ئاڤاتار بۆ چارەسەری شیزۆفرینیا بەکاردەهێنرێ

25-11-2017
سەروەر سالار
نیشانەکردن شیزۆفرینیا، دەروونی
A+ A-


رووداو-سلێمانی

چارەسەرێکی ئەزموونی بۆ کەسانی تووشبوو بە شیزۆفرینیا بەکاردەهێرێ و دەگوترێ بەسوودە، ئەویش بە رووبەڕووکردنیان لەگەڵ دەنگی ئاڤاتاری کۆمپیوتەریی ئەوتۆ کە هاوشێوەیە لەگەڵ ئەو دەنگە نائاساییانەی تووشبووی نەخۆشییەکە بە شێوەیەکی وەهمیی دەیانبیستێ.


ئەوانەی توێژینەوە نوێیەکەیان ئەنجامداوە، بۆ ماوەی 12 هەفتە بەراوردیان کردووە لەنێوان دوو جۆر لە چارەسەر: یەکەمیان گوێڕادێران بۆ روونکردنەوە و رێنماییەکانی توێژەر و پزیشکی دەروونی، دووەمیشیان گوێیان بۆ دەنگی ئاڤاتارە کۆمپیوتەرییەکان رادێراوە.

لە ئەنجامدا دەرکەوت ئەوانەی گوێیان بۆ ئاڤاتارەکان راگرتبوو، دۆخیان باشتر بوو، بەوەی کەمتر دەنگی وەهمییان دەبیست.

توێژەرەکان گوتوویانە ئەگەر توێژینەوەکانی داهاتووش هەمان ئەنجام بەدەستەوە بدەن، ئەوە چارەسەر بە ئەڤاتار دەبێتە رێگەچارەیەکی نوێ بۆ ملیۆنان تووشبووی شیزۆفرینیا کە دەنگیی وەهمی دەبیستن.

شیزۆفرینیا نەخۆشییەکی دەروونییە، تووشی 1%ی خەڵکی دەبێت لەسەر ئاستی جیهان. بڵاوترین نیشانەکانی بیرۆکەی وەهمی و هەستی وەهمییە، یەکێک لە هەستە وەهمییەکان بیستنی دەنگی ئەوتۆیە کە لە راستیدا لەو کات و شوێنەدا نین و تەنیا ئەو وا دەزانێ هەن.

هەندێکجار ئەو دەنگانە لە شێوەی هەڕەشە و جنێو و سوکایەتیدان، بۆیە کەسەکە تووشی دڵەڕاوکێ و ناسازیی دەروونیی دەبێ.

وردەکاریی توێژینەوەکە:


توێژینەوەکە، لەسەر 150 تووشبووی شیزۆفرینیا ئەنجامدراوە، کە ماوەی 20 ساڵ دەنگی وەهمییان بیستووە.

لەو تووشبووانە، 75کەسیان گفتوگۆی دەروونییان لەگەڵ کراوە و 75ی دیکە چارەسەر بە ئاڤاتار. هەردوو گرووپەکە دەرمانەکانی دژی نەخۆشیی دەروونییان وەکوو جاران وەردەگرت و بەردەوام بوون لەسەریان.

گرروپی چارەسەری بە ئاڤاتار، هەفتانە یەک جار ماوەی 50 خولەک بەشداری چارەسەرەکە بوون تاوەکوو شەش هەفتە. بەر لەوەی دەست بە چارەسەر بکەن، سەردانی کەسی شارەزایان دەکرد تاکو هەمان دەنگ و هەمان ئەو وشانەیان بۆ درووستبکاتەوە کە بەشیوەی وەهمی دەیبیستن.

پرۆفیسۆر تۆم کرەیگ، سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە، دەڵێ "چارەسەرە نوێیەکە بەشیوەیەکی سەرەتایی دەریخستووە چارەسەر بە ئاڤاتار بەشێوەیەکی بەرچاو بیستنی دەنگە وەهمییەکان کەمدەکاتەوە".

د. کرەیگ دەڵێ چارەسەرەکە لەم نەخۆشانەدا دەریخست بۆ شەش مانگ بە  کارایی دەمێنێتەوە "بەلام توێژینەوەی زۆرتر پیویستن بۆ باشکردنی شێوازی ئەنجامدانی ئەم رێگەچارە نوێیە، هەروەک دەبێ دەربکەوێ لە کەس و شوێنانی دیکەشدا هەمان کاریگەریی دڵخوازی هەیە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە