لێبیریا.. چارەسەرکردنی نەخۆشی ئیبۆلا

25-02-2015
ئەحمەد عەبدوڵڵا
رووداو
رووداو
نیشانەکردن ئیبۆلا
A+ A-
رووداو-  هەولێر


لێبیریا کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە حاڵەتی ئاسایی خۆی، لە چوارچێوەی دۆزینەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشی ئیبۆلا .

بەڵام ئیلین جۆنسۆن سێرلیف، سەرۆکی لێبیریا دان بەوەدا دەنێت کە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە زۆر لەسەرخۆ بووە و دەشڵێت، جیهان لەبەرامبەر ئەو نەخۆشییە هێواش بووە.

نزیکەی 9 هەزار و 200  کەس بەهۆی ئەو نەخۆشیەوە بوونە قوربانی لە لێبیریا، غینیا و سیرالیۆن .

ئێستا دەستکەوتی گەورە لە چارەسەرکردنی ئیبۆلا وەدەستهاتووە، تەنها چەند حاڵەتێکی کەم لە لێبیریا ماوە. 

رۆژی هەینی حکوومەتی لێبیریا بڕیاری قەدەخەکردنی هاتووچۆی شەوانەی لابرد کە لە مانگی 9 ساڵی رابردوو بۆ رێگریکردن لەو نەخۆشییە دەریکردبوو.

لەگەڵ هۆشداریدانی بەرپرسانی کەرتی تەندرووستی وڵات، هاتووچۆکردن لە نێو شارەکاندا ئاسایی بووەتەوە و قوتابیانیش دوای 6 مانگ لە داخستنی قوتابخانەکان گەڕانەوە خوێندن. 

گۆڕانکاری گەورە وەدەستهاتووە لە چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە، بەڵام وەک سێرلیف دەڵێت، خۆپاراستن لە پێشینەی کارەکانە بۆ ئەوەی رەوشەکە هەر وا بە ئاسایی بمێنێتەوە .

بۆ رووبەڕووبوونەوەی نەخۆشی ئیبۆلا، یارمەتی دەرەکی هۆکارێکبوو بۆ چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە و ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاش ئامادەکاری دەکات بۆ گەڕاندنەوەی 2 هەزار و 800 کەس کە رەوانەی باشووری ئەفریقای کردبوون بۆ هاوکاریکردن لە کۆنترۆڵکردنی ئیبۆلا، کۆشکی سپیش رایگەیاند، پێشبینی دەکەن لە کۆتایی مانگی 4 ئەو وڵاتە جێبێڵن .

تا ئێستا نەتوانراوە نەخۆشی ئیبۆلا بەتەواوی بنبڕبکرێت، لە نەخۆشخانەیەکی ئەو وڵاتە هەشت کەس پشکنینیان بۆکراوە کە تووشی ئەو نەخۆشیە بوونەتەوە و ئێستا چارەسەر وەردەگرن.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە