رووداو- پزیشكی تۆ
شكانی چووک تەنیا ئەفسانە نییە، بەڵکو بەڕاستی چووکی مرۆڤ دەشکێت، بەڵام لەبەرئەوەی کە هیچ ئێسکێک لە چووکدا نییە، شكانەکەی وەک شکانی ئێسکی ران و قۆڵ نییە.
شکانی چووک کاتێکە کە لەکاتی رەپبوونیدا، چووک بەر هێزێكی دژ دەکەوێت و بە شكانی چووک ناودەبرێت.
چووک لە چی پێکدێت، ئایا چووک ئێسکی تێدایە؟
چووک لە سێ بۆڕی لوولەیی پێکهاتووە، دوویان وەک باڵۆن وان، کاتێك پڕ دەبن لە خوێن، چووک رەپ و رەق دەبێت. بە پێستێكی تایبەت دەورەدراون، کە هەم لە درێژیدا و هەمیش لە پانیدا لەکاتی رەپبوونی چووک زیاددەکات و دەکشێت.
ئەوەی دەمێنێتەوە بۆڕییەکی بچووکترە و لەژێر چووکە، کە بۆڕی میزە و میزی پێدەکرێت.
بۆیە دەتوانین بڵێین چووک هیچ ئێسکێكی تێدا نییە.
چووک چۆن دەشكێت؟
د. جاکۆب راجفەر، پڕۆفیسۆری میزەڕۆ لە زانکۆی کالیفۆڕنیا دەڵێت لەکاتی هاتنەجۆش و هەوەسبزواندن، خوێن دەچێتە دوو بۆڕییە باڵۆنییە گەورەکان و پەستان دروستدەبێت، کە ئەمەش وا دەکات چوک رەق و توند بێت، کە بە زەحمەت دەنوشتێتەوە، بۆیە کاتێك زەبرێكی بەردەکەوێت، بۆ نموونە کاتێك بە هێزێكی زۆر دەکەوێت سەر حەوزی ئافرەت لەکاتی سێكس، دەبێتەهۆی هێزێكی دەرەکی زۆر و ئەو شانانەی دەورەی چووکیان داوە، ناتوانن بەرگەی زەبرەکە بگرن، بۆیە لەو کاتەدا چووک دەشكێت.
د. جاکۆب راجفەر روونیدەکاتەوە شکانی چووک تەنیا لەکاتی رەپبوونی چووکدا روودەدات، کاتێك چووک دەنیشێتەوە، پەستانی نێو چووک کەمە و بە ئاسانی دەتوانێت بچەمێتەوە و بەرگەی هێزە دەرەکییەکان دەگرێت.
نیشانەکانی شکانی چووک
پڕۆفیسۆرە ئەمریکییەکە ئاشکرایدەکات ئەگەر تۆ چووکی خۆتت شکاند، ئەوا زوو هەستی پێدەکەی، ئاشکراترین نیشانەشی دەنگی شکانە کە هەستی پێدەکرێت و بەهۆی برینداربوون و پسانی شانەکانەوەیە.
یەکێکی دیکە لە نیشانەکانی بریتییە لە نەمانی رەپبوون، هەروەک ئەوەی کە دەرزییەک بە باڵۆنێكی پڕ هەوادا بکەیت، کە چۆن دەفیچێتەوە، دواتر چووک ئەستووردەبێت، رەش و شین دەبێتەوە و ئازارێکی زۆری دەبێت.
ئەگەر شکانەکە بۆڕی میزی گرتبێتەوە، ئەوا بە دڵنیایی هەست بە بوونی خوێن دەکەی لەکاتی میزکردن.
چی بکەین لەکاتی شکانی چووک؟
د. جاکۆب راجفەر روونیدەکاتەوە کە شكانی چووک حاڵەتێكی شەرمهێن و بێزارکەرە، بەڵام پێویستە زوو سەردانی بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە بکەی.
دەستنیشانکردنی شكانی چووک لەرێگەی پشکنینی دەستی، وێنەگرتنی تیشكی بۆڕی میز یان بەهۆی MRI دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ