قۆڵۆن "COLON" کە بە کوردی ریخۆڵە ئەستورەشی پێدەگوترێت، بەشێكە لە کۆئەندامی هەرس و وەک هەر ئەندامێکی دیکەی جەستە تووشی نەخۆشی سکماکی، هەوکردن و شێرپەنجەش دەبێت.
ئایا قۆڵۆن نەخۆشییە؟
قۆڵۆن کە ناوی ئەندامەکەیە و گرفتەکە بە گرژبوونی کۆڵۆن "قۆڵۆن" ناودەبرێت، یەکێكە لە گرفتە هەرە باوەکانی ریخۆڵە ئەستورە، حاڵەتێك لەنێوان تەندروست و نەخۆشییدایە، کەسی تووشبوو ساخ نییە، بەڵام نەخۆشیش نییە.
ئەم گرفتە کە بە ئینگلیزی Irritable bowel syndromeی پێدەگوترێت، مانا زانستییەکەی گرژبوون یان سەرلێشێواوی کۆڵۆنە و دەتواندرێت کۆڵنجی کۆڵۆنیشی پێبگوترێت.
گرژبوون یان سەرلێشێواوی کۆڵۆن حاڵەتی تێكچوونی هاوسەنگی گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە ئەستوورەیە، کاتێك ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە ئەستورە زیاد لە پێویست گرژدەبن، کەسەکە هەست بە سکئێشەیەکی توند دەکات، سکی دەئاوسێت و دووچاری سکچوون دەبێت. بەڵام بەپێچەوانەوە کاتێك ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە ئەستوورە زیاد لە پێویست خاودەبنەوە، ئەوا نەخۆش پیساییەکەی توند دەبێت و تووشی قەبزی دەبێت.
رێژەی تووشبووان چەندە؟
کۆڵۆن حاڵەتێكی زۆر باوە، بە جۆرێك لە ئەمریکا %20ی خەڵکی تووشی ئەم حاڵەتە دەبن. بڵاوی گرفتەکە لەنێو چینێكی کۆمەڵگا بۆ یەکێكی دیکە جیاوازە، بەجۆرێک گەنجان زیاتر تووشدەبن، هەروەها لەنێو خانمان دووهێندەی پیاوان بڵاوە، هەروەک ئەوانەی گرفتی دەروونیان هەیە زۆرتر تووشی دەبن، ئەوە جگە لەوەی بۆماوەییش رۆڵی هەیە لەم گرفتەدا.
نیشانەکانی تووشبوون
- ژانە سک: ژانە سکەکەی تووشبوو زۆر توند نییە، کە لە بەشی خوارەوەی لای راست و چەپی سکە و ماوەیەکی درێژ دەخایەنێت.
- گازی گەدە: نەخۆش هەست بە هەڵاوسانی سک دەکات و چەند جارێکیش بۆ ئەم حاڵەتە سەردانی پزیشك دەکات، هەروەها زۆرجار ئارەزووی خواردنی نامێنێت.
- سکچوون یان قەبزی: بەپێی گرژبوون و خاوبوونەوەی ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە، تووشبوو تووشی سکچوون یان قەبزی دەبێت.
- لاوازی: هەندێك کەس بە تایبەت ئەوانەی بۆماوەی درێژخایەن دووچاری ئەم حاڵەتە دەبن، ئەوان هەست بە لاوازی و بێهێزی دەکات.
- دەردانی لینجییەک لەگەڵ پاشەڕۆی مرۆڤ.
ئەو نیشانانەنی هێمای سوور و مەترسیدارن:
لە نیشانە مەترسیدارەکانی کۆئەندامی هەرس کە پزیشک گومانی بۆ دروستدەبێت تاکو بیر لە نەخۆشییە ئۆرگانییە مەترسیدارەکان بکاتەوە، بریتین لە هەبوونی خوێن لەنێوە پاشەڕۆی مرۆڤ، دابەزینی کێشێکی چاوەڕواننەکراو بەبێ رێجیم و وەرزش، سکئێشە لە شەودا.
هۆکارەکانی گرژبوونی کۆڵۆن
تاکو ئێستا هۆکاری سەرەکی کۆڵۆن دیارنییە، بەڵام کۆمەڵێک فاکتەر لەم حاڵەتە رۆڵ دەبینن و گرفتەکە زیاددەکەن، لەوانەش:
1- خۆراک
هەندێک خۆراک کە گازەکانی گەدە زیاددەکەن، مەترسی ئەو گرفتە زیاتر دەکەن، بەتایبەت ئەو خۆراکانەی بە زەحمەت هەرسدەبن، وەک پاقلەمەنیەکان، هەروەها ئەوانەی زۆر شیر دەخۆنەوە هەندێك جار تووشدەبن.
2- دەروونی
دەروونی ناجێگیر هۆکارێكی دیکەی ئەم حاڵەتەیە، کاتێك کەسێك لە دڵەڕاوکێدایە، هەموو ئەندامەکانی لە کارکردنی زۆردان و ریخۆڵە ئەستوورەش زیاد لە پێویست چالاکدەبێت، و ماسولکەکانی دیواری ریخۆڵە گرژدەبن و کەسەکە تووشی سکچوون و سکئێشە دەبێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کاتێك کەسێك تووشی ماتەمینی و خەمۆکی دەبێت، ئەوا ماسولکەکانی ریخۆڵەش دووچاری سستی دەبن و کەسەکە تووشی قەبزی دەبێت.
3- ناهاوسەنگی هۆڕمۆنەکان
ئەم حاڵەتە بە تایبەت لەکاتی سوڕی مانگانەی خانمان بە ئاسانی دەردەکەوێت، کە تووشی گرژبوونی قۆڵۆن دەبن.
ئایا گرژبوونی کۆڵۆن مەترسیدارە؟
گرژبوونی کۆڵۆن حاڵەتێکە لەنێوان تەندروستی و ناتەندروستیدایە، ئەمە بە نەخۆشی داناندرێت و حاڵەتێکی مەترسیدار نییە، بەڵام ناکرێت پزیشك پێش پشکنین بڕیاربدات کە کەسەکە دووچاری گرژبوونی کۆڵۆن بووە، بۆیە پێویستە سەرەتا پشکنینی دەستی "فیزیکی" و کلینیکی بکرێن و هەندێكجاریش بۆ دەستنیشانکردن پشکنینی تاقیگەیی و هەناوبینی "نازور" پێویستن، تاکو پزیشك دڵنیابێتەوە لەوەی کەسەکە تووشی نەخۆشییەکی مەترسیدار نەبووە.
چارەسەری گرژبوونی کۆڵۆن چییە؟
لەبەرئەوەی تاکو ئێستا هۆکارەکانی نەخۆشییەکە روون نین، بۆیە چارەسەر بەندە لەسەر لابردنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە، لە هەندێک حاڵەتیش تەنیا کۆنتڕۆڵکردنی خۆراک و لابردنی گوشاری دەروونی چارەسەری حاڵەتەکە دەکەن. لە باوترین چارەسەرەکان بریتین لە:
1- خۆراک
وازهێنان لەو خۆراکانەی کە گازەکانی گەدە دروستدەکەن بە تایبەت پاقلەمەنییەکان. هەروەها رووکردنە ئەو خۆراکانەی کە ریشاڵەکانیان زۆر تێدایە وەک سەوزەکان و خواردنەی زۆرتری ئاوم کە قەبزی ناهێڵن.
2- دەروونی
ئەو کەسانەی کە تووشی دڵەڕاوکێ، خەمۆکی و باری دەروونی ناجێگیردەبن، پێویستە سەردانی پزیشكی دەروونی بکەن.
3- دەرمان
کە بەشێكیان بۆ نەهێشتنی قەبزی، سکچوون و سکئێشە بەکاردێن و هەندێکی دیکەیان وەک تەواوکەری خۆراکی ریشاڵی دەخورێن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ