رووداو- سلێمانی
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی لە رێگەی لیژنەیەکی زانستییەوە خاسیەتەکانی نانی تەندروست دیاری دەکات و لە سەرەتای ساڵی داهاتووەوە هەموو نانەواخانە و سەموونخانەکان ناچار دەکات پابەندبن بەو پێوەرانەى لیژنەکە بۆیان دادەنێ.
پزیشکێکی خۆراکناس دەڵێ ئێستاش باشترە نانى خۆماڵى (تیرى و هەورامى) بخۆن نەک نانی بازاڕ.
بەپێی راپرسییەکی پەیجی (رووداوی تەندروستی) کە 675 کەس بەشدارییان تێدا کردووە، ئێستاش 55%ی خەڵکی لە کوردستان هەر خۆیان نان دروست دەکەن و تەنیا 45%ی خەڵک نان لە بازاڕ دەکڕن.
د.کامەران ژاژڵەیی، پزیشکی شارەزا لە خۆراکناسی بە (رووداو)ی گوت: "وا باشە ئارد زۆر نەبێژینەوە و سۆس و کەپەکەکەی لەگەڵ بمێنێ، چونکە زۆربەی ریشاڵە خۆراکییەکان و ڤیتامین و کانزاکان لە توێکڵی دانەوێڵەکەدان، نەک ناوە سپییەکەی، کەچی نانەواکان بۆ ئەوەی نانەکەیان سپی بێ، ئاردەکە بە وردترین هێڵەک دەبێژنەوە و هیچ سۆس و کەپەکی پێوە ناهێڵن".
پسپۆڕەکە هۆشداری دەدات کە ئاردی سفر، جگە لەوەی سۆسەکەی لێکراوەتەوە، بە پۆڵیشێکی تایبەت زۆرتر سپی دەکرێتەوە و ئێستا دەرکەوتووە ئەو پۆڵیشە ئەگەری تووشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
د.کامەران داوا دەکات ئەوانەی خۆیان نان دەکەن، بڕی خوێیەکەی کەم بکەنەوە "مرۆڤێک لە شەو و رۆژێک و لە هەموو ژەمەکانیدا تەنیا 3-4 گرام (1.5-2.3 گرام سۆدیۆم) خوێی پێویستە کە دەکاتە کەوچکەچایەک خوێ، خۆ ئەگەر نەخۆشی دێژخایەنی هەبێ، ئەوە دەبێ لەوە کەمتریش بخوات".
پسپۆڕەکە باوەڕ ناکات ئەوەی لە بەشێکی زۆر لە نانەواکان بەناوی نان و سەموونی جۆ دەفرۆشرێ، بەڕاستی بەرهەمی جۆ بێت "جۆ هێندە ناکشێ نانێکی وا گەورەی لێ دروستبکرێ، چونکە هەویری جۆ جیڕیی ئێجگار کەمە". هۆشداریش دەدات لەو چەورییەی بە سەموونەوە دەکرێت "چەورییەکە هەم سەرچاوەیەکی زیادەی وزەیە و هۆکارێکی قەڵەوییە، هەم زەیتی روونی تێدەکرێ کە هەرچەند رووەکییە، بەڵام هایدرۆجیناوییە و هۆکارێکی تووشبوونە بە نەخۆشییەکانی دڵ و بۆڕییەکانی خوێن".
دکتۆر کامەران دەڵێ گرنگ ئەوەیە ئاردەکە سۆس و کەپەکى لەگەڵ بێ و زیادەخۆری تێدا نەکرێ، دەنا لەڕووی هۆکاری قەڵەوبوونەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ نییە لەنێوان نانی گەنم و نانی جۆ "نانی گەنم 205 کالۆری وزە دەدات، نانی جۆ 200 کالۆری دەدات و جیاوازییەکە شتێکی ئەوتۆ نییە".
وازهێنان لە نانیش بە هەنگاوێکی زیرەکانە نابینێ بۆ دابەزاندنی کێش یان کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن، ئەگەر کەسەکە رۆشنبیرییەکی خۆراکیی باشی نەبێ "هەیە نان ناخوا و ساوەرێکی زیاتر دەخوات، لە کاتێکدا کوپێک ساوەر 300 کالۆری وزە دەدات! یان بە ماستەکەوە نان ناخوات، دوای کاژێرێک دووبارە برسی دەبێتەوە و خواردنی دیکە دەخوات کە رەنگە وزەکەی لە نانەکە زیاتر بێ".
رۆژانە چەند نان بخۆین؟
پێگەی زانستیی هێڵسلاین دەڵێ خانمێکی ئاسایی بۆ ئەوەی کێشی وەکوو خۆی بمێنێتەوە نابێ لە شەو و رۆژێکدا زیاتر لە 2000 کالۆری وزە لە خۆراکەوە وەربگرێ، بۆ ئەوەش کە بیەوێ هەفتانە 450 گرام کێشی داببەزێنێ، دەبێ رۆژانە 1500 کالۆری وزە لە خۆراکەوە وەربگرێ. پیاوێکی ئاسایی بۆ هێشتنەوەی کێشی وەک ئەوەی هەیە، دەتوانێ رۆژانە 2500 کالۆری وەربگرێ. بۆ ئەوەی هەفتانە 450 گرام کێشی داببەزێنێ دەبێ رۆژانە کەمی بکاتەوە بۆ 2000 کالۆری.
پسپۆڕێکی خۆراکناسیش روونیدەکاتەوە لەو بڕە کالۆرییە چۆن بڕی پێویستی نان دیاری بکەین. د.ئیسرا شا محەممەد، کە ماستەرى لە خۆراکناسی و شەکرە لە بەریتانیا وەرگرتووە، دەڵێ: "نان بەر لە هەموو شت دەبێ بۆر بێ و لەگەڵ کاربۆهێدراتەکانی دیکە بە یەک پاکێج تەماشا بکرێ. وا باشە 40- 60ی وزەی رۆژانە لە کاربۆهێدراتەکانەوە بێ، 20-30% لە چەورییەکان و 10- 30%یش لە پڕۆتینەکانەوە".
وەک پزیشکە پسپۆڕەکە روونیدەکاتەوە "کەسێکی پێگەیشتووی تەندروست بۆی هەیە رۆژانە 6-6 پشک کاربۆهێدرات بخوات، نانێکی بۆر بە قەبارەی سیدییەک یەک پشکە، دوو کەوچک برنج پشکێکە، سێ کەوچک مەعکەرۆنی پشکێکە، سێ کەوچک شۆڤان پشکێکە و ئیدی بەو جۆرە".
تەندروستی سلێمانی خاسیەتەکانی نان جێگیر دەکات
بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی دەڵێ بۆیان دەرکەوتووە ئەو نانەی نانەواخانەکان بەرهەمی دەهێنن، تەندروست نییە و هەندێکیشیان فێڵ دەکەن.
لەشکر حەمید، سەرۆکی لێژنەی تەندروستی و خۆراک لە بەشی پشکنین و بەدواداچوونی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی سلێمانی بە (رووداو)ی گوت: "چوار نانەوامان داخستوون کە قاوەیان کردووەتە هەویری ئاردی گەنم بۆ ئەوەی سەموون و نانەکەیان بۆر بێ و بە نرخی سەموون و نانی جۆ بیفرۆشن".
لێژنەکەی لەشکر بۆیان دەرکەوتووە هەر نانێکی نانەواخانەکانی سلێمانی چوار گرام خوێی تێدایە، ئەوەش ئەو بڕەیە کە خۆراکناسان دیارییان کردووە بۆ مرۆڤێک لە هەموو ژەمەکانیدا. لەشکر حەمید گوتى "لە سەرەتای ساڵەوە دەبێ نانێک زیاتر لە دوو گرام خوێی تێدا نەبێ، بەپێچەوانەوە خاوەنى نانەواخانەکە سزا دەدرێ".
لە سەرەتا ساڵى داهاتووەوە قەدەغەیە نانەواخانەکان سۆدە بکەنە هەویرەکانیانەوە. لەشکر حەمید دەڵێت: "سۆدە بڕێکی بەرچاو لە توخمی سۆدیۆمی تێدایە کە پێکهاتەیەکی سەرەکی خوێی چێشتە، بۆیە لە سەرەتای ساڵەوە قەدەغەیە نانەواکان سۆدە بکەنە هەویرەوە، بە پێچەوانەوە سزا دەدرێن". لەشکر دەڵێ ئەوان لە قەدەغەکردنی سۆدەدا درەنگ کەوتوون و ئێستا لە وڵاتێکی وەک ئێران هەر نانەوایەک سۆدە بکاتە هەویرەکەی 6- 9 مانگ زیندانی دەکرێ!
بەڕێوەبەرایەتییەکە هەروەها ئاش و نانەواخانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە نابێ ئارد بە وردی ببێژنەوە و پێویستە ئەو نانەی دەکرێت بە نان بڕێکی باش سۆس و کەپەکی لەگەڵ بێ "جگە لەوە، دەبێ خۆراکە سوودبەخشەکانی وەک ناوکە گوڵەبەڕۆژە، کەتان و شمڵیش بکەنە ناو ئاردەکە یان لە نانەکانی بدەن".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ