری گۆی مەمک لەکاتی لەدایکبوون بەرزدەبێتەوە و بەشەکانی دیکەی مەمک تەختن.
2- بەشی تەختی مەمک لەژێر هەریەکە لە گۆیەکانی مەمک بەرزدەبنەوە و گەشەدەکەن لەسەر سنگ، بەمەش دەوری مەمک کە رەنگێكی تۆخی هەیە فراوانتر دەبێت.
3- دواتر مەمکەکان گەورەتر دەبن و شانەکانی مەمک دروستدەبن.
4- دەوری گۆی مەمک و گۆی مەمک بەرزدەبنەوە.
5- مەمک خڕ دەبن و تەنیا گۆی مەمک بەرزدەبێتەوە. ئەمەش دوا قۆناخی گەشەی مەمکە.
مەمکەکان جگە لەم قۆناخانە گەورەدەبن و دەگۆڕێن و بەگویرەی تەمەن، هۆڕمۆنەکان، دووگیانی و شیردانی سروشتی، تەمەنی نائومێدی دەگۆڕێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ