بەرگەگرتنی گەرما لە بێ کارەباییدا ئاسان نییە، بەڵام دەتوانرێ بە باوەشێن تینی کەمبکرێتەوە. دواکەوتنی مووچەش بۆ هەندێک وەکو دەستخستنە قورقوڕاگەیان وایە، بەڵام هێشتا هەر شایانی بەرگەگرتنە، ئەگەر بەنزینیش نەبوو خەڵکی دەتوانن بە پێ یان بە پاس هاتوچۆ بکەن، بەڵام ئەوەی خەڵکی ناتوانن بەرگەی بگرن ئازار و نەخۆشیین لە هەژارییدا.
خزمەتگوزارییەکان لە نەخۆشخانەکان هێشتا بەردەوامن، بەڵام بەرەو کەمی دەچن، هەندێک ئامێری گرنگی نەشتەرگەری هەن، یەک دانەیان بەردەستە لە نەخۆشخانەیەکدا، ئەگەر لەکار بکەوێ، جۆرێکی گرنگی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەی شارێکدا پەکیدەکەوێت، لە بۆردەکەی ناوەوەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی، کە تاوەکو ئێستاش باشترین نەخۆشخانەی فریاکەوتنە لە کوردستان و عێراقدا، نووسراوە "تکایە لەجێگەی ئەمپولی پاراسیتامۆڵ، حەپەکەی بنوسن"، کاتێکیش حەپەکە وەردەگریت، لەجێی 20 دەنک 5 دەنکت دەدەنێ.
ئەگەر چارەسەری ئازارەکان تەنیا بە حەپ کرابووایە، ئەمپول دروستنەدەکرا. پاراسیتامۆڵ یەکێکە لە باشترین و سەلامەتترین جۆری دەرمانە ئازارشکێنەکان، جگە لە شکاندنی ئازار، لە هەمانکاتدا پلەی گەرمی لەشیش دادەبەزێنێت، بەڵام بۆ کەسێک نەشتەرگەریی بۆ کراوە یان لەهۆش خۆی چووە، یان برینی گەدەی هەیە، ناتوانرێ بەشێوەی حەپی پێیبدرێت، بەڵکو دەبێ لەڕێگەی ئەمپولەوە، واتا دەرزییەوە، بیدرێتێ.
جیاکردنەوەی کەرتی تایبەت و گشتی بە حکومەتێکی بەهێز دەکرێت. بەمەی ئێستا ناکرێت کە بەردبارانی بکەی نقەی لێوەنایەت. وەزارەتی تەندروستی چەندینساڵە بە هەموو هێز و توانای خۆیەوە چاری مەلا عەلی کەڵەک ناکات، ناتوانێ ئەو شوێنەی پێدابخات کە خۆی ناوی لێناوە نەخۆشخانە. ناتوانێ چەند ددانسازێک چارە بکات، دەرمانخانە نایاساییەکانی پێدانەخرا و بەناچاری کردنی بە یاسایی، ئیتر چۆن دەتوانێ کەرتی تایبەت و گشتی لەیەک جیابکاتەوە؟
چۆلەکەیەک لە مشتا باشترە لە چەندین چۆلەکە بە دارەوە. ئێستا کەرتی گشتی لەمشتایە و نابێ بهێڵدرێ خزمەتگوزاری لە نەخۆشخانەکان پەکیانبکەوێت یان کەمببنەوە. باری دارایی خەڵک خراپە. ژمارەی هەژاران و نەداران روو لەزیادبوونە. ئەوانەی کاریان هەبوو پەیتا پەیتا کارەکانیان لەدەستدەدەن. بێکارەکانیش هەر خەریکی بێکارین. مووچە 3 مانگ دواکەوتووە و خەڵکە گشتییەکە گیرفانیان بەتاڵ بەتاڵە.
دەسەڵاتداران و سیاسییەکان و پەرلەمانتاران، نەک هەر ئاگایان لە تەندروستیی خەڵک نەماوە، بەڵکو لەتاو کێشمەکێشی سیاسی رەنگە بیری تەندروستی خۆشیان نەمابێت. نۆرەی نەشتەرگەری لە نەخۆشخانەکان مانگ و ساڵی تێپەڕاندووە. چاودێری لەسەر نەخۆشخانە راوێژکارییەکانی ئێواران کەمبووەتەوە. هەندێک دۆخەکەیان قۆستووەتەوە و بە نرخێک کە خۆیان بیانەوێت کاردەکەن.
خەڵک پارەیان پێ نییە و لەبەر گیرفانبەتاڵی بەرگەی ئازارەکانیان دەگرن. لەجێی نەخۆشخانە تایبەتە قۆڵبڕەکان، سەرەی دوورودرێژی نەخۆشخانە گشتییە حکومییەکان هەڵدەبژێرن. ئیتر با ئەو هەموو عەرەبەش بوەستێت کە باری سەرشانی خەڵکییان گرانکردووە و نەخۆشخانەکانیان بەتەواوی قەرەباڵخ کردووە. ئەوان توانای رازیکردنی ستافی نەخۆشخانەکانیان زۆر لە کوردەکانی لای خۆمان زیاترە. هەروەها نووزە درێژن. راستە ئەوان ئاوارە و لێقەوماون و شایانی هاوکارین، بەڵام بەئاشکرا دیارە دەتوانن مافی خەڵکە هەژارە کوردەکە بۆخۆیان ببەن.
باشترین کاری وەزیری تەندروستی لەمکاتەدا پێداچوونەوەیە بە خزمەتی نەخۆشخانەکاندا و دروستکردنی فشارە لەسەر حکومەت بۆ پچڕینی زۆرترین پارە لە وەزارەتەکانی دیکەوە بۆ کڕینی دەرمان و پێداویستیی پزیشکی بۆ نەخۆشخانەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ