رووداو-سلێمانی
توێژەرانی ئەمریکی بۆیان دەرکەوتووە پرایۆنی تووشکەری شێتیی مانگا لە مرۆڤەوە بۆ مرۆڤ لە رێگەی پێستیشەوە دەگوێزرێتەوە.
توێژەرەکان لە زانکۆی (کەیس وێستێرن ریزێرڤ) لە ویلایەتی ئۆهایۆی ئەمریکا بوون و رۆژنامەی دەیلی تەلەگرافی بەریتانی ئاماژەی بە دەرەنجامی توێژینەوەکەیان کردووە.
شێتی مانگا (لە زانستدا بە Bovine spongiform encephalopathy ناسراوە) لە وڵاتێکی وەک بەریتانیا ساڵانە 90 کەس دەکوژێ. لە رێگەی تەنی پرۆتینییەوە دەگویزرێتەوە کە بە (پرایۆن) ناسراون.
تاکو ئێستا وەها دەگوترا نەخۆشییەکە تەنیا لە رێگەی خواردنی گۆشتی مانگای تووشبوو بۆ مرۆڤ دەگوێزرێتەوە، یان بەرکەوتن لەگەڵ شانەکانی مێشک و هۆرمۆنەکانی کەسانی تووشبوو لەکاتی توێکاریکردنی تەرمی قوربانییانی نەخۆشییەکەدا.
بەڵام توێژینەوە نوێیەکە دەریخستووە ئەو (پرایۆن)ـانەی لەسەر پێستی کەسانی تووشبوو هەن و لە رێگەی بەرکەوتنەوە دەگەنە پێشت و دواتر سووڕی خوێنی کەسانی دیکە، رێگەیەکی دیکەی گواستنەوەی نەخۆشییەکەن.
کاتێک (پرایۆن)ـەکان دەگەنە جەستە، لە شانەکانی مێشکدا کەڵەکە دەبن و دەبنەهۆی داخوران و پەککەوتنی مێشک. لە کۆتاییدا دەبنەهۆی نەمانی یادەوەری، گۆرانی هەڵسوکەوت و گرفت درووستبوون لە بینایی و جووڵەدا.
90%ی ئەوانەی تووش دەبن، لە ماوەی ساڵێک لە پاش دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکەوە دەمرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ