یەکەم نەشتەرگەری چاندنی تەواوی چووک و گون ئەنجامدرا

24-04-2018
هونەر رێبوار
A+ A-

رووداو- afp

پزیشكانی زانکۆی جۆن هۆپکینز لە ئەمریکا رایانگەیاند یەکەم نەشتەرگەری چاندنی تەواوی چووک و گونیان ئەنجامداوە. 

پزیشكانی نەشتەرگەری زانکۆی جۆن هۆپکینز کە نەشتەرگەرییەکەیان ئەنجامداوە دەڵێن ئەمە یەکەم حاڵەتی چاندنی تەواوی چووک و گونە کە بۆ سەربازێك ئەنجامدراوە دوای ئەوەی لە ئەفغانستان برینداربووە. 

سەرۆکی تیمە پزیشکییەکەی کە نەشتەرگەرییەکەی ئەنجامداوە دەڵێ نەشتەرگەرییەکە 14 کاژێری خایاندووە و لەلایەن 9 پزیشكی نەشتەرگەری جوانکاری و دوو پزیشكی نەشتەرگەری میزەڕۆ ئەنجامدراوە. 

پرۆفیسۆر ئەندریۆ لیی، پسپۆڕی نەشتەرگەری جوانکاری و سەرۆکی بەشی جوانکاری لە زانکۆی جۆن هۆپکینز دەڵێ ئەوان دڵخۆشن بە نەشتەرگەری چاندنەکە، بەهیوان بە ئاسانترین شێوە توانای میزکردن و سێکسی پیاوەکە ئاسایی ببێتەوە. دەشڵێن بەنیازن هەفتەی داهاتوو نەخۆشەکە لە نەخۆشخانە دەربکەن. 

تەواوی چووک و پەردەی گون، بەشێكی سکی نەخۆشەکە لە کەسێكی بەخشەرەوە وەرگیراون. 


پزیشكان پێشتر نەشتەرگەری چاندنی تەنیا چووکیان بە سەرکەوتوویی ئەنجامداوە، بەڵام ئەمە یەکەمجارە چووک و گون بەتەواوی بچێندرێنەوە. 

بۆیەکەمجار پێشتر ساڵی 2006 لە چین یەکەم نەشتەرگەری چاندنی چووک ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی نائاسوودەیی نەخۆشەکە و خێزانەکەی، دووبارە لابرایەوە، لەدوای ئەمەش بۆیەکەمجار لە ساڵی 2015 لە باشووری ئەفریقا نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و پاش ئەویش لە ئەمریکا لە ساڵی 2016 نەشتەرگەرییەکی دیکە ئەنجامدرا.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە